1/6/2019 11:12 PM

چاپکردنی دڵی سێ ڕه‌هه‌ندی

وێڕای ئەوەی کە چاپکردنی ٣ ڕەهەندی لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیەوە بەڵام هێشتا بەکارهێنانی ئەم تەکنۆلۆژییە بۆ چاپی ئەندامەکانی لەش زیاتر وەک خەون ده‌رده‌كه‌وێت. لەم دواییەدا زانایان هەنگاوێکی گەورە لە بەدیهاتنی ئەم خەونە نزیکییان کردووینەوە.
نەخۆشییەکانی دڵ هۆکاری یەکەمی مردنن لە ئەمریکا. بەپێی ئامارەکانی ناوەندی کۆنترۆڵ و بەرگری ساڵانە ٦١٠ هەزار کەس تەنیا بە هۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە لە ئەمریکا دەمرن. کاتێک کە نەخۆشییەکانی دڵ دەگەنە دوا قۆناغ تاکە ڕێگەچارە چاندنی دڵە. بە هۆی ئەوەی کە ژمارەی بەخشێنەرانی دڵ زۆر کەمە، زۆربەی کاتەکان ناکرێت نەخۆشەکان چاوەڕوان بن تاوەکوو دڵێک پەیدا بکەن بۆ چاندن.
لەم چەند ساڵی دواییدا، توێژەران تا ڕادەیەک لە دروستکردنی دڵی دەستکرد لە شانەکانی مرۆڤ بەرەوپێش چوون. گروپێکی توێژەران لە زانکۆی تێل ئاڤیڤ لە ئیسرائیل، هەنگاوێکی دیکەیان لە ئەندازیاریی شانەی دڵدا ناوە. توێژەری سەرەکیی ئەم لێکۆڵینەوەیە پرۆفیسۆر تال دڤیر دەڵێت "بۆ یەکەم جارە کە لە سەرانسەری جیهاندا بە سەرکەوتوویی دڵێکی تەواو ئەندازیاریکراو دروست دەکرێت کە خانەکانی دڵ، ڕەگەکانی خوێن و سکۆڵەی دڵی ببێت."
زانایان ڕێبازێکی زۆر داهێنەرانەیان پەرە پێداوە کە توانایی ئەوەمان پێدەدات زۆر لە دروستکردنی دڵی دەستکرد نزیک بینەوە. بۆ ئەم کارە لە قۆناغی یەکەمدا شانەیەکی چەوریی نەخۆشێکیان هەڵدەگرت، پاشان مادە خانەییەکانیان لە ناخانەییەکان جیا کردەوە. پاشان بەرنامەیان دایەوە بە خانەکانی شانە چەورییەکەیان تاوەکوو وەک خانەی بنەڕەتییان لێ بێت، و بەو شێوەیە کۆمەڵیک خانە بەرهەم بهێهنن کە دەکرێت لەوانەوە دڵەکە گەورە بکرێت. 
مادە ناخانەییەکان کە پێکهاتەکانی وەک گلیکۆپرۆتینەکان و کالۆجینەکان لە خۆ دەگرن، گۆڕانکارییان بەسەردا هات و وەک بایۆئینک یان زیندەمەرەکەب بە کار هات.
لە قۆناغی دواتردا بە تێکەڵکردنی زیندەمەرەک و خانە بنەڕەتییەکان، خانەکان گۆڕان بۆ خانەکانی دڵ و ڕەگەکانی خوێن، لەو ڕێگەوە توێژەران توانییان دەرچەکانی دڵ و ڕەگەکانی خوێنیان دروست بکەن.

 

خاک - سەمەد کوردە 

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved