15/6/2019 11:11 AM

یانە شەوانەكەی جەدە ئاگری لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بەرداوە

كردنەوەی یانەیەكی شەوانە لە جدەی سعودیە ئاگری لە بەكارهێنەرانی سعودی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەرداوەوەو مشتومڕێكی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوەو  دەڵێن چۆن دەبێت شوێنێكی لەوجۆرە لە تەنیشت مەكەی پیرۆز بێت.

دوای دامەزراندنی دەستەی گشتی خۆشگوزەرانی لە وڵاتی سعودیە بەمدوایانە كرانەوەیەك بەدیدەكرێت،  دەستەكە رایگەیاندووە ئامانجیان پەرەپێدانی بواری خۆشگوزەرانی و دابینكردنیەتی بۆ سەرجەم توێژەكانی كۆمەڵگەی سعودی.

دوای دوبەی و بەیروتی پایتەختی لوبنانیش كە زنجیرەیەك یانەی شەوانەی (وایت)یان تێدا كرایەوە، لقێكی نوێی ئەو یانەیە لەڕووی دەریا لە جدەی سعودیە كرایەوەو شەوانە لە سەعات 10 تا سێی بەرەبەیان بەڕووی میوانەكانیدا دەكرێتەوە، بەڵام رێگا نادرێت خواردنەوە كحولییەكانی تێدا پێشكەشبكرێت، هەروەها هەركەسێكیش تەمەنی 18 ساڵانی تەواو نەكردبێت رێگای چوونە ژوورەوەی پێنادرێت.

كردنەوەی یانە شەوانەكەی جدە بەكارهێنەرانی سعودی لە تۆڕە كۆمەڵاتییەكان بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووەو مشتومڕێكی زۆری لێكەوتوەتەوە، تەنانەت گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی چركەساتی كردنەوەی یانەكەو دەنگی ئەو كەسەی شێوازی كاركردنی یانەكە رووندەكاتەوەو بە" دیسكۆیەكی بەڕێزە" و نرخی بلیتیشی لەنێوان 500 بۆ هەزار ریاڵدایە، لەلایەن بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە لەو وڵاتە دەستاودەستی پێكراوەو قسەی زۆری لەسەر كراوە.

هاوكات بەكارهێنەرانی سعودی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هاشتاگێكیان كردووە بە ناوی (دیسكۆ لە جەدە)و بە گەورەترین هاشتاگی دادەنێن كە خاوەنی زیاتر لە 37 هەوادارەو بەردەوامیش لە زیادبووندایە، بەڵام تائێستا دەستەی گشتی خۆشگوزەرانی سعودیە هیچ لێدوانێكی لەسەر كردنەوەی یانەكە نەداوە.

بەكارهێنەرانی سعودی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان داوایان لە بەرپرسانی وڵاتەكەیان كردووە هەڵوێستی خۆیان رابگەیەنن، چونكە نەگونجاوە لەگەڵ بنەماكانی ئاینیەكان و دابونەریت و رێگری لە كردنەوەی ئەو یانەیە بگیرێت، وەك خۆیان دەڵێن دەبێتە سەرچاوەی "خراپەكاری و نانەوەی ئاژاوە" لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵگەی سعودیدا.

سیرج تەراد بەڕێوەبەری پەیوەندییە هەرێمییەكانی كۆمپانیای وایت تەئكیدی لەسەر ئەوە كردوەتەوە كە یانە شەوانەكە گونجاوە لەگەڵ تەواوی لایەنە شەرعییەكانی سعودیەو كردنەوەشی بە شێوەیەكی كاتییە لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی ساڵانەی جەدە.


خاك - ئاژانسەكان 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved