8/6/2019 03:21 PM

عەبدولڕەحمان بەدەوی و نیچە

 

کتێبی "نیچە" لە نووسینی عەبدولڕەحمان بەدەوی و وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی
ئەمە پێشەکیی وەرگێڕە بۆ کتێبی "نیچە" کە ئامادەی چاپە و قەرارە دەزگای جەمال عیرفان لە ئایندەیەکی نزیکدا چاپی بکات (دیزاینی بەرگەکە کاری هونەرمەند ئارام عەلی یە):

پەیڤێک لەسەر بەدەوی و نیچە

کاتێک باس لە ڕابوونی فیکری و فەلسەفی و ڕۆشنبیریی عەرەب دەکرێ لە سەدەی بیستەمدا، بێ سێ و دوو ناوی دکتۆر عەبدولڕەحمان بەدەوی (١٩١٧- ٢٠٠٢) لە پێشەوەی کاروانی ئەو ناوانە دێت کە ڕۆڵێکی بەرچاو و دیاریان لەو بزاڤەدا هەبووە و یەکێک بووە لەو بیرمەندانەی کە چ لە ڕێی نووسینەکانییەوە و چ لە ڕێی وەرگێڕانەکانییەوە، خزمەتێکی گەورەی بە کتێبخانەی فیکری و ئەدەبی و فەلسەفیی عەرەب کردووە و نزیکەی سەد و پەنجا کتێبی لە بوارەکانی فەلسەفە و فیکر و ئەدەب و فەرهەنگدا بەو کتێبخانەیە پێشکەش کردووە. 
ئێمە کاتێک دەزانین کە ئەم بیرمەندە لە ساڵی ١٩٣٩ دا و لە تەمەنی بیست و دوو ساڵیدا و وەکو یەکەم بەرهەمی چاپکراوی، ئەم کتێبەی دەربارەی نیچە نووسیوە، ئینجا ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێ کە ئەم پیاوە چ توانا و وزەیەکی ناوازە بووە لە سەردەمی خۆیدا و لە ڕۆژگارێکدا، کەم ڕۆشنبیر و نووسەری عەرەب هەبوون کە تەنانەت ناوی نیچەشیان بیستبێت، نەک کتێبیان لە بارەیەوە نووسیبێت. 
بەدەوی لە ناحیەی شرباصی سەر بە دومیاگ لە دایک بووە لە ساڵی ١٩٣٤ دا بڕوانامەی بەکالۆری بەدەست دێنێت و پاشان لەساڵی ١٩٣٤دا دەچێتە زانکۆی قاهیرە، کۆلێجی ئاداب، بەشی فەلسەفە. ساڵی ١٩٣٨ زانکۆ تەواو دەکات. دواتر دەبێت بە مامۆستای وانەبێژ لەوێ و پاشان ماستەر و دواتریش لە ساڵی ١٩٤٤دا دکتۆرا تەواو دەکات و نامەی دکتۆراکەشی باسێکە دەبێت بە ناوی "زەمەنی بوونگەرایانە"، کە دکتۆر تەها حوسەین لە بارەیەوە دەڵێت: "ئەمە یەکەمجارە فەیلەسووفێکی میسری ببینین". ئەم کتێبەشی هەروەکو بە ناونیشانەکەیدا دیارە، لەژێر کاریگەریی فەیلەسووفی بوونگەرای ئەڵمانی"مارتن هایدیگەر"دا نووسیوە، ئاشکرایە کە هایدیگەر کتێبێکی ناوازەی هەیە بە ناوی "بوون و زەمەن".
بەدەوی هەر زوو وەکو بیرمەندێک(گەر نەڵێین فەیلەسووفێک)ی بوونگەرای عەرەب ناسرا، لە کاتێکدا هێشتا فەلسەفەی بوونگەرایی بەو شێوەیە برەوی نەسەندبوو. هەڵبەتە جێی ئاماژەیە کە بەدەوی توانایەکی سەیری لە زمانزانیشدا هەبووە. ئەو زمانەکانی فەرەنسی و ئیتاڵی و ئەڵمانی و ئیسپانی و یۆنانی و لاتینی و ئینگلیزی و فارسیی لەپاڵ زمانی دایکیدا کە عەرەبییە، زانیوە. 
بەدەوی لەو سەردەمەدا وەکو بیرمەندێکی یاخی بەرامبەر بە کۆتوپێوەندە کۆمەڵایەتی و نەریتە سواوەکانی کۆمەڵگا و بیرکرکردنەوەی باو دەرکەوت.
هەر لەو ڕۆژانەدا، بەدەوی بە سەختی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی فەیلەسووفی گەورەی ئەڵمانی"فریدریش نیچە"ەوە و بەرهەمیی ئەو کاریگەرییەش ئەم کتێبە دەبێت کە ئێستا لەبەردەستی خوێنەردایە. 
ستیڤان ئۆدویڤ لە پێشەکیی کتێبی "بە ڕێگاکانی نیچەدا" باس لەوە دەکات کە ڕۆژێک دێت لە زانکۆکاندا کورسیی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە کتێبی "زەردەشت وەها دووا" تەرخان دەکرێ . ئەو گەرچی دەڵێت نیچەییزم بەتەنها یەک نوێنەری هەیە کە خودی نیچە خۆیەتی، بەڵام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کاریگەریی بۆ دەیان ساڵ و بگرە زیاتری دوای خۆی جێدەمێنێت، گەرچی بە بڕاوی ئەو، ئەوانە ناتوانن شتێکی ئەوتۆ بخەنە سەر بیروبۆچوونەکانی نیچە خۆی.
بێگومان نیچە یەکێكی لە فەیلەسووفە گەورەکانی سەدەی نۆزدەیەم و لەگەڵ سەرەتای سەدەی بیستدا، ژیانی کۆتایی دێت، بەڵام ژیانی نووسینەکانی دەستپێدەکات، ئەو نووسینانەی ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵانەن بۆ سەر ئایین و فەلسەفە و ئەخلاق و زانست و بە درێژایی سەدەی بیست و بگرە تاوەکو ئێستا کاریگەریی دیاری خۆیان لەسەر دەیان فەیلەسووف و ئەدیب و نووسەر هەبووە. نیچە بە ڕاگەیاندنی "مەرگی خودا"، سەرەتایەکی نیهیلیستییانە و نوێی بۆ ژیاری مرۆڤایەتی ڕاگەیاند. 
گرنگیی ئەم کتێبە لەوەوە دێت کە نووسەرەکەی توانیویەتی بە زمانێکی ڕوون و نائاڵۆز دیمەنێکی گشتیمان لەسەر ژیان و فەلسەفەکەی نیچە بداتێ. دەتوانین بڵێین کە کتێبەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت: بەشی یەکەم لە چەند پاژێکدا باس لە وێستگە سەرەکییەکانی ژیانی نیچە دەکات، هەر لە مناڵییەوە و کاریگەریی بۆماوە و فەزای ئایینی لەسەری، تا دەگاتە قۆناغی خوێندن و ئاشنابوونی بە شۆپنهاوەر و ڤاگنەر و هاوڕێ کەمەکانی تری و دواجار وازهێنانی لە مامۆستایەتی و لە کۆتاییشدا شێتبوونی. بەشی دووەمیش، باس لە فەلسەفەکەی نیچە و جیهانبینی و ڕوانینی بۆ مەسەلەی دین و ئەخلاق و زانست و ... هەروەها چەمکە سەرەکییەکان لە فەلسەفەی نیچەدا، وەکو مەرگی خودا و ئەخلاقی کۆیلان و سەروەران و گەڕانەوەی هەتاهەتایی و مرۆڤی باڵا.
بۆیە دەکرێ ئەم کتێبە بە سەرەتایەک لە قەڵەم بدەین بۆ چوونەناو فەلسەفەی نیچەوە و ئاشنابوون بە جومگە سەرەکییەکانی هزری نیچە، هەروەها بە سەرەتایەک بۆ تێگەیشتن لە کتێبە بەناوبانگەکەی نیچە"زەردەشت وەها دووا"*. هەموو ئەمانەش پێکەوە، هاندەری ئێمە بوون بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە بۆ سەر زمانی کوردی. هیوادارین کارەکەمان ئەم ئامانجەی خۆی پێکابێت و ئەم کتێبە یاریدەدەرێک بێت بۆ ئاشنابوون و تێگەیشتن لە دونیا فەلسەفییە بەرفراوانەکەی فەیلەسووفی مەزن"فریدریش نیچە". 





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved