نه‌جات نوری یه‌كێكه له چیرۆكنووس و رۆماننووسه‌كانی باشووری كوردستان، كه له نه‌وه‌ده‌كانه‌وه ده‌ستی به نووسین كردووه و له ساڵانی كاركردنیدا له‌م بواره‌دا كۆمه‌ڵێك رۆمان و كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی نووسیوه، كه ناوه‌كانیان له كۆتایی ئه‌م بابه‌ته‌دا هاتووه. كۆی به‌رهه‌می ئه‌م نووسه‌ره چیرۆكی برین و شه‌ڕ و ئازار و عه‌شقه، نه‌جات نوری یه‌كێكه له‌و نووسه‌رانه‌ی كه هه‌میشه له‌به‌رهه‌مه‌كانیدا چیرۆكی شار و رووداوه‌كانی شار ده‌گێڕێته‌وه، له پاڵ چیرۆكه‌كانی شاردا گێڕانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می شاخ و شۆڕش و له زۆر به‌رهه‌می دیكه‌یدا چیرۆكی سیاسی و سیاسه‌تمه‌داری قێزه‌ون ده‌گێڕێته‌وه و وێنه‌ی ئه‌و قێزه‌ونی و گه‌نده‌ڵییه نیشان ده‌دات، كه وه‌كو برینێك ئازاری گه‌ل ده‌دات، ته‌واوی ئه‌و رابردووه‌ی میلله‌ت و ئه‌و مێژووه خوێناوییه له نێو چیرۆك و رۆمانه‌كانیدا ره‌نگدانه‌وه‌یان هه‌یه، ئێستاش تازه‌ترین به‌رهه‌می كه كۆمه‌ڵه چیرۆكێكه له‌دوو توێی كتێبێكدا چاپ و بڵاوبووه‌ته‌وه و كه‌وتووه‌ته به‌ردیده‌ی خوێنه‌ران، ئه‌و كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌ش» مردن له مه‌یخانه‌یه‌كی كۆندا» له دووتوێی 196 لاپه‌ڕه‌دا چاپ بووه، چیرۆكه‌كانی ئه‌م كتێبه بریتین له « سه‌ربازه‌كان یاری تۆپی پێ ده‌كه‌ن، فوراتی سپی، قه‌ڵه‌م فرۆشه‌كه، مردن له مه‌یخانه‌یه‌كی كۆندا، یاداشت به‌ڕه‌نگی پیرێتی، ئه‌و ژنه‌ی له دۆزه‌خه‌وه هاتبوو، ئه‌و كتێبه‌ی ده‌بێته‌وه به‌خۆڵ… ئه‌مانه و چه‌ندین چیرۆكی دیكه له دووتوێی ئه‌م كتێبه‌دان. نووسه‌ر له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا ده‌ڵێت: «ده‌بینیت ژیان چۆن چۆنی فێری چیرۆكنووسینت ده‌كات، دواتریش كه به‌ته‌واوی گه‌ڕه‌كه‌كه ئاشنابووم، نه‌ده‌بوو ژیانی حه‌مه قه‌مبوور و هاوڕێكانی له ماتۆڕخانه‌كه‌دا، دوكانه‌كه‌ی كاك فه‌ره‌ج و ژیانی قوتابییه‌كانی ناو قوتابخانه‌ی ئه‌یوبیه كه خۆم یه‌كێك بووم له‌و قوتابیانه، ژیانی نه‌دار و نه‌بووه‌كان و ژیانی دوكانداره هه‌تیوبازه‌كانه و ژیانی كوڕه عاشقه‌كان و ژیانی خۆم كه تێدا فێری ناسینی خۆم بووم، هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی كوژراوه‌كان و شه‌ڕی كوڕانی گه‌ڕه‌كی چوارباخ، ژیانی ئه‌و كچه خودا نه‌ناسه‌ی كه نازانم بۆچی له‌ناو هه‌موو ئه‌و كوڕه قۆزانه‌ی كه‌ڕه‌كدا عاشقی منێكی قژ بژ و به‌رگ خراپ و شه‌رمن ببوو، منێك كه دواتر هه‌ر ده‌بێت بیر بیر له ساڵێك و حه‌وت مانگی ئه‌و عه‌شقه سه‌یره بكه‌مه‌وه.» كۆی ئه‌م چیرۆكانه له چوار چێوه‌ی بیر و خه‌یاڵی نووسه‌ردا ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ چیرۆكی شه‌ڕ و برین و ئازاری رۆژانی رابردوو و سه‌ختی شار، عه‌شق و ماڵ وێرانی و ئازاری خه‌ڵكی له دووتوێی چیرۆكه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌دا ده‌بینرێن. ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌ی نووسه‌ر ئێستا له كتێبخانه‌كان ده‌ست ده‌كه‌وێت. رۆمان و كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه‌كانی نه‌جات نوری: -1ده‌ستنووسی فه‌قێكان، رۆمان،2007. -2مردن به‌پێی گێڕانه‌وه‌كانی سۆفییه‌ك، رۆمان،2009. -3سفره‌ی كاغه‌ز یان گه‌مه‌ی پیاوێك، رۆمان، چاپی دووه‌م، 2010. -4گونده خۆڵه‌مێشییه‌كان رۆمان،2016. -5جاڵجاڵۆكه‌ی ره‌ش رۆمان، 2017. -6گۆرانییه‌كانی ماسیفرۆشێك، چیرۆك، چاپی یه‌كه‌م، 2006، چاپی دووه‌م 2007. -7ئێواره‌ی مه‌یموونه‌كان، چیرۆك،2007. -8ئه‌فسانه‌ی كوێربوون، چیرۆك،2011. -9مردن له مه‌یخانه‌یه‌كی كۆندا، چیرۆك،2019.
خاك
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure