به سه‌رپه‌رشتی حاكم قادر حه‌مه‌جان خاوه‌نی ئیمتیازی "گۆڤاری سلێمانی" و له یادی 19 ساڵه‌ی گۆڤاره‌كه‌دا، سه‌عات 4:00ی پاشنیوه‌ڕۆی 1-6-2019 له هۆڵی "كۆفینێتی مۆزه‌خانه‌ی نیشتمانی ئه‌منه‌سووره‌كه"، كتێبی "بیبلیۆگرافیای 190 ژماره‌ی گۆڤاری سلێمانی" بڵاوده‌كرێته‌وه. له مه‌راسیمه‌كه‌دا حاكم قادر حه‌مه‌جان و مامۆستا ئه‌حمه‌د حسێن سه‌رنووسه‌ری گۆڤاره‌كه وتاری تایبه‌تی پێشكه‌شده‌كه‌ن، دواتر بوار نوره‌دینی ئاماده‌كار باسی بیبلیۆگرافیاكه ده‌كات. له كۆتایی مه‌راسیمه‌كه‌شدا كتێبه‌كه وه‌ك دیاری خاوه‌نی ئیمتیاز، پێشكه‌شی نووسه‌رانی گۆڤاره‌كه‌و ئاماده‌بووان ده‌كرێت، ئاماده‌كاریش دانه‌یه‌ك به‌هه‌ر كتێبخانه‌یه‌كی گشتی شاری سلێمانی، شار‌و شارۆچكه‌كانی سه‌ر به پارێزگاكه ده‌به‌خشێت. گۆڤاری سلێمانی، یه‌كه‌م ژماره‌ی 1-6-2000 و تا كۆتایی ساڵی 2018، 190 ژماره‌ی لێ ده‌رچووه، ده‌یان بابه‌تی له‌باره‌ی شاری سلێمانی و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری تێدایه، ڕه‌نگه فراوانترین سه‌رچاوه‌ی زانیاری پارێزگاكه‌ش بێت، كه هه‌ندێكیان هیچیان له‌باره‌وه نه‌نووسراوه، یان زۆر كه‌م، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی سه‌ره‌كی ئه‌م هه‌وڵه بووه. دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م بیبلیۆگرافیایه، گۆڤاره‌كه به‌ره‌و قۆناغێكی نوێتر‌و ئه‌كادیمیتر هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌گه‌ر تائێستاش لێكۆڵه‌ڕو توێژه‌ران، كه‌ڵكی ته‌واویان له گۆڤاره‌كه وه‌رنه‌گرتبێت، له‌مه‌ودوا وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی فراوان و به‌رده‌ست به‌كارده‌هێنرێت، هه‌موو ئه‌مانه‌ش بره‌وێكی تر به ڕه‌وشی ڕۆشنبیری شاری سلێمانی ده‌ده‌ن. كتێبه‌كه 832 لاپه‌ڕه‌ی پێوانه‌ی گه‌وره‌یه "17×23" و خه‌رجی له‌چاپدانی، له بودجه‌ی پڕۆژه‌ی (سلێمانی: پایته‌ختی ڕۆشنبیری هه‌رێمی كوردستان) كێشراوه. كتێبه‌كه جگه له ساغكردنه‌وه‌ی "خاوه‌نی ئیمتیاز، سه‌رنووسه‌ر، دروشم، ده‌سته‌ی نووسه‌ران، ستافی گۆڤار، كاری هونه‌ری، به‌رگ و جیاكردنه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌كان، دیزاین و ده‌رهێنانی هونه‌ری، به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری، تایپ و دیزاین، وێنه‌گرانی گۆڤاره‌كه، پیتچنه‌كان، چاپخانه‌و هه‌ندێ زانیاری گشتی" دوو به‌شه: به‌شی یه‌كه‌م، بیبلیۆگرافیای نووسه‌رانه‌و به‌پێی پیته‌كانی زمانی كوردی (له ئه‌لفه‌وه تا یێ) ڕێكخراون و به فۆنتێكی جیاواز‌و ته‌نها یه‌ك جار نووسراون، له‌ژێر ناوه‌كانیشدا، بابه‌ته‌كان به‌پێی بڵاوبوونه‌وه‌یان له ژماره‌كانی گۆڤاره‌كه‌دا به‌مشێوه‌یه ڕیزكراون، ناونیشانی بابه‌ت: ژماره، مانگ و ساڵی گۆڤاره‌كه، ژماره‌ی لاپه‌ڕه. به‌شی دووه‌م، بیبلیۆگرافیای بابه‌ته‌كانه‌و به‌سه‌ر 12 ته‌وه‌ره‌دا "باری ڕۆشنبیری، باری كۆمه‌ڵایه‌تی و پێكهاته‌ی شار، سه‌روتار، شاره‌وانیی سلێمانی، كه‌سایه‌تی، گشتی، مێژووی شاری سلێمانی، نامه‌و به‌ڵگه‌نامه، گشتی ناوچه‌كان، هونه‌ر، وێنه، وه‌رزش" دابه‌شكراون، بابه‌تی هه‌ر ته‌وه‌ره‌یه‌كیش، به‌پێی پیته‌كانی زمانی كوردی (له ئه‌لفه‌وه تا یێ) و به‌مشێوه‌یه ڕیزكراون: ناونیشانی بابه‌ت، ناوی نووسه‌ر: ژماره، مانگ و ساڵی گۆڤاره‌كه، ژماره‌ی لاپه‌ڕه. خاك - پوكمیدیا
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure