شیرین. ك له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ند كتێبێكی جوانم خوێنده‌وه كه چێژێكی زۆریان پێبه‌خشم، یه‌كێك له‌وانه كتێبی ماڵی پشیله‌كان-ی هیوا قادره كه رۆمانێكی 315 لاپه‌ڕه‌ییه و ناوه‌ندی رۆشنبیری و هونه‌ریی ئه‌ندێشه چاپ و بڵاویكردۆته‌وه، ئه‌مه دووه‌م رۆمانی هیوا قادری شاعیره كه من بیخوێنمه‌وه، ساڵی 2007 رۆمانی مناڵێك له‌سه‌ر مانگ-م خوێنده‌وه و له ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ خوێندنه‌وه‌یه‌كم بۆ كرد، هیوا قادر یه‌كێكه له‌و شاعیرانه‌ی سه‌رسامم به شیعره‌كانی و به‌هه‌مان شێوه ئه‌م دوو رۆمانه‌شی سه‌رسامی كردم، بۆیه خۆم به‌كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانم كه دوو رۆمانه‌كه‌ی تری مناڵانی گه‌ڕه‌ك و پاسه شینه‌كه-م نه‌خوێندۆته‌وه. ماڵی پشیله‌كان ناونیشانی رۆمانه‌كه وه‌كو موگناتیس رایكێشام، ره‌نگه له‌به‌رئه‌وه بێت كه منیش عاشقی پشیله‌م، هه‌ندێكجار وه‌كو یه‌كێك له كاركته‌ره‌كانی رۆمانه‌كه له دڵی خۆمدا ئه‌ڵێم هه‌ست ئه‌كه‌م پشیله‌م له مرۆڤ خۆشتر ئه‌وێ! هه‌ر كه رۆمانه‌كه‌م ته‌واو كرد و كتێبه‌كه‌م داخست به‌ده‌نگی به‌رز له خۆم پرسی بۆ؟ بۆچی به سووتانی ماڵی پشیله‌كان و سه‌رجه‌م پشیله‌كانی ناوی كۆتاییهات؟! حه‌زم له‌و چیرۆك و رۆمانانه نییه كه به مردن كۆتاییان دێت به تایبه‌تی مردنی كاركته‌ری سه‌ره‌كی (زۆرجار خۆشم ئه‌مه‌م له چیرۆكه‌كانمدا كردووه) چونكه هه‌ندێكجار نووسه‌ر له بێده‌سه‌ڵاتی و كه‌م توانایی خۆیه‌وه كاركته‌ره‌كه ده‌كوژێت، واته كاتێك نازانێت چی له كاركته‌ره‌كه‌ی بكات و چۆن كۆتایی به حیكایه‌ته‌كه و گێڕانه‌وه‌كه‌ی بهێنێت ده‌یكوژێت و ده‌یمرێنێت! (شاشتین ئه‌زانی ئه‌و پشیله‌یه‌ی ئاگركوژێنه‌ره‌وه‌كه رزگاری كردووه، ئه‌زانیت زیبایه) ل 307 به‌ڵام هه‌ر زوو بیرمكه‌وته‌وه هه‌موو پشیله‌كان نه‌مردوون، هه‌موو ئه‌و پشیلانه‌ی خاوه‌نی حیكایه‌تی خۆیانن به‌شێوه‌ی جیاجیا‌و له‌پێش رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌دا ماڵی پشیله‌كانیان جێهێشتبوو، به‌ته‌نیا زیبای پشیله نه‌بێت، كه به‌ته‌مه‌نترین پشیله‌ی ماڵه‌كه و خاوه‌نی درێژ ترین و تراژیدیترین حیكایه‌ته هێشتا له‌وێ مابوو، هه‌ر ئه‌ویش به‌ته‌نیا رزگاری ده‌بێت، رزگاربوونی زیبای پشیله هێمایه بۆ زۆر شتی ناو حیكایه‌ته‌كه‌ی زیبا خانم-ی خاوه‌نی زیبای پشیله. سووتانی ماڵه‌كه بۆ؟ پێش ته‌واوبوونی رۆمانه‌كه هه‌موو حیكایه‌ته‌كان ته‌واو بوون، ئه‌و پشیلانه‌ی له‌ماڵی سیمبا بۆ پشیله‌كاندا مابوونه‌وه بێ حیكایه‌ت و ناو ناونیشان بوون، بێ خاوه‌ن بوون، به‌ته‌نیا زیبا مابۆوه كه خاوه‌نی سه‌رنجڕاكێشترین حیكایه‌ت بوو، ده‌توانی بڵێیت خاوه‌نی حیكایه‌تی سه‌ره‌كی ناو رۆمانه‌كه بوو، ده‌بوایه ماڵی سیبما بسووتێ له‌گه‌ڵ پشیله بێ حیكایه‌ته‌كاندا بۆئه‌وه‌ی وه‌سێته‌كه‌ی ئاغای شه‌ریفی هاوسه‌ری زیباخانم جێبه‌جێ بكرێت و ماڵێك بۆ پشیله ره‌شه‌كان بنیات بنرێت، ماڵێك بۆ پشیله ره‌شه په‌راوێزخراوه، زوڵملێكراوه‌كان، ماڵێك بۆ ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ی به‌درێژایی مێژوو به‌دحاڵیبوونێكی ئه‌زه‌لی هه‌یه به‌رامبه‌ری ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ره‌شه، ده‌كرێ ئه‌مه‌ش ئاماژه بێت بۆ هه‌موو كه‌س و گرووپ و گه‌لێك-ی په‌راوێزخراو، ده‌شێت ئاماژه بێت بۆ هه‌موو شتێكی نامۆ و نائاسایی و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه له‌ئێمه ناچن و جیاوازن. سووتانی ئه‌و ماڵه‌و مه‌رگی پشیله‌كان كۆتایی حیكایه‌ته‌كه نییه، سه‌ره‌تایه بۆ ده‌ستپێكردنی حیكایه‌تی تر كه نه ئێمه‌ی خوێنه‌ر نه یوسف-ی راوی و كاره‌كته‌ری كه‌سی یه‌كه‌می رۆمانه‌كه ده‌زانێ چی ده‌بێت!!، هه‌روه‌ها كه‌شف بوونی چمكێكی حیكایه‌تی گۆنێللا و كارینایه كه نه یوسف و نه خوێنه‌ر نه‌یانده‌زانی و سوپرایزه بۆیان كه ئه‌و دوو ژنه دایك و كچن، به‌ڵام بۆ رقیان له‌یه‌كه قه‌ت نازانرێت! نووسه‌ری رۆمانه‌كه ئێمه‌ی خوێنه‌ر به‌گه‌مژه نازانێت تابێت هه‌ر هه‌موو شته‌كانمان پێبڵێت، به‌ڵكو چه‌ندین بۆ شایی بۆ جێهێشتووین تا خۆمان به‌خه‌یاڵی خۆمان پڕی بكه‌ینه‌وه و ئێمه‌ی خوێنه‌ر جارێكی‌تر رۆمانه‌كه بنووسینه‌وه و له‌گه‌ڵ داخستنی كتێبه‌كه‌دا هه‌موویمان بیرنه‌چێته‌وه، بۆ نموونه گۆنیللا دایكی كارینایه ئه‌ی دوای ئه‌وه چی؟ بۆ رقیان له‌یه‌كه؟ بۆ هه‌ردووكیان شتێكی جادووبازانه و عه‌شقێكی نائاساییان هه‌یه بۆ پشیله‌ی ره‌ش، ئه‌و دوو ژنه‌و پشیله ره‌شه‌كان شتێكی نائاسایی پێكه‌وه‌یان ده‌به‌ستێت هه‌ر وه‌كو ئه‌و حیكایه‌ت و تۆمه‌تانه‌ی بۆ ژن و پشیله‌ی ره‌ش هه‌ڵده‌به‌سترێن كه ئه‌ویش گومانه له‌وه‌ی ئاسایی بن! یوسف كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی و راوی یوسف-ی كوردی په‌ناهه‌نده‌ی سوید له‌بری سزای زیندانیكردن له ماڵی پشیله‌كان كارده‌كات، ئه‌سڵه‌ن ئه‌و سه‌ر به‌كلتوورێكه كه سۆزی نییه بۆ ئاژه‌ڵ به‌تایبه‌تی سه‌گ و پشیله و وه‌كو رۆحله‌به‌ر ته‌ماشایان ناكات به‌ڵكو وه‌كو شمه‌ك و هیچی تر، یوسف له‌ئه‌نجامی شه‌ڕێكیدا له‌گه‌ڵ توركێكی نه‌ژادپه‌رست ده‌نێردرێته ئه‌و ماڵه نه‌ك له خۆشه‌ویستی خۆیه‌وه بۆ پشیله‌كان، ماوه‌كه‌شی ته‌نیا مانگێكه و دوای ئه‌و مانگه‌ش هه‌ر وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه، له‌وه ناچێت یان باشتره بڵێم نووسه‌ر نایكات به دۆست و شه‌یدای پشیله ئه‌وه‌تا له‌دوا چركه‌كانی رۆمانه‌كه‌دا دوای سووتانی ماڵه‌كه شاشتین-ی خاوه‌نی ماڵه‌كه داوای لێده‌كات كاری له‌گه‌ڵدا بكات له‌و ماڵه تازه‌یه‌ی له‌سه‌ر داروپه‌ردووی ئه‌و ماڵه سووتاوه بنیاتی ده‌نێت بۆ داڵده‌دانی پشیله ره‌شه‌كان، یوسف ره‌تی ده‌كاته‌وه و پێیده‌ڵێت ناتوانێت له‌و كاره‌دا به‌شدار بێت!! بێئه‌وه‌ی روونكردنه‌وه بدات! به‌درێژایی ئه‌و مانگه یوسف هه‌موو خه‌یاڵی له‌سه‌ر كارینا چڕ كردۆته‌وه، ئه‌و كچه سی ساڵانه‌یه‌ی هه‌ر ده‌مه‌و له‌سه‌ر میزاج و خه‌یاڵێكه، ئه‌میش وه‌كو پیاوێكی خۆرهه‌ڵاتی هه‌موو كێشه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ كارینا بچێته ده‌رێ واته په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوانیان دروست بێ، به‌ڵام كارینا له‌وه ئاڵۆزتره ئه‌و په‌یوه‌ندییه درووست بكات هه‌رچه‌نده هه‌ر كارینایه دووجار داوای لێده‌كات پێكه‌وه بچنه ده‌رێ به‌ڵام هه‌ردوو جاره‌كه كاره‌ساتێك رووده‌دات و ده‌بێته رێگری ئه‌و به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌یان، منی خوێنه‌ر نازانم تێڕوانین و وه‌سفكردنی یوسف بۆ كارینا هه‌ر به‌ته‌نیا فانتازیای كاركته‌ره‌كه‌یه به‌رامبه‌ر ئه‌و ژنه یان فانتازیای نووسه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێت كارینا ژنێكی ئاسایی نییه!! یان ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت ئه‌و ژن و پیاوه‌ی سه‌ر به‌دوو جیهانی جیاوازن و به‌ڕێكه‌وت یه‌كتریان ناسیوه ناتوانن په‌یوه‌ندییه‌ك دروستبكه‌ن. حیكایه‌ته‌كان رۆمانه‌كه كۆمه‌ڵێك حیكایه‌تی تیایه كه پشیله‌كان پاڵه‌وان و شایه‌تحاڵن یان فیگه‌ر و باكگڕاوندی رووداوه‌كانن، یه‌كه‌م حیكایه‌ت كه‌پێی ئاشنا ده‌بین حیكایه‌تی زیبای پشیله ئێرانییه‌كه‌یه، یه‌كه‌م كاركته‌ریش گۆنیللا-یه كه له‌لایه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كی نائاسایی به پشیله‌ی ره‌شه‌وه هه‌یه و حیكایه‌تێكی فانتازیی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌شی هه‌یه و تا كۆتاییش بۆمان یه‌كلایی نابێته‌وه، به‌درێژایی رۆمانه‌كه گۆنێللا بوونی هه‌یه له‌ناو رووداوه‌كاندا و كه‌شێكی گرژ و بارگاوی به دڵه‌ڕاوكێ و گومان دروستده‌كات به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ كاركته‌ری كارینادا تا له‌دوا چركه‌ی رۆمانه‌كه به‌شێك له‌و حیكایه‌ته تێده‌گه‌ین و به‌شێكی زۆری هه‌ر به نادیاریی ده‌مێنێته‌وه، حیكایه‌تی دووه‌م حیكایه‌تی سۆفی-یه ئه‌و كچه دوازده ساڵانه‌یه‌ی شیعری كورت بۆ پشیله‌كان ده‌خوینێته‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئینگرید-ی نه‌نكی عاشقی پشیله‌ن و سه‌ردانی ماڵی سیمبا ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یان حیكایه‌تی ژنێكه كه نموونه‌یه‌كه له‌و كه‌سانه‌ی جه‌نگ و ئاسه‌واره خراپه‌كانی تا دوایین چركه‌ی ژیانیان ده‌ست له‌یه‌خه‌یان ناكاته‌وه‌و بۆ ئه‌به‌د شێواندونی، حیكایه‌تی لینا و پیشیله بێتوكه‌كه‌ی سفینكس كه دۆسته‌كه‌ی بۆی فڕێئه‌دات و ده‌هێنرێته ماڵی پشیله‌كان ئه‌میش حیكایه‌تێكی خه‌مباری له‌پشته‌وه‌یه، حیكایه‌تی پیا كه به‌هۆی هه‌ستیاریی له‌راده‌به‌ده‌ری هاوسه‌ره‌كه‌ی به پشیله ناتوانێت نه پشیله رابگرێ و نه‌تووخنیان بكه‌وێت، حیكایه‌تی عه‌شقی پیا و كاللێ حیكایه‌تێكی ئیرۆسییه‌و به‌پێچه‌وانه‌وه پشیله ئه‌و دووعاشقه‌ی له‌یه‌ك نه‌كردووه‌و زیاتر پێكه‌وه‌ی به‌ستوون، حیكایه‌تی ده‌یڤید وپشیله وانی-یه‌كه‌ی ئه‌مه‌ش كه‌مێك درێژه‌و ده‌یڤید باوكی كوردی باكووره، به‌ڵام كاركته‌ره‌كانی رۆمانه‌كه ئه‌مه به‌هه‌ند وه‌رناگرن و ئاماژه‌ی پێناده‌ن، ئێمه‌ی خوێنه‌ر وا چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین ببێته خاڵێكی له‌سه‌ر وه‌ستان له‌رۆمانه‌كه‌دا، به‌ڵام وا ده‌رناچێت!! حیكایه‌تی لۆسیفه‌ر پشیله ره‌شه مۆمباییه‌كه كه خاوه‌نه كچه‌كه‌ی له‌نێوان ئه‌و و كوڕه‌كه‌ی دۆستیدا پشیله‌كه هه‌ڵده‌بژێرێت كاتێك دۆسته‌كه‌ی زۆری بۆ دێنێت یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت، هه‌روه‌ها چه‌ندین ورده حیكایه‌تی تریش، كه هه‌موویان پێكه‌وه تانوپۆی رۆمانه‌كه پێكده‌هێنن و پێكه‌وه‌ی گرێده‌ده‌ن و ژیانی ئه‌و یه‌ك مانگه‌ی یوسف پڕ ده‌كه‌ن، به‌ڵام یوسف ته‌نیا ته‌ماشاكه‌رێكه و نابێته به‌شێك له حیكایه‌ته‌كان چونكه ده‌زانێت بوونی له‌و شوێنه‌دا راگوزه‌ره. تێپه‌ڕاندنی رابردوو یوسف كه كاركته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌یه، په‌ناهه‌نده‌یه‌كی كورده، هیچی وا له‌باره‌ی ژیانییه‌وه نازانین نه پێش ئه‌وه‌ی بچێته ماڵی پشیله‌كان و ناتوانین وێنای ئه‌وه‌ش بكه‌ین دوای ته‌واو بوونی ماوه‌ی سزاكه‌ی له‌ماڵی پشیله‌كان ژیانی چۆد ده‌بێت! به‌ڵام هه‌موو ئاماژه‌كان وای ده‌رده‌خه‌ن كه كه‌سێكی ته‌نیایه، وا هه‌ستده‌كه‌ین تێپه‌ڕ بوونی به‌و ماڵه‌دا هیچ شتێكی له‌ژیانی نه‌گۆڕیوه، چه‌ند جارێك یوسف كه كاركته‌ری سه‌ره‌كی و گێڕه‌ره‌وه‌ی رۆمانه‌كه‌یه ده‌مانباته سه‌ر لێواری ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان كاكته‌ری كارینا و یوسف‌دا دروسبكات و په‌شیمان ده‌بێته‌وه به‌دروستكردنی رووداوی كتوپڕ كه ده‌بنه رێگر له‌به‌رده‌م نزیكبوونه‌وه‌یاندا، دواجار به‌سووتانی ماڵه‌كه‌و ره‌تكردنه‌وه‌ی داواكارییه‌كه‌ی شاشتین له‌لایه‌ن یوسفه‌وه بۆئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێت له‌گه‌ڵیان له‌و كاره‌دا كۆتایی دێت، نووسه‌ری رۆمانه‌كه كاركته‌رێكی ته‌نیا و خه‌مبار و سارد‌و سڕمان پێشكه‌ش ده‌كات له‌كه‌شێكی ساردی وڵاتی ئه‌سكه‌ندناڤیادا، ته‌نانه‌ت ژیانی یه‌ك مانگه‌ی له‌ماڵێكدا كه دوو ژنی هه‌ستیار و پڕ سۆز و پڕ حیكایه‌تی تیایه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك پشیله كه خه‌ڵقنده‌یه‌كی گه‌رم وگوڕو نه‌رمونیانه له‌ساردی و بێباكی و كه‌مته‌رخییه‌كانی به‌رامبه‌ر ژیان كه‌مناكه‌نه‌وه، ته‌نیا دوو حیكایه‌ت له‌باره‌ی یوسفه‌وه ده‌زانین، به‌مناڵی پشیله كۆتره‌كانی خواردووه‌و ئه‌میش ده‌رمانخواردی كردوون، دووه‌میش شه‌ڕكردنی له‌گه‌ڵ توركێكی نه‌ژادپه‌رستدا له‌سه‌ر كوردبوونی خۆی، پێده‌چێت نووسه‌ر بیه‌وێت نموونه‌یه‌كی باو و زه‌قی په‌ناهه‌نده‌ی كوردمان پێ‌نیشان بدات به‌تایبه‌تی له‌وڵاتانی ئه‌سكه‌ندناڤیا، نموونه‌ی مرۆڤی ته‌نیا و دابڕاو له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی بۆی هاتووه‌و نه‌یتوانیووه خۆی له‌گه‌ڵیدا بگونجێنێ و تێكه‌ڵی بێت، كاركته‌ری یوسف و دوو كاركته‌ره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی تریش واته شاشتین و كارینا، چه‌ندین بۆشایی له‌نه‌خشه‌ی كه‌سێتیاندا هه‌یه، كه به‌ڕای من نووسه‌ر هه‌ر به‌ئه‌نقه‌ست و له‌وردبینی و لێزانینی خۆیه‌وه ئه‌مه‌ی كردووه، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئاماژه بێت بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له‌نێوان كاركته‌ری یوسف و ئه‌و دووانه‌دا كه دروست نابێت، به‌ڵام سه‌یر له‌وه‌دایه ئه‌وه یوسفه كه دووره‌و په‌رێزه و ئه‌وه كارینایه ده‌ستپێشخه‌ریی ده‌كات و ئه‌وه شاشتینه ده‌یه‌وێت سه‌رله‌نوێ پێكه‌وه كاربكه‌ن، كه‌واته ئه‌وه كاركته‌ری یوسفه نایه‌وێت یا ناتوانێت نه رابردووی خۆی تێپه‌ڕنێت كه پشیله لای ئه‌و هێشتا ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌یه كۆتره‌كانی خواردووه، نه ئێستای پێ په‌سه‌ن بكرێت كه بۆ نموونه پشیله ره‌شه‌كان خراپ نین ئه‌وه مرۆڤه‌كان خراپن. ته‌كنیك به‌شكردنی رۆمانه‌كه به‌سه‌ر چه‌ندین فه‌سڵی كورت كورتدا، یارمه‌تی خوێنه‌ر ده‌دات بێ وه‌ڕس بوون فه‌سڵ دوای فه‌سڵ شوێن رووداوه‌كان بكه‌وێت، رۆمانه‌كه‌ش به‌شێوازی كه‌سی یه‌كه‌م ده‌گێڕێته‌وه، كه باوترین شێوازه و كه‌متریش باوه‌ڕی پێده‌كرێ، چونكه هه‌موو رووداو كه‌سێتییه‌كان له‌چاوی ئه‌وه‌وه ده‌بینرێن، واته ئێمه‌ی خوێنه‌ر ناچارین باوه‌ڕ به‌هه‌موو ئه‌وه بكه‌ین كه نووسه‌ر-راوی ده‌یڵێت، به‌ڵام وه‌كو ئاماژه‌م پێدا ئه‌و بۆشاییانه‌ی له‌رووداو و كاركته‌ره‌كاندا جێیهێشتووه وه‌كو داتایه‌كی شاراوه‌ن بۆ كردنه‌وه‌ی نهێنییه‌كان و پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كان، به‌م كاره‌شی كۆمه‌ڵێك رووداو و كاركته‌رمان پێشكه‌شده‌كات كه قه‌ناعه‌ت به‌كۆی حیكایه‌ته‌كه بكه‌ین، جوانی زمانی نووسه‌ر كه له‌هه‌مان كاتدا شاعیره خاڵێكی به‌هێزی رۆمانه‌كه‌یه، كوردییه‌كی روون و ره‌وان، بێ وشه‌ی داتاشراو و خوازراو و ئاڵۆز، هێنده‌ی ترخوێنه‌ر راده‌كێشێ و هانیده‌دا به‌رده‌وام بێت و چێژی زیاتر له‌رۆمانه‌كه وه‌رگرێت جگه‌له‌وه‌ی رۆمانه‌كه درێژ نییه و خوێنه‌ر ماندوو ناكات..له‌كۆتاییشدا ئه‌م رۆمانه‌ی هیوا قادر نموونه‌یه‌كه له‌و ئه‌ده‌ب-رۆمانی تاراوگه‌یه كه نموونه كۆنه‌كه‌ی ئه‌و جۆره ئه‌ده‌به‌ی تێپه‌ڕاندووه، چونكه چیتر شوێن-ێك نییه تاراوگه بێت بۆ مرۆڤ به‌هۆی ته‌كنه‌لۆژیاوه، ئه‌وه‌ی جیهان دابه‌ش ده‌كات به‌سه‌ر نیشتمان و تاراوگه‌دا مرۆڤ خۆیه‌تی.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure