مه‌ریوان مه‌سعود سینه‌ما له كوردستان ده‌ستی پێكرد ! ئه‌ڵێن یه‌كه‌م فیلمی سینه‌مایی له جیهان (جوڵه‌و ده‌نگ) له‌ساڵی 1927 نمایشكراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من له‌م جه‌ژنه له هۆڵه‌كانی سینه‌مای (سیتی سینه‌مای سلێمانی، سالم-ی سلێمانی، فامیلی مۆڵی هه‌ولێر) بینیم و بیستم، رێك له‌وه ده‌چوو یه‌كه‌م رۆژی نمایشی فیلمی سینه‌مایی بێت له كوردستان…. به‌ڕاستی سه‌یربوو؟خه‌ڵێكی زۆر رووی كردبۆوه هۆڵه‌كانی سینه‌ما و به‌خۆشحاڵییه‌وه ئاماده‌ی نمایشه‌كان ده‌بوون، له‌وه‌ش خۆشحاڵتر زۆربه‌یان ئاماده‌ی فیلمی (په‌یكه‌ری دڵ)ی هونه‌رمه‌ند شوان عه‌توف ده‌بوون ته‌نانه‌ت ئیداره‌ی سیتی سینه‌ما هه‌ر له یه‌كه‌م رۆژی نمایشه‌كه، ئه‌وه‌ی راگه‌یاند كه (په‌یكه‌ری دڵ) ریكۆردی بینه‌ری سینه‌ماكه‌ی شكاند كه 2500 بینه‌ر ئاماده‌ی بوون و له دووه‌م رۆژیش گه‌یشته 5000 بینه‌ر، له‌و لاشه‌وه براده‌رانی مه‌ستی فیلم به سوپاسه‌وه فیلمێكی ده‌ره‌جه یه‌كی فارسیان به‌میوانی بۆ هێنابووین (مه‌تری شه‌ش و نیو) كه زۆر خه‌ڵكم بینی ده‌یانوت دووجار چوونه‌ته‌وه بۆ سه‌یركردنی فیلمه‌كه، به‌مه‌ش هۆڵه‌كانی سینه‌ما ئاوه‌دانبوونه‌وه‌و به بۆچوونی من ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌كی مێژوویی بۆ ئاشناكردنه‌وه‌ی بینه‌ر به هۆڵه‌كانی سینه‌ما… چونكه له‌م سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیایه ئه‌سته‌مه بینه‌رێكی وا زۆر ئاشنابكرێنه‌وه به سینه‌ما و هۆڵه‌كانی. دراما‌و ره‌مه‌زان خۆ ئه‌گه‌ر له‌م جه‌ژنه‌دا، ئه‌و خۆشحاڵییه‌م نه‌بووایه كه به‌هۆی پڕبوونه‌وه‌ی هۆڵه‌كانی سینه‌ماوه بۆم دروستبوو… ئه‌وه جه‌ژنێكی زۆر ناخۆش و خه‌فه‌تبارم به‌ڕێ ده‌كرد، ئه‌ویش له داخی ئه‌و یه‌ك دوو دراما كوردییه (لاواز و ئاست نزمه‌ی) له شاشه‌كانه‌وه بینیمان، به‌تایبه‌ت درامای (سه‌مای ته‌رزه‌و یوسف ناگه‌ڕێته‌وه) به‌ڕاستی ده‌ریانخست كه درامای كوردی هێشتا زۆری ماوه… چ له رووی ناوه‌ڕۆك و چ له رووی نواندن و چ له رووی ته‌كنیكه‌وه… له‌مه‌ش سه‌یرتر ئه‌و هه‌رای فه‌یسبووكه‌یه كه له‌سه‌ر دراماكان دروستبووه به‌تایبه‌ت ئه‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كان و ده‌رهێنه‌ری درامای (سه‌مای ته‌رزه)، پێم سه‌یره هێشتا دراماكه ته‌واو نه‌بووه‌و چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌كی كه‌می لێ نمایشكراوه، كه‌وتوونه‌ته داوی فه‌یسبووك و وه‌ڵام و وه‌ڵامكاری له‌گه‌ڵ خه‌ڵك، تا ئاستی جنێودان و سووكایه‌تی پێكردن به‌یه‌كتری، له‌مانه‌ش سه‌یرتر دیسانه‌وه هێشتا دراماكه‌ی نیوه‌ی ته‌واو نه‌ببوو، به‌رنامه‌ی راسته‌وخۆیان ده‌كردو قسه‌یان ده‌كرد.. ئه‌مه له‌كاتێكدا عورف وایه هه‌موو كارێكی هونه‌ری دوای ته‌واوبوونی قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت یان هه‌ر هیچ نه‌بێت وته‌بێژێكی ده‌بێت نه‌ك هه‌ر به‌شدارێكی دراماكه به ئاره‌زووی خۆی لێدوان له‌باره‌ی نهێنی و ئاستی دراماكه بدات… بۆیه ئه‌مه‌ش ده‌رهێنه‌ری به ئه‌زموون (ناسر حه‌سه‌ن)ی ناچار كرد له وه‌ڵامی پاساوه‌كانی ده‌رهێنه‌ری دراماكه له‌باره‌ی ئاستی لاوازی دراماكه، بڵێت: ئه‌م جۆره درامایه نه‌كردنی باشتره، نه‌ك به‌م ئاسته بكرێت.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure