22/4/2019 09:46 AM

دیمه‌شق یادی سه‌رۆك مام جه‌لال ده‌كاته‌وه‌

له‌ مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتيی نیشتمانيی كوردستان له‌ سوریا، په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌رو  دیواربه‌ندی تایبه‌ت به‌ یاده‌وه‌ری سه‌رۆك مام جه‌لال لادرا.

مه‌راسیمی لادانی په‌رده‌ لادانه‌كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌سایه‌تی كوردو عه‌ره‌بی عیراقی و سوری لادرا، هه‌ریه‌كه‌یشیان باسیان له‌ گه‌وره‌یی مێژوو خه‌بات و كاریگه‌ری سه‌رۆك مام جه‌لال كرد.

عه‌بدولره‌زاق كۆیی لێپرسراوی نوسینگه‌ی دیمه‌شق له‌ میانه‌ی په‌رده‌لادان له‌سه‌ر یاده‌وه‌ری سه‌رۆك مام جه‌لال وتی: سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ مێژووی كورددا دووباره‌ نابێته‌وه‌، مێژووی سه‌رۆك مام جه‌لال جیاوازه‌ له‌ هه‌موو سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌، هه‌م خه‌باتی قه‌ومی كردو گه‌یاندییه‌ كه‌نارێكی ئارام، هه‌میشه‌ له‌پێناو گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی تێیده‌كۆشاو به‌رده‌وامبوو له‌ خه‌باتی به‌ره‌و كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نی و قوڵكردنه‌وه‌ی ئازادی و دیموكراسی له‌ كورستان و بگره‌ له‌ عیراقیش.

له‌ لایه‌كی دیكه‌ عومه‌ر ئۆسێ ئه‌ندامی بێلایه‌نی كورد له‌ په‌رله‌مانی سوریا له‌ لێدوانێكیدا رایگه‌یاند: مام جه‌لال سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره‌ی گه‌لی كورستان و ناوچه‌كه‌ بوو، یه‌كێتیی نیشتمانیيش خوێندنگای خه‌باتی نیشتمانی بوو، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌كرێت زۆرشت له‌ ئه‌زموونی خه‌بات و ژیان و بیری ئه‌و سه‌رۆكه‌ مه‌زنه‌ فێربین.

له‌ لایه‌كی دیكه‌ سه‌میره‌ جبریل كچی ئه‌حمه‌د جبریل و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی به‌ره‌ی گه‌ل بۆ رزگاری فه‌له‌ستین (جبهه‌ الشعبیه‌ فلستین) باسی له‌ رۆڵ و كاریگه‌ری سه‌رۆك مام جه‌لال كردو پێشنیاری ئه‌وه‌ی كرد كه‌ ماڵه‌كه‌ی مام جه‌لال له‌ دیمه‌شق بكرێته‌ مۆزه‌خانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌و سه‌رۆكه‌ مه‌زنه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ جه‌مال عه‌بدوناسر له‌ میسر كراوه‌.

هه‌روه‌ك حیكمه‌ت هیلالی سه‌ركرده‌ی پێشوی ئۆپۆزسیۆنی عیراق مام جه‌لالی به‌ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ی مه‌زنی گه‌لی كوردستان پێناسه كردو روونیكرده‌وه‌ كه‌ خه‌می ئه‌و رزگاركردنی عیراق بوو بۆ هه‌موو گه‌لانی عیراق و به‌دیهێنانی دیموكراسی بۆ وڵاته‌كه‌ی.

نوێنه‌ری باڵیۆزخانه‌ی عیراق له‌ دیمه‌شق رایگه‌یاند: سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ ماوه‌ی هه‌شت ساڵ حوكمڕانیدا جیاوازی نه‌كرد له‌نێوان پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی عیراق.

وتیشى: مام جه‌لال بێلایه‌ن و میانڕه‌و بوو، كۆچی ئه‌و سه‌رۆكه‌ مه‌زنه‌ زیانێكی گه‌وره‌بوو بۆ هه‌موو عیراق.

د.خه‌لیل مه‌شهه‌دی ئه‌ندامی په‌رله‌مان و پارێزگاری پێشوی لازقیه‌ ئاماده‌ی په‌رده‌لادانه‌كه‌ بوو، وتی: مام جه‌لال سه‌رۆكێكه‌ دووباره‌ نابێته‌وه‌ له‌ مێژوو، پیاوێك بوو زۆر لێزانانه‌ به‌سه‌ر قه‌یران و گرفته‌ گه‌وره‌كاندا زاڵده‌بوو، زوو چاره‌ی ده‌كرد.

وتیشى: ئه‌وجۆره‌ سه‌رۆكه‌ كه‌سایه‌تی بێوێنه‌ن له‌ مێژووی گه‌لاندا، ئه‌مه‌ش به‌هۆی رۆشنفكری و توانای چاره‌سه‌ركردنی گرفت و قه‌یرانه‌ گه‌وره‌كان به‌ عه‌قل و مه‌نتق و میانڕه‌وی.

خاك - س: پوكمیدیا







زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved