20/4/2019 03:13 PM

دووکتێبی نوێی نەوال سەعداوی بڵاو کرایەوە

 

ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند دوو کتێبی نوێی نەوال سەعداوی بەناوەکانی ( کەوتنی ئیمام ) و ( یادەوەرییەکانم لە بەندینخانەی ئافرەتان) بڵاوکردەوە،ئەم کتێبانە لەلایەن جیڤارا کەمال کاری وەرگێڕانی بۆکراوە.
کتێبی یەکەم ڕۆمانی (کەوتنی ئیمام) حیکایەتی کۆمەڵێک مرۆڤ دەگێڕێتەوە کە دەیانەوێت ئایین بەکاربهێنن بۆ مەرامی سیاسی و دارایی خۆیان، چیرۆکی ئەو مرۆڤانە دەگێڕێتەوە کە بانگەشەی دادپەروەردی و ڕاستگۆیی دەکەن، بەڵام نە دادپەروەرن و نە ڕاستگۆ، هاوکات چیرۆکی ئەو مرۆڤانەشە، ئافرەت دەچەوسێننەوە و دەیانەوێت مافە سروشتییەکانی زەوت بکەن، ئەم رۆمانە دەنگهەڵبڕینی ئافرەتە دژ بە چەوساندنەوە و زەوتکردنی مافە سروشتییەکانی 
بەهۆی سەرنجڕاکێشی حیکایەتی رۆمانە و ئایدیاکانی پشت چیرۆکەکانی د. نەوالەوە، لە زۆرێک لە وڵاتە عەرەبییەکاندا قەدەغە کراوە و نووسەر خۆیشی تووشی چەندین تەنگ و چەڵەمەی یاسایی کراوەتەوە. 
کتێبی دووەم ڕۆمانێکە بەناوی ( یادەوەرییەکانم لە بەندینخانەی ئافرەتان ) ئەم ڕۆمانە ئەو ئاستەنگانە دەخاتەڕوو کە ڕووبەڕووی ئافرەتانی دووگیان دەبێتەوە، یان ئەو ئافرەتانەی نەخۆشی درێژ خایەنی هەبێت و هاوکات بەند بێت، ئەم رۆمانە حیکایەتی دەیان ئافرەتی زیندانی دیکە دەگێڕێتەوە، کە هەر یەکەیان خاوەنی چیرۆک و حیکایەتێکی سەرنجڕاکێشن،.  ڕۆمان 
ئەم ڕۆمانە گێڕانەوەی چیرۆکێکی ڕاستەقینەی ژیانی نووسەرەوە، کاتێک لە ساڵی ١٩٨١ بۆ ماوەی چەند مانگێک دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی میسر دەستگیریی دەکەن. رۆمانەکە گێڕانەوەی چیرۆکەکانی نێو زیندانی ژنانە لە وڵاتی میسر کە ژیانێکی ئەستەم و ڕۆژانێکی سەخت بووە هەم بۆ خودی د.نەوال و هەم بۆ سەرجەم ئافرەتانی دیکەی نێو زیندانەکە، چونکە ناچاربوون خۆیان بە ژینگەی ناتەندروستی بەندینخانەکە ڕابهێنن ، ئەم کتێبە لە دووتوێی ٢٩٤ لاپەڕەدا بڵاو کرایەوە.

خاک-تانیائاوارە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved