سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لقی سلێمانی و سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان، لە نووسراوێكدا داواكارییەك ئاڕاستەی دەزگا میدیاییەكان دەكەن. دەقی نووسراوەكە... بۆ دەزگاكانی راگەیاندنی هەرێمی كوردستان - سلێمانی ئێمە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لقی سلێمانی و سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان، داوا لە دامەزراوەكانی میدیا دەكەین پابەندبن بە ئيتیكیەكانی كاری رۆژنامەنوسی لە مامەڵەكردن لەگەڵ پرسو كێشە كۆمەڵایەتییەكان و پابەندبن بە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری كۆمەڵگا، نەك ترساندن و تۆقاندن و تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی. سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان و دامەزراوەی میدیاوان و سەنتەری میترۆو كۆمەڵێك دامەزراوەی میدیا لە ساڵی 2014 لەناو پەرلەمانی كوردستان كۆمەڵێك بەڵگەنامەمان بەناوی بنەما ئیتیكییەكانی كاری رۆژنامەنووسی لەسەر توندوتیژی بڵاوكردەوە كە هێشتا بۆ ئەمكات و ساتەش شیاوە. بۆیە داواتان لێدەكەین:- *دەبێت رۆژنامەنووس هەوڵی جیدی بدات بۆ ئەوەی شوناسی ئەو كەسانەی كاریان لەسەر دەكات بۆ بابەت و كەرەستە رۆژنامەوانییەكان، ئەو شوناسە بپارێزێت، بەتایبەت ئەگەر ئەو كەسانە تەمەنیان لە ١٨ساڵان كەمتر بوو. *ئەم بنەمایە بەسەر شایەتەكان و ئەو كەسانەی دیكەش كە دەكەونە دووتوێی بابەت و كەرەستە رۆژنامەوانییەكانەوە دەچەسپێت. * سەبارەت بە تۆمەتباران و ئەنجامدەرانی تاوانەكان، دەبێت مامەڵەكردن لەگەڵ شوناسی ئەوانیش لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكان بێت. *دەبێت قوربانیان لە كات و ساتی تایبەتدا چاوپێكەوتنیان لەگەڵ بكرێت، نەك لەبەردەم كەسانی تردا، ئەگەر هاتوو ئەو كەسە تەمەنی ١٨ساڵان كەمتر بوو، ئەوا زۆر گرنگە كە دایك یان باوك یان كەسێكی بەرپرسیار لەو كەسە لە شوێنی چاوپێكەوتنەكە ئامادەبێت. *دەكرێت باسی یاساكانی مافی مرۆڤ و رێساكانی چاوپێكەوتن بۆ ئەو كەسانە بكرێت كە تۆمەتبارن یان تاوانەكان لەسەریان چەسپیوە، تا بتوانرێت بەهێمنی زۆرترین زانیاری بدركێنن. ئەوسا وەك مرۆڤێك هەست بە ئاسوودەیی بكات و تێبگات لەوەی كە ئەو زانیاریانەی ئەو دەیبەخشێت هۆكارن بۆ پاكبوونەوە یان كەمكردنەوەی تاوان و خراپەكاری. *لەكاتی باسكردنی ئایین، بنەماكانی بابەتیبوون، بێلایەنی و دادپەروەری لەبەرچاو بگیرێت. بۆ نموونە ئەگەر ئەنجامدەرانی تاوانێكی دیاریكراو بەرامبەر بە ژنان پشتیان بە تێكست و بڕگەیەكی ئایینی بەستبوو، دەتوانی باسی ئەو تێكست یان بڕگە تایبەتە بكەیت و شیكردنەوەو راڤە جیاوازەكان لەوبارەوە بخەیتەڕوو، بەڵام دەبێت بەهەموو شێوەیەك خۆت بپارێزیت لەوەی كە هەندێك گشتاندنی نادروست و هەڕەمەكی بەسەر ئایین یان كولتوررێكدا بچەسپێنیت. *هیچ پاساوێك بۆ توندوتیژی و مامەڵەی خراپ نیە. *ئاگاداربوون لەوەی كەسێكی رزگاربووی توندوتیژی رەگەزیی بەشێوەیەك وێنا بكرێت بە رێژەییش بێت ئۆباڵی توندوتیژییەكەی بكەوێتەسەر. *هیچ كردەوە یان رەفتارێكی قوربانیەكە وا نیشان نەدرێت كە هۆكاری توندوتیژی و مامەڵە خراپەكە بووە. بۆ نموونە هەرگیز وەهای پیشان مەدە كە جۆری جلوبەرگ و رەفتاری ئافرەتێك بووەتە هۆی دروستبوونی رووداوێكی نەخوازراو. *لەكاتی بەرهەمهێنانی بابەت و كەرەستەی رۆژنامەوانی لەسەر ژنان و كچان، بەشێوەیەكی وەها كاربكە كە لەكەسایەتی و كەرامەتیان كەم نەكەیت و زیان بە ئابڕوویان نەگەیەنیت. *هەندێكجار تاوانكاران و كۆمەڵگە قوربانیەكان وا نیشاندەدەن كە بەرپرسیارن و شەرمەزاریان دەكەن. ئەمجۆرە تێڕوانینە نێگەتیڤانە نابێت لەلایەن میدیاوە پاڵپشتی بكرێن و پەرەیان پێبدرێت. *مەبن بە ئامرازی پڕوپاگەندە بۆ تاوانكاران. دیمەنی دڵتەزێن و هەژێنەری توندوتیژی بە وێنەو ڤیدیۆ و تێكست بڵاومەكەنەوە. *زۆر بە وریایی لەگەڵ كەسانی خوار ١٨ساڵان مامەڵە بكەن. *بابەرهەمەكانتان بەشێوەیەكی سۆزیاری و وروژێنەر نەبن، واتە هەوڵمەدەن لەپێناو وروژاندنی هەست و سۆزی خەڵك كاربكەن. *وەسفبكەن بەڵام توندو هەژێنەر مەبن، كاتێك باسی هێرش یان دیمەنێك دەكەن، هاوسەنگییەك رابگرن لەوەی كە چ جۆرە وردەكارییەكی هەژێنەر دەخەیتە ناو وەسفەكەتەوە. *(تۆمەتبار) مەكەن بە (تاوانبار) تا دادگا بڕیاری یەكلاكەرەوە نەدات. لقی سلێمانی.. سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان/سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان 28/4/2019 سلێمانی خاك
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure