25/5/2019 03:48 PM

لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمانی كوردستان، لە گرفت و كێشەكانی پایتەختی رۆشنبیری دەكۆڵنەوە

 

بەیاد مەریوانی

 سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان، سەردانی پایتەختی رۆشنبیرییان كردو لە كەموكوڕی و چارەسەری كێشەو گرفت و داواكارییەكانی سلێمانیان كۆڵیەوە لە رووی هونەری و رۆشنبیرییەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، پێشوازیكرد لە سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی رۆشنبیری و هونەر ی پەرلەمانی كوردستان. لەكۆبوونەوەیەكی فراواندا، كە بەشێك لە بەڕێوەبەرەكان ئامادەی بوون، سەرەتا بەڕێوەبەری گشتیی كورتەیەكی لەبارەی كار و چالاكی و ئەركەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی لە پایتەختی رۆشنبیری پێشكەشكرد.
بابەكر دڕەیی ، سەرەتا ئاماژەی بە پرۆژە ستراتیژییە روناكبیری و هونەرییەكانی سلێمانی كرد، كە جێبەجێكراون وەكو شانۆی رۆمانی و سەرای سلێمانی و پرۆژەی كلتوری كارگەی جگەرە كە ئێستا كاركردن تێیدا بەردەوامە. هەروەها كارو چالاكییەكان سەرجەم بەشەكانی روونكردەوە كە سەرەڕای قەیرانی دارایی توانراوە رووی زیندووی پایتەختی رۆشنبیری نیشانبدرێت.
پاشان، ئاماژەی بە كەمكردنەوەی نەسرییەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كرد كە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر چالاكییەكان هەیەو هەروەها ئاماژەی بە 20 ملیارەكەی پایتەختی رۆشنبیری كرد، كە لەئێستادا هەمووی بۆ پرۆژەو چالاكییەكان لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو خەرجكراوە، ئەمە لەكاتێكدا دەبێت ساڵانە 20 ملیار بۆ پایتەختی رۆشنبیری خەرجبكرێت.
دواتر، بەڕێوەبەری بەشە جیاجیاكان، هەریەكەو باسی لە چالاكی و كارو كەموكوڕییەكانی خۆیان كرد وەكو بەرچاو روونییەك بۆ ئەندامانی پەرلەمان.
پاشان،  سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی رۆشنبیری و هونەری پەرلەمانی كوردستان، سەرنجیان خۆیان خستەڕوو و هەروەك چەند پرسیارێكیان كرد و بە تێروتەسەلی لەلایەن بەڕێوەبەری گشتییەوە وەڵام درانەوە، هەروەك بەڵێنی پشتگیریی و گەیاندنی دەنگی پایتەختی رۆشنبیرییان دا بە پەرلەمانی كوردستان و حكومەت كە لەداهاتوودا هاوكار بن و شاری سلێمانی بایەخی زیاتر پێبدرێت لە رووی كلتوری و هونەری و رۆشنبیرییەوە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved