1/6/2019 04:11 PM

جەژنەكەی كۆكۆڤێل

 

نووسەر: ئێمیل زۆلا
وەڕگێڕانی: لە ئەڵمانیەوە ئەردەڵان عەبدولڵا
لە بڵاوكراوەكانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

ئەدەبی فەرەنسی چ ئەدەبی کلاسیک و چ ئەدەبی مۆدێرنی،یەکێکە لە ئەدەبە پرشنگدارو جوان و پڕبایەخەکانی جیهان. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی سەدان کەڵە نووسەری مەزنی فەرەنسی، کە قەڵەمەکانیان، مایەی رێزی نەک تەنها فەرەنسییەکان بگرە تەواوی جیهانی سەرسام کردووە. یەکێکیش لەو قەڵمە جوانانەی فەرەنساش، ئێمیل زۆلایە.
زۆلا بە یەکێک لە نووسەرە گەوەرکانی فەرەنساو جیهان دادەنرێت، کاتێک باسی ئەدەبی کلاسیکی فەرەنسی و جیهانیش بکەین، ناچارین  دەبێت چاوێک بە بەرهەمی ئەم کەڵە نووسەرەدا بخشێنین و ناشتوانین رۆڵی لەبەهێزبوونی قووتابخانە ئەدەبییەکاندا، بەتایبەتی " رۆمانسیی و ناتوریالیزم" یدا، فەرامۆش بکەین. 
زۆلا سەرەتا یەکێك بووە لە نووسەرە رۆمانسییەکانی فەرەنسا، لێ پاشان بەتایبەتی پاش کامڵبوونی لەڕووی ئەدەبیی و فکرییەوە، دەبێتە مامۆستاو ئوستازی قوتابخانەی" ناتوریالیزمی ئەدەبی"  ، هەرخۆشی  میتۆد و پرەنسیپی ئەم قووتابخانەیەی داناوە.
لەلایەکی ترەوە رۆمانەکانی بەتایبەتی رۆمانی " گێرمیناڵ ،نانا، زەوی دایک" بە یەکێک لەشاکارە گەورەکانی جیهان دادەنرێن. پێش چەند ساڵێک گۆڤاری شپیگلی ئەڵمانیا ناوی سەد کتێبی نوووسیبو کە پێویستە  مرۆڤ لەژیانیدا بیخوێنێتەوە، یەکێک لەوانەش رۆمانی " گێرمیناڵ" ی زۆلایە. ئەم رۆمانە باسی ژیانی کرێکارانی مین دەکات لە باکوری فەرەنسا لەسەدەی هەژدەدا، بەشێوەیەکی زۆر جوان ، ژیان و خەباتی ئەو خەڵكەی باسکردووە. 
من کاتێک خۆی  کە ئەم کتێبەم خوێندەوە گەیشتمە ئەو قەناعەتەی، کە دەبێت هەموو کەسێکی چەپ وکۆمۆنیست ئەم رۆمانە بخوێنێتەوە، چونکە زۆر بەجوانی وەسفی سیستەمی سەرمایەداری لەسەدەی هەژدەدا کردووە. هەر ئەم کتێبەش بوو بەیەکەم ژوانی من لەگەڵ ئەم نووسەرە مەزنەدا و لەپاش ئەم رۆمانەی ، بەدوای کارەکانی تریدا گەڕام .

کوڕە هەژارە ئیتاڵییەکە
ئمیل زۆلا لە 2-4-1840ساڵی لە پاریس لەدایک بووەو لە 29-9-1902 لە پاریس کۆچی دواییکردووە. باوکی ئەندازیارێکی ئیتاڵی بووەو لەفەرەنسا ژیاوە، بەڵام دایکی فەرەنسی بووە. لەساڵی 1847 واتە لەتەمەنی حەوت ساڵیدا باوکی کۆچی دوایی دەکات و دواتریش لەرەوشێکی زۆر هەژاریی و کەم دەستیدا گەورە دەبێت.  دواتریش لە ساڵی 1864 دا ناسنامەی فەرەسنی وەردەگرێت. ماوەیەک وەکو عەریزەنووسێک لەیەكێک لەدائیرەکاندا کاردەکات. دواتر زۆلا تێکەڵی ژیانی ئەدەبی فەرەنساو جیهان دەبێت.

ژیانی سیاسی و فکری  
زۆلا بەحوکمی ئەوەی ژیانی کوولە مەرگیی و هەژاری بینیوە، بۆیە هەتا کۆتاییەکانی ژیانی داکۆکی  لە خەڵکی هەژاروکرێکار کردووە.  لەلایەکی تریشەوە بەحوکمی ئەوەی باوکی ئیتالی بووە، هەروەها ئازاری بێ ناسنامەیی و بێگانەیی چەشتبوو، هەربۆیە زۆر دژی فکری فاشیزم و نازیەتی فەرەنسی بووە.
ئەو کەسێکی چەپ بوو ، بەڵام لەهەمانکاتیشدا زۆر داکۆکی لە ئازادیی و یەکسانیی و عەدالەتی  کۆمەڵایەتی دەکرد. هەربۆیە دەتوانین بڵێین چەپێکی ئازاد بوو. 
زۆلا جگەلەوەی ئەدیبێکی بەتوانا بوو، لەهەمانکاتیشدا رۆژنامەنووس و چالاکڤانێکی مەدەنی گەورەش بوو. 
بەرگریکردن لە عەدالەت
یەکێک لەکارە بەتواناکانی زۆلا، ئەوەبوو کاتێک سکانداڵی " ئەلفرید دریوفس" لەفەرەنسا پەیدابوو، کەتێیدا دەیانویست ئەفسەرێکی جوولەکە تۆمەتی ئەوی بخەنە پاڵ کە سیخووری ئەڵمانیاییە. ئەم کێشەیە کۆمەڵگای فەرەنسای کردوبوە دوو بەشەوە، بەشێک بەرگری لێدەکردو دەیووت بێ تاوانە، کە زۆلا یەکێک بوو لەوانە، بەشەکەی تر تاوانباریان دەکرد. هۆکاری سەرەکیش ئەوەبوو، ئەو پیاوە جوولەکە بوو، لەو ساڵانەشدا هەستی دژە جوولەکە لە فەرەنسا بەهێزبوو. بەڵام زۆلا پشتگیری لەم پیاوە کردوو لە  ساڵی 1898 دا، لەووتارێکیدا کەبە بەهێزترین ووتار و پەخشانی ئەدبەیی و فکری دادەنرێت بەناوی : " J'accuse من سکاڵام هەیە " تێیدا بەرگری لەو ئەفسەرە کرد، هەرئەمەش وایکرد لەسەر ئەم ووتارەی تووشی راونانی پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکان بێتەوە ناچار بەرەو بەریتانیا هەڵبێت. 
بەڵام دواتر دەگەرێتەوە بۆ فەرەنسا و لە 29-9-1902 لە پاریس کۆچی دوایی        دەکات و دواتریش دەبرێتە گۆڕستانی نەمرانی فەرەنسا و لەپەنا ڤیکتۆر هۆگۆ و رۆسۆ  دەنێژرێت .
ئەم نۆڤلێتە
ئەم نۆڤلێتەی زۆلا یەکێکە لە نۆڤلێتە جوانەکانی، تێیدا باسی گوندی کۆکۆڤیل دەکات، ئەم گوندە کە دەکەوێتە سەر کەناری دەریا و گوندێکی چکۆلانەی جوانە، بەڵام شەری هەردوو  بنەماڵەی " فلۆخە و ماهێ" ، هەموو خەڵكی ئەم گوندە دەکەن بە دوو بەشەوەو دژی یەکتری دەوەستنەوە. لێرەدا  بەشێوەیەکی ئەدەبی جوان باسی پرسی " پارە، دەسەڵات، هێز"  دەکات. لەهەمانکاتیشدا جگە لەمانە باسی چیرۆکی خۆشەویستی " مارگۆ و دێلڤین" دەکات، کە چۆن ئەم دوو خۆشەویستە بوونەتە قووربانی ئەم جەنگە نەگریسەی ئەم دوو بنەماڵەیە. بەڵام بەرێکەوت رۆژێکیان بارانێکی زۆر دەبارێت و پاپۆڕێکی گەورەی ئینگلیزی  غەرق دەبێت، کە خواردنەوەی بۆ بەندەرە گەورەکە بارکردوو. سەرەتا دیسانەوە دەبێتە شەر لەنێوان ئەم دوو بنەماڵەیە، لەسەر بەرمیلە خواردنەوەکان، بەڵام دواتر هێندە بەرمیلەکان زۆر دەبن، کە کەسیان شەر ناکەن. دواتریش هێندە دەخ ۆنەوە کە هەموو شەرو رق و کینەکانیان لەبیر دەچێتەوەو ئاهەنگێکی گەورە ساز دەکەن، کە تا ماوەیەکی زۆر، تەواوی خەڵكی ناوچەی نۆرماندی هەر باسی لێ دەکەن.
من ئەم نۆڤلێتەم بە زمانی ئەڵمانی خوێندەوەو لەپاش خوێندنەوەی حەزێکی گەورەم لادروستبوو، کە بۆ زمانی کوردی وەربگێڕم. دەمێکیشە بەڵێنم بە چەند خوێنەرێکی هێژام داوە، کەبەرهەمێکی ئەدەبی کلاسیکی فەرەنسی وەربگێڕم. 
من نامەوێت زۆر باسی ئەم نۆڤلێتە بکەم، بۆئەوەی لەجێژی کەم نەکەمەوە و پێم باشە خوێنەری هێژا خۆی بەدوای لاپەڕەکاندا بگەڕێت.
هیوادارم بەدڵی هەمووان بێت و بەم کارەش خزمەتێکی بچووکی کتێبخانەی کوردیمان کردبێت.
خاك





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved