پرۆژەیەکی ناوازەی پاراستن و پارێزگاری کردن لەدەستنووسە مێژووییەکان بەهاوکاری دامەزراوەی بەناوبانگی ئەڵمانی گەردە هینکل (Gerda Henkel Foundation ) رێکخراوی بوژاندنەوەی کەلەپووری کورد (RKHO) رێکخراوێکی سەربەخۆی ناحکومی قازانج نەویستە، گرنگی دەدات بە بوژاندنەوەی کەلەپووری کورد لەڕێی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگاو ئەنجامدانی کۆڕ و سیمینار و بەمەبەستی پاراستن و بوژاندنەوەی کەلەپووری کوردستان لە فەوتان و زیان بەرکەوتن. ئەم رێکخراوە لە ساڵی ٢٠١٥ دا دامەزراوە و بە فەرمی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تۆمارکراوە. لەدەستپێکی کارو چالاکیەکانیان دا هەستاون بە کۆکردنەوەی دەیان دەستنووسی مێژووی جۆراو جۆر و بەنرخ لەگەڵ دەیان پارچەی کەلوپووری و کەلتووری بە هەمئاهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی شوێنەوار و ئەنتیکی سلێمانی، سەرەڕای سازدانی دەیان بۆنەی هونەری و مۆسیقا بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی هونەرمەندو نوسەر و شاعیرەکۆنەکۆچکردوەکانی کورد کە خزمەتێکی بەرچاویان لە بواری نوسین و کەلتوور و مۆسیقا و گۆرانی و ئەدەب دا کردوە. رێکخراوی بووژانەوەی کەلەپووری کورد تاکە رێکخراوە لە عێراق بگرە لەناوچەکە دا وەك رێکخراوێك مۆزەخانەی خۆی هەبێت ئەمەش وای کردوە لەلایەن زۆربەی دانیشتوانی شارەکانی تری عیراقەوە سەردان بکرێت و بۆتە جێی سەرنجی زۆرێك باڵوێز و کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان کە بارەگایان لە کوردستان هەیە. لەبەرخەمخۆری بۆ رزگارکردنی دەیان دەستنووسی کۆنی کورد بیرۆکەیەکیان گەڵالەکرد بۆ ڕاهێنان وەرگرتن لە سەر چۆنیەتی پاکردنەوە و چاکردنەوە و هەڵگرتن و ئەرشیفی کردنیان لە پێناو پاراستنی شوناسی کورد وەك هەموو میlلەتانی تری دنیا، بۆ ئەو مەبەستەش دوای وەرگرتنی ڕاهێنانێکی کورت خایەن لەساڵی ٢٠١٨ لە وڵاتی ئەڵمانیا و پاشان پەیوەندی کردن بەدامەزراوەی بەناوبانگی ئەڵمانی گەردە هینکل (Gerda Henkel Foundation ) و بەرزکردنەوەی پرۆپۆزەڵێك لە پێناو پاراستن و پارزێگاری کردن لە دەستنووسی مێژووی خۆشبەختانە دامەزراوەی ناوبراو بەسوپاسە پرۆپۆزەڵەکەیان کردو کۆمەکی دارایی تەواوی پرۆژەکەیان گرتە ئەستۆ ، هەر لەمیانەی پرۆژەکەدا پەیویەندی کرا بە زانکۆی زانستە پراکتیکیەکان (Applied Science University )لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا و ٣ کارمەندانی پسپۆر ڕاهێنانیان پێدرا لەسەر تەکنەلۆژیای دەستنووسە مێژوویەکانی شارستانیەکانی بێزەنتی و ئیسلامی بەشێوەی تیۆریی و پراکتیکی و بەرگ تێگرتن و بنەماکانی کیمیاگەری لە پێکهاتەی ریشاڵەکانی کاغەز و تەکنەلۆژیا و بنەماکانی دروست کردنی هەویری کاغەز و چاپکردن. ئەم بابەتانە بەردی بناغەی کاری مشتوماڵکردن و پاراستنی دەستنووسە مێژووەیەکانە بە شێوەیەکی زانستی. لە ئێستادا ڕێکخراوی بووژاندنەوەی کەلەپووری کورد دەیان دەستنووسی مێژوویان پاكکردۆتەوە و بەشێوەیەکی باش ئامادەکراون بۆ مشتوماڵکردن و چاکردنەوە لە ئایندەیەکی زۆر نزیك دا. ناکرێت بەهای ئەم دەستنووسانە بە شتی ماددی هاوتا یان بەرامبەر بکرێن چونکە باس لەشوناسی نەتەوەیەك دەکات لەسەرجەم بوارە جۆراو جۆرەکانی ژیانی مرۆڤ و تەنانەت ئەو نەتەوە و ئایین زایەنەش کە پێکەوە لەگەڵ کوردا ژیاون ڕەنگدانەوەی ژیانی تەبایی و ئاڵوگۆڕی کەلتووری رۆشنبیری و زانستی لەم دەستنووسانەدا بەئاشکراو بەرجەستە کراون. بۆیە لە سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیەدا بەبڕوای ئێمە دامەزراوەی گەردە هینکل پشکی شێری بەردەکەوێت وەك دەزگایەکی سەربەخۆ کە بەردەوام لەخەمی پاراستنی کەلتوور و کەلەپووردان و چەندین ساڵە زۆر لەنزیکەوە هاوڕێی کەلتوور و کەلەپووری کوردن لەکاتێك دا وەك پارێزەرێکی دڵسۆزی جیهانی ماندوونەناسانە داکۆکی لە پاراستنی شارستانی و کەلەپوور دەکەن بێ جیاکاری کردن لەسەر هەموو ئاستەکان، سەرەڕای سپۆنسەرکردنی دەیان خوێندکار بۆ خوێندن و تەواو کردنی پلەی باڵاو ماستەر و دکتۆرا لە بوارە جیاوازەکانی کەلەپووری و شارستنە میژووییەکاندا. ئەمە وەك قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ دەستی پێکردوە و لەکۆتایی مانگی حوزەیرانی ٢٠١٩ دا تەواو دەکرێت پاشان قۆناغی دووەمی پرۆژەکە بە سکانکردن و هەڵگرتنی ئەلکترۆنی دەستننوسەکان لەگەڵ بەڕێوەبردنی مەترسیەکانی و هەڵگرتنیان لە سندوقی تایبەت دا دەست پێدەکات. خاك
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure