9/5/2019 02:33 PM

بۆ یەکەمجار لە جیهاندا مناڵێك لە ڕێی ڕۆبۆتەوە لە ڕەحمێکی چێنراودا لەدایك دەبێت

ڕۆژی ٨ نیسان ولیم، لە شاری یۆتەبۆری ، لە وڵاتی سوید دێتە دنیاوە، هاتنی ولیەم گەورەترین هیوابەخش بوو بۆ هەموو ئەو خانمانەی کە بە هەرهۆیەك بێت رەحمیان لەدەست داوە یان هەر بە سروشتی و زگماکی ڕەحم یان نیە، ئەتوانن ببن بە دایك، کۆرپەی بیولۆژی خۆیان بگرنە باوەشیان.

کارینی دایکی ولیەمی تازە لەدایك بووە، کە ئێستا تەمەنی ٣٥ ساڵە، لە تەمەنی ١٥ دا ئەزانێت کە لە زگماکیەوە ڕەحمی نیە و هەرگیز نابێتە خاوەنی کۆرپەی خۆی. ئەم هەواڵە گەلێك خەمباری ئەکات، هەرچەندە دایکی چەند جارێك پێی دەڵێت ئەگەر بگونجایە ڕەحمی خۆی پێدەدات تا مناڵی ببێت.

ساڵی ٢٠١٣ تیمێکی پسپۆری (ساڵگرێنسکا ئەکادیمی) لە شاری یۆتەبۆری بە یارمەتی پێشکەوتووترین ئامێری کۆمپیوتەری و رۆبۆتەوە پرۆژەیەکی نوێی زانستی دەست پێدەکەن لە بواری چاندنی ڕەحم، کارین و مێردەکەی بێ دوو دڵی دەچن ناوی خۆیان تۆمار دەکەن و دەبنە بەشێك لەو پرۆژە نوێیە.

دوای چەندەها توێژینەوە، کارین ئامادە دەبێت بۆ گەورەترین نەشتەرگەری سەردەم، یەکەمین چاندنی ڕەحم بە تکنۆلۆژیای نوێ ئیتر کاتی ئەوە دێت قسەکەی دایکی بە بەخشینی ڕەحمی خۆی بە کچەکەی لە خەونەوە ببێتە ڕاستی.

چاندنی ڕەحم یەکێکە لە نەشتەرگەرییە هەرە حەساسەکان و چەند جارێك لە جیهاندا هەوڵی بۆ دراوە بەڵام سەرکەوتوو نەبووە، بەپێی ئەم تکنۆلۆژیا نوێیە، بە بەکارهێنانی رۆبۆت لە ڕێگای کونێکی بچوكی سانتیمەتری لە سکی بەخشەر (دۆنەر)ەوە، زۆر بە گرنگی پێدانەوە و بەکارێنانی دەستە رۆبۆتییەکان ڕەحمی بەخشەر لێدەکرێتەوە و ڕادەکێشرێتە دەرەوە، پاشان بە نەشتەرگەری ئاسایی لە لەشی وەرگر دەچێنرێت. ئەم نەشتەرگەرییە ڕۆبۆتیە بە سەرپەرشتی پزیشك و پسپۆرەکانی (ساڵگرێنسکا ئەکادیمی) جێبەجێ دەکرێت .

بۆ کارین و دایکی هیچ ترس و گومانێکیان لە توانایی و لێهاتووی ئەم تیمە نەبوو، هەر بۆیە لە مانگی پێنجی ٢٠١٧ هەردوکیان خرانە ژێر چاودێری و ئامادەباشی و لە مانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا بە سەرکەوتووی ڕەحمی دایکی کارین گواسترایەوە بۆ جەستەی کارین. دوای ١٠ مانگ لە ڕێی مناڵی بلوری هێلکە پیتێنراوەکەی خۆی و کریستیانی مێردی گواسترایەوە بۆ ڕەحمە چێنراوەکەی کارین.

لە ڕۆژی ٨  نیسانی ئەمساڵدا ، ولیام لە ڕەحمی چێنراوەی نەنکی و لە جەستەی دایکی لەدایك دەبێت.

کارین ئەڵێت: هەرچەندە کۆرپەکەم وا لە باوەشمدایە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەشە دەکات بەڵام هێشتا بڕواناکەم ئەو خەونەم هاتۆتە دی.

لە زۆربەی نەشتەگەرییەکانی چاندنی ئۆرگان، گرفتی گەورە لەوکاتەدا دروست دەبێت کە جەستەی وەرگر ناتوانێت تەنێکی نامۆ (بەخشین)ەکە قبوڵ بکات، بەڵام جەستەی کارین بێ گرفت و بەکارهێنانی ڕێژەیەکی کەمی دەرمان ڕەحمی دایکی (کە تەنێکی نامۆیە بە جەستەی کارین) قبوڵکرد و پرۆسیسەکە سەرکەوتنی جیهانی بەدەست هێنا و گەورەترین مژدەی بە هەموو ئەو خانمانە بەخشی بەبێ بوونی ڕەحم دەبنە خاوەنی زیاتر لە کۆرپەیەك. ئەگەر کریستیان و کارین یش بیانەوێت دەتوانن ببن بە خاوەنی مناڵی دووەمیش.
مات برێنسترۆم، پرۆفیسۆری بواری نەخۆشیەکانی ژنان و مناڵبوون لە ساڵگرێنسکا ئەکادیمی و سەرۆکی ئەم پرۆژەیە، لە لێدوانێکیدا دەڵێت: جاران نەشتەرگەری ڕەحم (١٠-١٢) کاتژمێری خایاندووە کە بۆ نەخۆش و پزیشکەکانیش کاریکی زەحمەت و ماندووکەر بووە، بەڵام ئێستا لە ماوەیەکی کەم و بە بەکارهێنانی باشترین تەکنۆلۆژیا باشتری ئەنجام بەدەست دێنین.  لە سوید دا تا ئێستا نۆ مناڵی بەم شێوە لەدایك بووە کە یەکەمیان (ولیەم)ە، هەروەها دەڵێت کارینی دایکی ولیەم یەکەمین کەسە لە ئەوروپا بەم تەکنۆلۆژیا نوێیە و بەم شێوەیە مناڵی بووبێ، دەتوانم بڵم یەکەمین کەسە لە هەموو جیهانیشدا. ساڵی ٢٠١٦ هەوڵێکی وا لە وڵاتی چین درا بەڵام وابزانم سەرکەوتوو نەبوو.
چەند زانیارییەك لەسەر چاندنی ڕەحم:

•تا ئێستا ١٤ مناڵ لە ڕێگەی چاندنی ڕەحمەوە لەدایك بوون، نۆ یان لە سوید بووە، دووان لە ئەمەریکا ساڵی ٢٠١٧، یەکێك لە بەرازیل ساڵی ٢٠١٧، یەکێك لە سەربیا ساڵی ٢٠١٨، یەکێك لە هیندستان ساڵی ٢٠١٨. 

  خاك \شیرین علی
  لە ڕۆژنامەی(ئافتۆن بلادێت)ی سویدی وەرگیراوە.






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved