11/4/2019 06:25 PM

مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی .. مێژوو بیرەوەری


لەبەرفراوانی ناوچەکە  سلێمانی بۆتە پایتەختی بابان و لەسەردەستی ئیبراهیم پاشای بابان لەساڵی١٧٨٤دروستکراوە دوای ١٣ ساڵ ئاوەدان بوونەوەی ئەم شارە و چەندین خزمەتگوزاری یەکێک دامەزراوە گرنگەکان دروستکردنی مزگەوتی گەورەبووە.
ئەم مزگەوتە بۆتە بەشێک لەشاری سلێمانی ، فراوانی ئەم مزگەوتە ٧٠٠٠م ،یەکەم زاناو مامۆستای ئەم مزگەوتە (شێخ مارفی نۆدێ) بووە ، خاوەنی زیاتر لە ٥٠ دەستنوسی خۆیەتی،کاتێک دەسەڵاتدارانی ئەوسای شاری سلێمانی دەستنوس و کارەکانی شێخ مارفی نۆدێ دەبینن دەنێرن بە شوێنیدا و داوای لێ دەکەن ببێتە بەرپرسی قوتابخانەی (غەزایی) و پاش دەست بەکاربوون قوتابخانەکە دەگوازرێتەوە بۆ ناو مزگەوتەکە بەمەش شێخ مارفی نۆدێ وەک یەکەن زاناومامۆستای کورد دەبێتە بەرپرسی ئەم قوتابخانەیە کە ٢٥٠ قوتابی لەم قوتابخانەیەدا فێری خوێندن دەکات ، کەیەکێک لە قوتابییەکانی ( کاک ئەحمەدی شێخ )ه.
کاک ئەحمەدی شێخ دوای وەفاتی باوکی ئەو قوتابخانەیە دەگرێتە دەست و دوای ئەویش حاجی سەید حەسەن ، سەید عەبدوڵلا، مەلاماجید ، مەراسیم و بۆنە ئاینییەکان درێژە پێ دەدرێت
مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی مەرکەزی کۆبونەوەکان بووە کە مەلاو ڕیش سپییەکان بەڕێوەیان بردووە،لەچەند بەشێک پێکهاتووە ئەو ژورەی کاک ئەحمەدی شێخ کەدوای وەفاتی هەر لەوژوورەی خۆیدا نێژراوە ، دواتر بوەتە تەکیە کە تەریقەتی قادری تێدابووە ئەم تەریقەتە دەگەڕێتەوە بۆکاک ئەحمەدی شێخ  و دواتردراوەتە دەست خەلیفەکانی( شێخ حەسەنی قادرکەرەم،شێخ عەبدولکەریم گاپیلۆنی ).
ئەحمەدی شێخ و بۆ ڕێزگرتن لە حافز و قورئان خوێنەکان کەشاربەشار و دێهات بە دێهات دەگەڕان بۆ قورئان خوێندن و فێربوون ، هەموویانی لە مزگەوتی گەورەدا کۆکردەوە و خواردنی جۆراوجۆری پێشکەش دەکردن، تاساڵی ١٩٥٣خواردن دروستکردن و پێشکەشکردنی لەم مزگەوتەدا پەیڕەوکردووە،پاشان لەساڵی ١٩٩٨ لەگەڵ بەدەستبەکاربونی (شێخ سالار حەفید) جارێکی تر تەکیەکە کراوەتەوە و خواردن پێشکەشی نوێژ خوێنان و هەرکەسێک چوبێتە ئەم مزگەوتە کراوە هەتا ئێستا بەردەوامە ، هەموو ڕۆژێکی هەفتە خواردنی نیوەڕوان لەسەر دەستی ستافێکی کورد دروست دەکرێت هەرلە هەفتەکەدا دووڕۆژ گۆشتی ئاژەڵ یان پەلەوەر ئامادەدەکرێت
ئەم خواردنانە بەشێکی لەلایەن کاربەدەستانی ئەم مزگەوتەوبەشەکەی تریشی لەلایەن خێرخوازانەوە دەهێنرێتە مزگەوتەکە ، پاش سەرپەرشتی کردنی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە ڕۆژانە کەرەستە خۆراکییەکان ئامادەدەکرێت بۆزیاتر لە ١٥٠٠ کەس دابەشکردنی ئەم خواردنانە بۆ دوو قۆناغ جیادەکرێتەوە ، ئەوکەسانەی بەمەستی نوێژ و ئەرکەئاینییەکان دەچنە ئەم مزگەوتە لەگەڵ ئەوکەسانەی کە هەژارن و بەهەر هۆکارێک ڕوولەم مزگەوتە دەکەن .
هەرلە مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانیدا،کتێبخانەی تایبەتی تێدابووە کە کتێبەکان لەسەردەمی شێخ مەحموودەوە کۆکراونەتەوە کە دەستنووس و چەندین کتێبی بەنرخ بۆ خوێندن و سود بینینی حافز و کەسانی دیکە ، بەڵام لە ئێستەدا کتێبەکان لەبەر زۆری و نەبوونی جێیەکی فراوان براونەتە کتێبخانەی ئەوقاف و بەشێک لە کتێبەکان وەک ڕەمزی لە ژوورێکی تایبەتی ئەم مزگەوتەدا هەیە.
ئەم مزگەوتە لەساڵی ١٩٦٤ نۆژەنکراوەتەوە لەلایەن حکومەتی ئەوساو وەزارەتی ئەوقافەوە بەڵام لەبەر فراوانی و سەردانکارانی ئەم مزگەوتە لەسەر پێشنیاری ( شێخ سالار حەفید) داوا لە هەڤاڵی تێکۆشەر ( مام جەلال) دەکرێت کە جارێکی دیکە ئەم مزگەوتە و دەربەندی بازیان ، خانوەکەی شێخ مەحموود لەداری کەلی ، بەرزنجە نۆژەنبکرێتەوە، هەڤاڵ مام جەلالیش بەڵێن دەدات و دوای ڕاپەڕین لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٤ – ١٩٩٥ نۆژەندەکرێتەوە ، دوای بوون بەسەرۆک کۆماریش هەوڵ و خزمەتەکانی بۆئەم مزگەوتە بەردەوام دەبێت هەربۆیە جارێکی تر لە کردنەوەی قوبەی ئەم مزگەوتەدا تەشریف دەبات و دواجار بەداخ و کەسەرەوە تەرمی پیرۆز و دواماڵئاوایی هەرلەم مزگەوتەدا دەبێت و ئێستاش مامۆستایان و نوێژخوێنانی ئەم مزگەوتە لە ئەمەکی هەڤاڵ مام جەلال و خەمخۆری و دڵسۆزی دووپاتی دەکەنەوە ئەوەی ئێستا بۆتە ڕەمزی شار ، هەڵوێست و بەدەنگەوە هاتنی ئەوبووە.
لە کۆنەوە تائێستا ژنان بەشێکی دانەبڕاوبوون لەم مزگەوتە و تائێستاش بۆسەرگۆڕی ( کاک ئەحمەدی شێخ ) کە ١٣٧ ساڵە کۆچی دوایی کردووە وەک پیاوچاکێک لێی دەڕوانن و هەمیشە سەردانی دەکەن ، جگەلەوەش هەربۆژنان شوێنی نوێژ و حەوانەوە تەرخان کراوە.بۆ مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ بەپێی وتەکانی شێخ سالار حەفید.
لەساڵی ١٩٩٨ لەدوای دەستبەکاربوونی، بۆمانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ و کردنەوەی بەربانگ خواردن و شوێنی حەوانەوە پێشکەش بە نوێژخوێنان و هەرکەسێک دەکرێت کەسەردانی ئەم مزگەوتە بکات ، جگە لەبەڕێوەچوونی مەولوود و مەراسیمە ئاینییەکان و پێشکەشکردنی وتاری ڕۆژانی هەینی و ڕۆژانی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز


خاک-تانیائاوارە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved