پەیوەندیی نێوان مێشک و قەڵەوی بابەتێکی سەرنجڕاکێشە کە تەنیا لەم دواییەدا دەست کراوە بە لێکۆڵینەوە لە سەری. توێژینەوەیەکی نوێ هەندێک زانیاری گرینگ لەسەر ئەم پەیوەندییە دەردەخات. لە ڕێگەی قەبارە و ئەرکەکانی خولگە دەمارییە تایبەتەکان، دوایین توێژینەوەکان هەندێک لایەنی گرینگی پەیوەندیی نێوان قەڵەوی و مێشکیان دیاری کردووە. بۆ وێنە، توێژەران پێشتر و لەم ساڵدا، پەیوەندیی نێوان قەڵەوی لە دەوروبەری گەدە و بچوکتربوونی قەبارەی مێشکیان دەرخست و بەتایبەت ئەوەی کە مادەی خۆڵەمێشی قەبارەی بچوکتر دەبێت.
توێژینەوەیەکی دیکەش دەریخست کە کۆرتێکسی پێشەوە، ناوچەیەکی مێشک کە بەرپرسە لە بیرکردنەوەی ئاڵۆز، پلاندانان و کۆنترۆڵی خود، لەو کەسانەدا کە زۆر دەخۆن کەمتر چالاکە و ئەوەش دەبێتە هۆی قەڵەوی و زیادکردنی کێش. لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە دوکتور دیکێرز و هاوکارەکانی لە زانکۆی لەیدن لە هۆڵەندا کردوویانە توێژینەوەکانی پێشوویان پشتڕاست کردەوە کە قەڵەوی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مادەی خۆڵەمێشی لە مێشکدا و جگە لەوە پەیوەندی قەڵەویشیان لەگەڵ شێوە و پێکهاتەی مێشک دۆزییەوە. دوکتور دیکێرز دەڵێت "هەبوونی ئاستێکی زۆری چەوری بڵاوبۆوە لەناو لەشدا پەیوەندی هەیە بە قەبارەی بچوکتری پێکهاتە گرینگەکانی مێشک و لەوانە پێکهاتەی مادەی خۆڵەمێشی کە لەناو چەقی مێشکدا هەڵکەوتووە." ئەوەشی زیاد کرد "ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە ئەم پەیوەندییە لە نێوان ژنان و پیاواندا جیاوازە، واتە ڕەگەز بگۆڕێکی گرینگە لەسەر دیاریکردنی قەبارە و پێکهاتەی مێشک بە هۆی قەڵەوییەوە." بە دیاریکراوی، پیاوانی قەڵەو قەبارەی مادەی خۆڵەمێشی مێشکیان کەمترە بە گشتی و لە هەندێک خولگەی پەیوەندیدار بە پێواژۆی پاداشت و پێکهاتەی مێشک کە پەیوەندییان بە جوڵەوە هەیە کاریگەرییەکە لەسەر پیاوان زیاترە.
بۆ ژنانی قەڵەو، زیادبوونی بڕی چەوریی لەش تەنیا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مادەی خۆڵەمێشی لە بەشی گلۆبوس پالیدوس _ئەو بەشەی مێشک پەیوەندی بە جوڵەی خۆخوازەوە هەیە. لە هەردوو ڕەگەزی نێر و میدا، پەیوەندییەک لە نێوان زیادبوونی چەوریی لەش و ئەگەری کەمبوونەوەی مادەی سپی لەناو مێشکدا بینرا.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure