خه‌ونه‌كانم له تاوسانا فێنكن كۆمه‌ڵه چیرۆكێكی چیرۆكنووسی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان محه‌مه‌د تۆفیق موشیر په‌ناهییه كه نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه، ساڵی 2018 چاپ بووه، كیانووش غه‌ریب پوور كاری نه‌خشه‌سازی بۆ كردووه و وێنه‌ی به‌رگ ئه‌وین غه‌ریب پوور كێشاوێتی، له‌دوو توێی 135 لاپه‌ڕه‌دا چاپ بووه. ئه‌م كتێبه له چه‌ند چیرۆكێك پێك دێت، له‌وانه چیرۆكه‌كانی : لقه گوڵێكی سوور، ئاوابوونی قاڵاوه‌كان، داربه‌ڕووه‌كان له شه‌ودا، موسافیری مانگی گوڵان، شه‌ش داستانی فره بووچكه‌له، هه‌ڵه‌بجه له چاوانی مندا وه‌خه‌به‌ر دێ، موسافیری مانگی گوڵان و… چه‌ند چیرۆكێكی دیكه. به‌گشتی ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه سنه‌ییه تام و بۆنی سنه و كۆڵانه‌كانی سنه‌یان لێ دێت و نووسه‌ر به كوردییه‌كی ره‌وان و جوان چیرۆكی شار ده‌گێڕێته‌وه، به‌نێو كۆڵان و بازاڕی ئه‌و شاره ره‌نگین و جوانه‌دا ده‌خولێته‌وه و كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌و بنیاده‌مانه‌ن كه له‌و شاره‌دا ده‌ژین و گێڕانه‌وه نیشاندانی كه‌لتووری كورده‌واری و ژیانی مرۆڤی كورده، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی هونه‌ری و وه‌كو چیرۆكێك نه‌ك وه‌كو خۆیان، له چیرۆكی یه‌كه‌مدا چیرۆكی یه‌كه‌مدا لقه گوڵێكی سوور گێڕانه‌وه باسی كه‌سێك ده‌كا یادگه‌ی له ده‌ستداوه و ده‌یه‌وێت بیاننووسێته‌وه و رۆژه‌كانی ژیانی ده‌نووسێته‌وه، له چیرۆكی ئاوابوونی قاڵاوه‌كاندا له رێگه‌ی گڵۆڵه كامواكه‌وه گێڕه‌ره‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یاده‌وه‌ری كۆن و رابردووی خۆی، هه‌موو چیرۆكه‌كانی دیكه له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ده‌خولێنه‌وه، چیرۆكی شاری» سنه» و ژیان و به‌سه‌رهاتی كه‌سه‌كانه. له چیرۆكی نێرگزیشدا گێڕه‌ره‌وه باسی قه‌یره كچێك ده‌كات كه چۆن ده‌ژی و خه‌ڵكی چۆنی لێی ده‌ڕوانن، كچێك به‌هۆی ئه‌وه‌ی باوكی ئاماده نییه بیدات به‌و خوازبێنیكه‌رانه‌ی كه بێگانه‌ن، ئیدی وه‌كو قه‌یره كچێك له‌نێو بیره‌وه‌ریی تاڵی خۆیدا ژیان ده‌گوزه‌رێنێ و له چاوی خه‌ڵكیشدا قه‌یره كچێكی شێته. نووسه‌ر له زۆربه‌ی چیرۆكه‌كاندا به گه‌ڕه‌ك و شوێنه‌كانی شاری سنه‌دا ده‌گه‌ڕێت، فه‌زای شاره‌كه نیشانده‌دات، گێڕه‌ره‌وه ده‌چێته سه‌ر كێوی ئاویه‌ر و له‌وێوه داده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گه‌ڕه‌كی قه‌تارچییان و له‌وێوه بۆ پردمووساییه‌كان و له‌وێشه‌وه بۆ ته‌كییه‌ی حاجی سه‌ی جه‌لال و… گێڕه‌ره‌وه گه‌ڕه‌ك به‌گه‌ڕه‌ك ده‌گه‌ڕێ. خاڵێكی دیكه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه زمانه جوان و شیرینه‌كه‌یه‌تی، كه نووسه‌ر به‌كوردییه‌كی جوان و ره‌وان چیرۆكه‌كانی نووسیوه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خۆی له قه‌ره‌ی وشه‌ی بێگانه نه‌داوه. ناوبه‌ناو وشه‌ی جوانی ناوچه‌یی به‌كارهێناوه، به‌ڵام زمانی گێڕانه‌وه كوردییه‌كی جوان و گشتییه و ره‌وانه.
خاك-كوردستانی نوێ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure