21/4/2019 09:59 AM

خاتوو شاناز پێشانگای هونەری بەرهەمی من دەكاتەوە

ڕۆژى 20-4-2019 بە ئامادەبوونی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە كۆلێژی سەڵاحەدینی ئەیوبی لە شاری سلێمانی، پێشانگای هونەری بەرهەمی من كەپێكهاتووە لە چەند پڕۆژەیەكی هونەری ناوازەی خوێندكاران كرایەوە.

پێشانگای هونەری بەرهەمی من-ی خوێندكارانی كۆلێژی سەڵاحەدینی ئەیوبی كە پێكهاتووە لە چەند چالاكی و پڕۆژەیەكی هونەری ناوازەی خوێندكارەكان تایبەت بە شاری سلێمانی و سەركردەو كەسایەتییە دیارەكانی گەلی كورد.

لەمیانەی بەسەركردنەوەی پرۆژەو بەرهەمەكانی خوێندكارەكاندا، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە بینینی بەرهەمی هەمەجۆری خوێندكارەكان و چالاكییەكانیان، لەنزیكەوە گفتوگۆی لەگەڵ مامۆستایان و خوێندكارەكان كردو ستایشی كارەكانیانی كرد.

لە پێشەنگاكەدا بۆ زیندوو راگرتنی كلتورو شوناسی كورد، هاوكات بەرز نرخاندنی خزمەت و بەخشییەكانی سەركردەو كەسایەتییە دیارەكانی گەلی كورد، خوێندكارەكان وێنەو كاری هونەری جیاجیان دروستكردبوو، بۆ هەریەك لە (مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، سەرۆك مام جەلال، خاتوو گەلاوێژ ساڵح، خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، حەپسەخانی نەقیب، كچی كافرۆش) و ژمارەیەكی دیكە لە شاعیرو نوسەرو كەسایەتیەكانی دیكەی شاری سلێمانی.

ئەوەشیان خستەڕوو كە وەك نەوەی داهاتوو هەوڵیانداوە لە كارەكانیاندا هەستی نەتەوایەتی و پاراستنی كلتوری كوردەوارییان دووپاتبكەنەوە، جگەلەوەش پێزانینیان بۆ خزمەتە دیارو بەرچاوەكانی كەسایەتی و سەركردەكانیان نیشان بدەن.

خاك - نوسینگەی رۆژنامەوانی خاتوو شاناز 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved