11/4/2019 09:30 AM

ئایا هێدفۆنه‌ بلوتوسییه‌كان مه‌ترسیدارن؟

ساڵی ٢٠١٥، ٢٤٧ زانا له‌ ٤٢ وڵاته‌وه‌ نیگه‌رانی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسی به‌ركه‌وتنی مه‌یدانی ئه‌له‌كترۆموگناتیسی نیشاندا، كه‌ له‌لایه‌ن ئامێره‌ بێته‌له‌كانه‌وه‌ ئه‌م مه‌یدانه‌ دروستده‌بێت. زانایان هۆشدارییان دا كه‌ به‌ركه‌وتنی درێژماوه‌ی ئه‌م مه‌یدانه‌ ده‌بێته‌ هۆی مه‌ترسی نه‌خۆشییه‌كانی وه‌ك شێرپه‌نجه‌، زیانی جه‌نه‌تیكی، نه‌خۆشی ده‌ماری، فێربوون و یاده‌وه‌ری و كێشه‌ی زاوزێ.

داواكاری ئه‌م زانایانه‌، ڕووی له‌ ڕێكخراوه‌ی ته‌ندروستی جیهانی بوو كه‌ ده‌بێت ڕێنمایی تایبه‌ت له‌سه‌ر به‌ركه‌وتنی مه‌یدانی ئه‌له‌كترۆموگناتیسی بڵاوبكه‌نه‌وه‌ تاوه‌كو به‌كارهێنه‌رانی ئامێره‌ بێته‌له‌كان پارێزراو بن. وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌ توێژه‌نه‌وه‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م مه‌یدانه‌ له‌سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ هه‌یه‌، ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌م توێژینه‌وانه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ به‌كارهێنانی بلوتوس و وایه‌رلێسی مۆبایله‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌. تائێستا توێژینه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌سه‌ر مه‌ترسی هێدفۆنه‌ بلوتوسییه‌كان نییه‌ كه‌ پێمان بڵێت ئه‌م شته‌ مه‌ترسیداره‌ یان نا.

ڕاده‌ی تیشكدانه‌وه‌ی بلوتوسی هێدفۆنه‌كان زۆر كه‌متره‌ له‌هی مۆبایله‌كان. به‌ڵام تیشكدانه‌وه‌ تاكه‌ هۆكاری مه‌ترسیداربوون نییه‌ به‌ڵكو ڕێژه‌ی وه‌رگرتنی ئه‌م فرێكانسانه‌ له‌لایه‌ن له‌شی مرۆڤه‌وه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ ئه‌م مه‌یدانه‌ ئه‌له‌كترۆموگناتیسییانه‌ چه‌نده‌ مه‌ترسیدارن. وێڕای كه‌مبوونی ڕاده‌ی تیشكدانه‌وه‌ی هێدفۆنه‌ بلوتوسییه‌كان، به‌كارهێنانی درێژماوه‌ی ئه‌م ئامێرانه‌ مایه‌ی نیگه‌رانی پسپۆڕانی بواری ته‌ندروستییه‌.

خاك – سه‌مه‌د كورده‌



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved