22/4/2019 09:54 AM

سلێمانی‌.. هەفتەی‌ ژیاندۆستی‌ بەڕێوەدەچێت

بە ئامانجی‌ پەرەپێدان بە پەروەردەی‌ ژیاندۆستی‌ و ئاشناكردنی‌ منداڵان و دایكان و باوكانی‌ قوتابیان‌و هاووڵاتیان بەرزكردنەوەی‌ ئاستی‌ هوشیارییان بۆ بوارە جیاجیاكانی‌ ژیان، بە بەشداری‌ ژمارەیەك بەڕێوەبەرایەتی‌ و بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌، هەفتەی‌ ژیاندۆستی‌ لە 14 قوتابخانەی‌ شاری‌ سلێمانی‌ بەڕێوەچوو.

ڕۆژی‌ یەكشەممە 21-4-2019 بە ئامادەبوونی‌ د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری‌ سلێمانی ‌‌و م.عومەر گوڵپی‌ بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ چاودێری‌‌ و گەشەپێدانی‌ كۆمەلایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی ‌‌و م.دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری‌ گشتی پەروەردەو سالار حسامەدین بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ كارەبا‌و بەڕێوەبەری‌ فەرمانگەكانی‌ ژینگەو ئاو و ماف و پەروەردەكانی‌ رۆژهەڵات‌ و ڕۆژئاوای‌ شاری‌ سلێمانی‌ و بەڕێوەبەرو مامۆستاو قوتابیان، هەفتەی‌ چالاكییەكانی‌ ژیاندۆستی‌ لە قوتابخانەی‌ دابانی‌ بنەڕەتی‌ بەڕێوەچوو.

هەفتەی‌ ژیاندۆستی‌ لەرێگەی‌ چەند چالاكییەكی پەروەردەیی‌، هونەری‌، وەرزشییەوە كاردەكات بۆ ئاشناكردنی‌ منداڵان و قوتابیان‌و دایك‌و باوكی‌ قوتابیان‌و هاووڵاتیان بە پرسەكانی‌ پەیوەست بە مافی‌ مرۆڤ‌و مافی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت‌و ژینگەو بەفیڕۆنەدانی‌ سامانی‌ ئاو و كارەباو گرنگیدان بە تەندروستی‌‌ و وەرزش.

لەو بۆنەیەداو بۆ ماوەی‌ دوو رۆژ لە 14 قوتابخانەی‌ شاری‌ سلێمانی‌ چالاكییە بەڕێوەدەچێت كە بریتین لە قوتابخانەكانی‌ (سەرشەقام، خۆشناو، سۆران، هەورامان، پیشكەوتن، مەشخەڵان، دابان) لە پەروەردەی‌ ڕۆژهەڵات‌ و قوتابخانەكانی‌ (مەم و زین، بێكەس، سیوەیل، نەهری‌، بەخشندە، ئارین، جونیەر) لە پەروەردەی‌ ڕۆژئاوای‌ شاری‌ سلێمانی‌.

لەو بۆنەیەدا پارێزگاری‌ سلێمانی‌ وتەیەكی‌ پێشكەشكردو لە وتەكەیدا دەستخۆشی‌ و سوپاسی‌ ئاراستەی‌ قوتابی‌ و مامۆستایان‌و سەرجەم فەرمانگە بەشداربووەكان كردو پاڵپشتی‌ خۆی‌ بۆ ئەوجۆرە چالاكییانەی‌ دووپاتكردەوە.

هەر لەو بۆنەیەدا ئاكۆ عەبدولمەجید سەرپەرشتیاری‌ گشتی‌ پڕۆژەكە دەستخۆشی‌ لە سەرجەم نوێنەری‌ فەرمانگەكان‌و بەڕێوەبەرو مامۆستایان كرد بۆ سەرخستنی‌ بیرۆكەكە، هەروەك هیوای‌ خواست لە ساڵی‌ داهاتوودا بە پشتیوانی‌ هەموو لایەك بیرۆكەكە پەرەپێبدەن بۆ سەرجەم خوێندنگەكان.


خاك - راگەیاندنی پەروەردەی سلێمانی






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved