16/4/2019 09:26 AM

1291 دەرچوو لە زانكۆی جیهان بڕوانامەیان پێدەبەخشرێت

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، بەشێكی زۆری زانكۆ تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان بونەتە تەواوكەری پرۆسەی خوێندنی باڵای كوردستان، بۆ ئەمەش دەستخۆشی لە زانكۆی جیهان كرد كە بەپێی دواین ڕیزبەندی نیشتمانی بۆ زانكۆكانی كوردستان توانیویانە پلەیەكی باش بەدەستبهێنن و لە گروپی (B) ڕیزبەندی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانن.

ئەم وتانەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەمیانی پێشكەشكردنی وتارێكیدا هات كە ڕێكەوتی 15-4-2019 لە ڕێوڕەسمی ئاهەنگی دەرچوانی خولی هەشتەمی زانكۆی جیهان – هەولێر پێشكەشیكرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا كە بە چاودێری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەڕێوەچوو و تیایدا ڕاوێژكارو ژمارەیەك لە سەرۆك زانكۆكان و بەڕێوەبەرە گشتیەكان و مامۆستاو خوێندكارو قوتابیان و كەسوكارییان ئامادەیبوون، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتارێكی پێشكەشكرد.

هەرێمی كوردستان پێویستی بە كەسانی دەوڵەمەند بە زانستی سەردەم هەیە
لە سەرەتای وتارەكەیدا د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: ڕاستە ئەمڕۆ دواڕۆژی ژیانی ئەكادیمیتانە لە زانكۆ، لەهەمانكاتدا دەستپێكی كاروانی ژیانی پیشەییتانە كە ئەمڕۆ هەرێمەكان پێویستی زۆری بە كەسانی دەوڵەمەند بە زانستی سەردەم هەیە بۆ ئەوەی لە بوارە جۆراوجۆرەكانی بازاری كاری هەرێمی كوردستان خزمەت بكەن، بۆیە لێرەوە سوپاسی زانكۆی جیهان دەكەین كە توانیان بۆ ئەمساڵیش پۆلێك لە دەرچووان ئامادەبكەن بۆ بازاڕی كاری كوردستان، هەروەها هیواموایە كە ئێوە هەروەك چۆن لە بواری تیۆری و كرداریدا لەناو زانكۆدا نموونەی دەرچووی سەركەوتوو بوون وەها لە ژیانی پیشەیی خۆتاندا پێشەنگ و كارمەندی نموونەیی بن.
وتیشی: ئاشكرایە ئێوە هەڵگری زانستن لە كۆمەڵێك بواری گرنگ و پەیوەست بە كاروبارەكانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان بۆیە ڕۆڵی ئێوە بایەخی تایبەتی خۆی هەیە لەناو كۆمەڵگاكەماندا، هەروەها پیشەی داهاتووی هەریەك لە ئێوەی دەرچوو پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە پایە گرنگەكانی بەڕێوەبردنی وڵاتمان هەیە هەر لەڕووی دارایی و كارگێڕی و یاساو گەلێك بواری گرنگی دیكەی پەیوەست بە پێشخستنی وڵاتەكەمان، لەڕێگەی دڵسۆزیتان و پاراستنی بەهاو پڕەنسیپە ئەخلاقیەكانی بواری كاركردن لە پیشەی داهاتووتان دەبن بە هۆكارێكی گرنگ بۆ پێشخستنی وڵاتەكەمان.

ئەجێندا ئەكشن پلانمان بەرەوپێشبردنی سیستم خوێندنی باڵاو بەرزكردنەوەی كوالێتی خوێندن بووە
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەر لە وتارەكەیدا وتی: لەگەڵ دەستبەكاربوونماندا لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان, ئەجێنداو ئەكشن پلانمان دانا بۆ بەرەوپێشبردنی سیستم خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان و بەرزكردنەوەی كوالێتی خوێندن و گۆڕینی پڕۆگرامەكانی خوێندنی بەشە زانستیەكان بەجۆرێك لەگەڵ گۆڕانكاریەكان و پێشهاتەكانی دونیاو پێویستی بازاری كاری هەرێمی كوردستاندا بگونجێت و دەرفەتی هەلی كار بۆ دەرچووان بڕەخسێنێت. هەروەها وەزارەتەكەمان كاری كردووە لەسەر گۆڕینی سیستمی پێداگۆجی (ڕێگەكانی وانەوتنەوە) و باشتركردنی كوالێتی خوێندن و گرینگیدان بە كردنەوەی دەرگای زانكۆكان بەرووی زانكۆ جیهانیيەكان و ئەنجامدانی توێژینەوەو ئاشناكردنی مامۆستایان بە بنەماكانی خوێندنی باڵاو بەرزكرنەوەی ئاستی زانستیان و هاندانیان بۆ فێربوونی زمانە بیانیەكان.

لە بەشێكی زۆری زانكۆكان بۆلۆنیا پرۆسێس جێبەجێ دەكەین
هەر لە وتارەكەیدا د.یوسف گۆران ڕوو لە دەرچوانی زانكۆی جیهان باسی لە ڕیفۆرمەكانی وەزارەت كردو ڕایگەیاند: لە ساڵی 2015 ستراتیژیەتێكی نوێی وەزارەتەكەمان ڕاگەیاند كە بریتبوو لە پڕۆژەی ( Bologna Process) وەزارەت هانی زانكۆكان دەدات كە سیستمی خوێندنی ئێستایان كە لەسەر بنەمای خوێندنی ساڵانە بنیاتنراوەو سیستمێكی كۆنە، بە دەگمەن زانكۆكانی جیهان پەیڕەوی دەكەن، بیگۆڕن بۆ سیستمی بۆلۆنیا پڕۆسێس، دوای ڕاگەیاندنی ئەم ستراتیژیە نوێیەی وەزارەتمان، خۆشبەختانە بەشێكی زۆر لە زانكۆكان هەنگاوی گرنگیان نا بۆ جێبەجێكردنی سیستمی بۆلۆنیا پڕۆسێس بەجۆرێك كە لە ئێستادا زۆرێك لە زانكۆكان دەستیانكردووە بە جێبەجێكردنی ئەم سیستمەو هەندێك لە زانكۆكان سەرجەم بەشەكانیان پەیڕەوی بۆلۆنیا پڕۆسێس دەكەن، جێبەجێكردنی سیستمی بۆلۆنیا پڕۆسێس و سەركەوتنی سیستمەكە لەو زانكۆیانەدا پیشانیدا كە ئێمەش كەسانی پسپۆڕو مامۆستای بەتوانامان لە زانكۆكانمان بەگشتی هەیەو كە هیچیان كەمتر نیە لە پسپۆڕانی زانكۆ جیهانیەكان، كە دەتوانن ئەزموونە سەركەوتوەكانی وڵاتانی پێشكەوتوو بگوازنەوە بۆ زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و هەروەها قوتابی و خوێندكارانیش دەتوانن لەگەڵ ئەم سیستمە بگونجێن و سەركەوتن بەدەستبهێنن.

زانكۆی جیهان بەپێی دوايین ڕیزبەندی نیشتمانی بۆ زانكۆكان توانیویەتی پلەیەكی باش بەدەستبهێنێ
هەر لە درێژەی وتارەكەیدا د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: وەزارەتەكەمان پڕۆژەی ڕیزبەندی نیشتمانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند كە بووە هۆی دروستبوونی پێشبڕكێی زانستی لەنێوان زانكۆكان كە ئەمەش كاریگەری ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی زانكۆكانی كوردستان لە ڕیزبەندی زانكۆكانی نێودەوڵەتی، لێرەوە بەپێویستی دەزانم كە دەستخۆشی لە زانكۆی جیهان بكەم كە توانیان لە ریزبەندیەكە پلەیەكی باش بەدەستبهێنن و بەپێی دواین ڕیزبەندی نیشتمانی بۆ زانكۆكانی كوردستان دەكەونە گروپی یەكەمی ڕیزبەندی نیشتمانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.

هەنگاوەكانی وەزارەت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی توێژینەوە زانستیەكان بەردەوامە
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: هەر لە درێژەی بایەخەكانمان بە توێژینەوەی زانستی و هاندانی توێژەران بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی ئاستبەرزو گرنگ و پەیوەندار بە چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و بەشداریكردنی جدی توێژەران لە بەرەوپێشبردنی زانست و مەعریفە لە هەرێمەكاماندا، لە هەفتەی ڕابردوودا وەزارەتەكەمان هەستا بە ئەنجامدانی وۆركشۆپێك بە مەبەستی پێداچوونەوە بە ڕێنماییەكانی بەرزكردنەوەی پلەی زانستی كە ئەم هەنگاوەشمان هەر لە ڕوانگەی بەرزكردنەوەی ئاستی توێژینەوەكان دەستپێكردووەو هیواخوازین لە داهاتوودا ئەو ڕێنماییانەی كە دەردەچن ببن بە دەرگایەك بۆ هاندانی توێژەرەكانمان بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی توێژینەوەی ئاستبەرزو كاریگەر لە گۆڤارە زانستیيە ئاستبەرزەكانی دونیا كە توێژینەوەكانیان لەسەر بنەماو پێوەری ئاستبەرزی نێودەوڵەتی هەلدەسەنگێنرێت وەك پێوەرەكانی فاكتەری كاریگەری (Impact factor) و (Citation) و (H. Index).   

زانكۆ تایبەتەكان تەواوكەری پرۆسەی خوێندنی باڵا-ی كوردستانن
لە كۆتایی وتارەكەیدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دوپاتیكردەوە بەشێكی زۆری زانكۆ تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان بونەتە تەواوكەری پرۆسەی خوێندنی باڵای كوردستان، بۆ ئەمەش دەستخۆشی لە زانكۆی جیهان كرد كە بەپێی دواین ڕیزبەندی نیشتمانی بۆ زانكۆكانی كوردستان توانیویانە پلەیەكی باش بەدەستبهێنن، هەروەك دووبارە پیرۆزبایی ئاڕاستەی مامۆستایان و دەرچووانیش كرد بەهیوای خزمەتكردنی بە هەرێمەكەمان.

1291 دەرچوو بڕوانامەی دەرچونیان پێبەخشرا
لە بەشێكی دیكەی ڕێوڕەسمی ئاهەنگی دەرچوانی زانكۆی جیهان – هەولێر، د.ئەمجەد صابر دەلۆ سەرۆكی زانكۆی جیهان – هەولێر لە وتارەیەكدا دەستخۆشی لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و هەنگاو و پرۆژەكانی وەزارەت كرد بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانست و مەعریفە لە كوردستان.
هەروەك د.ئەمجەد صابر دەلۆ وتیشی: لە خولی هەشتەمی ساڵی خوێندنی (2017-2018)ی زانكۆی جیهان (1291) خوێندكارو قوتابی لە (15) بەشی زانستی بڕوانامەی دەرچونیان پێدەدرێت و كاروانی زانكۆكە بۆ خزمەتكردن بەبواری خوێندن و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و ئەكادیمی لە هەرێمی كوردستان بەردەوامدەبێت.

لە كۆتایی ڕێورەسمەكەشدا بڕوانامەی دەرچوون بە هەریەك لە دەرچوانی خولی هەشتەمی زانكۆی جیهان – هەولێر بەخشرا.

خاك - راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا










زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved