20/6/2019 03:07 PM

خەیاڵەكانی گەلاوێژ لەئامڕازەوە بۆ ئامانج

 

پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

كاتێك، لەبەرهەمە ئەدەبییەكاندا، گوێبیستی ووشەو زاراوەی خەیاڵ دەبین ئەوا یەكسەر دەیبەستینەوە بەجیهانی ڕۆمانسیزم بەوپێیەی خەیاڵ كارێكتەر وخەسڵەتێكی هەرە سەرەكی وكاریگەری ڕێبازی ڕۆمانسیزمە.بەڵام ڕاستیە هەڵسەنگاندنییەكان ئەوە دەسەلمێنن كەڕۆمانسیزمیش سەرچاوەیەكی بەنرخی واقیعە و سەرجەم بابەتەكانی دەرئەنجامی واقیع لەدایك دەبن بەنموونەی بێبەشبوون ونادادپەروەری سۆسیۆڵۆژی وئێش وئازار وهەژاری...هتد.گەر سەیرێكی بەرهەمەكانی ڕۆسۆ( 1712 -1778) بكەین،كەیەكێكە لەپێشەنگەكانی شۆڕشی فەڕەنسی وڕێبازی ڕۆمانسیزم لەئەدەبیاتی فەڕەنسیدا،ئەوا بەئاشكرا تێبینی ئەوە دەكەین كەنووسەر لەنزیكەوە دەیەوێت گۆڕانكاری لەسستمی ژیان وحوكم وئەدەب وواقیعدا بكات،نووسینەكانی بەنموونەی "كردارەكانی ئیمێل" و"دانپیادان" و"خەونی گەڕۆكێك" دەرئەنجامی ئارگیومێنتە فیكری وسیاسی وفەلسەفییەكانە.ئەمەش لەپێناو ڕزگاربوون یان دەربازبوون لەنەریتە سۆسیۆڵۆژییەكانی كۆمەڵگا،بەڵكو دەیەوێت ڕۆڵی خود لەكۆمەڵگادا گەورەتر وجوانتر بكات تا ئەم خودە،لەپێناو بەرژەوەندییە گشتییەكاندا، كارلێكێك لەگەڵ كۆمەڵگادا دروست بكات.بەمەش بانگەوازەكانی بۆ یەكسانی ودادپەروەری وبرایەتی لەڕوانگەی چەمكە مرۆڤایەتییەكانەوە بوو وەك ئەوەی بیەوێت دروشمی شۆڕشەكەی سنووری كۆمەڵگاكەی تێپەڕێنێت وبەرەو جیهانی گەورەتر هەنگاو بنێت. گەلاوێژیش،لەبۆچوونە فیكری وسۆزداری وهەستییەكانیدا، هەمان ڕێچكەی گرتووە.لەلایەكەوە واقیعی كردووە بەناوەڕۆكی بابەتەكانی،لەلایەكی تریشەوە خەیاڵ كەرەستەیەكی هەرە بەنرخی بیركردنەوەكانێتی.ئەمەش بەومانایە نایەت كەبەخەیاڵە وەهمییەكان بەرهەمەكانی پڕ بكاتەوە بەڵكو لەخەیاڵدا دیمەنە نەبینراوەكانی واقیع دەدۆزێتەوە كەبەمە دەگوترێت خەیاڵی داهێنەرانە،یان خەیاڵی بونیادنەرانە.لێرەدا هاوێنەكانی گەلاوێژ تیژترە لەو واقیعەی كەلەلای تێكڕای خەڵكی دەبینرێت یان هەستی پێدەكرێت.ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەگەلاوێژ واقیع لەڕێگەی خەیاڵە داهێنەرەكانەوە ڕاڤە دەكات.لەلایەكی ترەوە خەیاڵەكانی هۆكارێكی كاریگەرە بۆ ئازادكردنی هەستە داخراوەكان،بەوپێیەی خەیاڵەكەی دەتوانێت هەڵوێستەیەكی نۆی لەدید وبۆچوونی تاك بخوڵقێنێت كەناوەڕۆكەكانی پەیوەندی بەمەسەلە هەستیارەكانی تێكڕای خەڵكییەوە هەیە.واتە خودە بزێوەكان، بەنموونەی گەلاوێژ،هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدان كەخودی خۆیان بكەن بەقوربانی بەرژەوەندییە گشتییەكان وئەوەندەی بەرژەوەندی تێكڕای خەڵكیان مەبەستە ئەوەندە بیر لەبەرژەوەندییە تەسكەكانی خۆیان ناكەنەوە.بەئاڕاستەیەكی جیاوازتر،گەلاوێژ لەپێناو كۆمەڵگاكەیدا دەیەوێت لەیاساكانی چینی باڵا دەرباز بێت چونكە لەبنەڕەتدا خۆی بەئەندامێكی كۆمەڵگا گشتگیرییەكە دەزانێت ونایەوێت،لەپێناو خواستێكی میتریاڵی، سنووری ئەو كۆمەڵگایە ببەزێنێت.ئەمەش بەمەبەستی جووڵەی تێكڕای خەڵكی كەبەدرێژایی زەمەنی كڵاسیزم لەژێر هەڕەشەی یاساكانی كڵاسیزمدا گوزەریان دەكرد.لەم ساتە وەختەدا ناوەڕۆكی بابەتە بەرهەمییەكانی گەلاوێژ بەشێوازی ستوونی(شاقووڵی) دێتە خوارەوە نەك پێچەوانەكەی (ستوونی بەرەوژوور)،ئەمەش بەوپێیەی شاقووڵیە بەرەوخوارەكە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەواقیعی ژیانەوە هەیە.بەڵام بۆ دۆزینەوەی مانا شاراوەكان،گەلاوێژ،ئەم جارەیان،ناچارە بەرەو شاقووڵییە بەرەوژوورەكان بڕوات،ئەمەش بەخەیاڵەكە ئەنجام دەدرێت نەك كەرەستە واقیعییەكان.زۆر جار گووتومانە كەبەرهەمەكانی گەلاوێژ لەواقیعەوە سەرچاوەی گرتووە،ئەمە لەجێگەی خۆیەتی،بەڵام دۆزینەوەی ماناكان وچارەسەری مەسەلە هەستیارەكان،هەندێك جار،پێویستیان بەگەشتە خەیاڵییەكانە چونكە ستراتیژییەتی ئەو جۆرە گەشتانە بریتیە لەڕاڤەكردن وهەڵسەنگاندن وتێگەیشتنی مانای مەسەلەكان كەئەمە بەتێگەیشتنە عەفەویی وسەرپێییەكان ئەنجام نادرێت.گەر ڕۆمانی "لەسەر باڵی سیمرخ"وەك نموونە وەربگرین ئەوا ناوەڕۆكی ڕووداوەكەی، بەشێوە سادەییەكەی، بریتیە لەناردنی كێشەی جوگرافی وسیاسی كورد بۆ نێو ئەو كۆنفراسە نێو دەوڵەتییەی كەلەئەسینای پایتەختی یۆنان ئەنجام دەدرێت بەنێوی"مافی گەلانی زۆرلێكراو".لێرەدا مێژووی كۆن وهاوچەرخی كوردی ئەوەمان پێدەڵێن كەكورد بەدرێژایی زەمەنی بیركردنەوە لەژێر گوشاری هێز ودەسەڵاتی بێگانە ودەرەكیدا بووە.ئەم هێزە دەرەكییە،هەرجارەو بەشێواز وتەكنیكێكی تازە ونوێوە،مامەڵەی بێ ویژدانانەیان بەرامبەر كورد كردووە.لەبەرامبەردا كوردیش بەدرێژایی ئەو زەمەنە وبەشێوازی جیاواز هەوڵی ڕزگاربوونی خۆی داوە.ئەمەشی بەڕەوای یاسایی خۆی زانیوە.بەڵام ڕۆمانەكە بەدیوە قووڵەكەی چەندین مانا لەخۆ دەگرێت،لەوانە ساویلكەیی تاك ودەسەڵاتی كوردی،خۆشباوەڕی ئەو دەسەڵاتە بەنەیارەكانی،گاڵتەجاری دەسەڵاتە زلهێزەكانی جیهان بەكورد وهاوشێوەكانی،لێك تێنەگەیشتنی ناوخۆی تاكی كورد كە هەریەكەیان بەئاڕاستەیەكی جیاواز كار بۆ بازنەكانی خۆی دەكات،ململانێ بێ ماناییەكانی دەسەڵاتی ناوخۆ كەهیچ كامیان لێبووردەیی نیە بۆ بەرامبەرە هاوڕێكەی.هەموو ئەمانە،لەڕێگەی فرە كارێكتەر وكەسێتییەكانی نێو ڕۆمانەكە،لەلایەكەوە، بوونیان هەیە.لەلایەكی تریشەوە خەیاڵە بەرهەمهێنەرەكانی گەلاوێژ لەڕووبەرێكی زەمەنی وجێگەیی دیاریكراودا زۆر بەخێرایی ماوەكان دەبڕن ولەو ماوەیەشدا كۆمەڵێك نهێنی ترمان پێدەبەخشێت وەك ئەوەی سەرجەم ئەو كۆنفراسانەی كەبۆ گەلانی ژێردەستە وزەوتلێكراو ئەنجام دەدرێت ئەوا ژێربەژێر پێچەوانەكانی ڕاستر دەردەچێت هەروەك چۆن لەنێو كۆنفراسەكەی ئەسینای یۆنان دروشمەكە گۆڕا بۆ "ژینگە ومەترسییەكانی ئۆزۆن".واتە گەلاوێژ دووردەكەوێتەوە لەزەمەنی واقیعی گێڕانەوە سروشتییەكان بەڵكو لەبری ئەمە پەنا بۆ زەمەنی چیرۆك دەبات كەئەم جۆرە لەزەمەن پەیوەست نابێت بەزەمەنە واقیعییەكان.بەمانایەكی ڕوونتر گەلاوێژ ئەركی زەمەن دەخاتە سەر خەیاڵ كەبەهیچ شێوەیەك ملكەچی زەمەنە دیاریكراوەكانی واقیع نابێت.بەمەش خەیاڵەكانی گەلاوێژ لەدەربڕینێكی واقیعییەوە دەچێتە نێو دەربڕینێكی هێمایی یان ئاماژەییەوە چونكە نایەوێت ڕاستەوخۆ ناوەڕۆكی گێڕانەوەی ڕۆمانەكەی بخاتە بەردەست خوێنەرەوە،بەڵكو ووردەكاری پشت ئەو گێڕانەوەیە دەخاتە ئەستۆی خوێنەرە نموونەییەكان تا لەنزیكەوە ئەوانیش بەشدار بن لەڕاڤەكردن وتێگەیشتن وهەڵسەنگاندنی ناوەڕۆكەكە.واتە مەبەستێتی:
یەكەم/جووڵەیەكی ووزەبەخش بدات بەوەرگر.لێرەدا ڕێژەی خەیاڵەكانی گەلاوێژ یەكسان دەبێت بەڕێژەی خەیاڵەكانی وەرگر بەوپێیەی ئەم وەرگرەش خاوەن دەسەڵاتێكی مەعریفییە وناكرێت پشتگوێ بخرێت.ئەمەش بەو مانایەی گەلاوێژ دەیەوێت دەزگایەكی بیركردنەوەی هاوبەش لەسەر ئاستی هەرێمی ونەتەوەیی دروست بكات چونكە نامەكەی گەلێك لەخودی خۆی بەگەورەتر وپیرۆزتردەزانێت.
دوهەم/تێكڕای خەڵكی جیاوازییەكان ئەنجام بدات لەنێو جیهانی میتریاڵیزم وجیهانی ئایدیاڵیزمدا وەك ئەوەی دەسەڵاتە زلهێزەكانی جیهان هەمیشە بەدوای بەرژەوەندییە میتراڵییەكاندا دەگەڕێت وگەلاوێژ وهاوشێوەكانیشی بەدوای جیهانە ئایدیاڵیزمەكاندا. بەمانایەكی تر،خەیاڵەكانی گەلاوێژ هێزێكی ووزەبەخشە بۆ چەمكی بەراووردكاری لەنێوان ئەو دوو جیهانە جیاوازە.بەمەش لەبری ئەوەی تێكڕای خەڵكی مامەڵە لەگەڵ زەمەنە واقیعییەكاندا بكەن ئەوا خەیاڵَەكانی گەلاوێژ دەبێتە سەرچاوە ویارمەتدەرێك بۆ كورتكردنەوە وبڕینی زەمەنەكان.
سێهەم/ جێگۆڕكێی زەمەنەكان لەزەمەنی واقیعەوە بۆ زەمەنە فانتۆمییەكان بەوپێیەی واقیع لەزۆر دۆخەكانیدا توانای دەرخستنی زانیارییەكانی نیە،بەڵكو زۆر مەسەلە وشت هەن بەشاراوەیی دەمێننەوە.بۆ نموونە هەڵسوڕاوانی كۆنفراسەكە بەفۆڕم خاوەنی دروشمێك بوون،بەڵام لەڕاستیە شاراوەكاندا دروشمێكی تریان دانابوو كەنوێنەرانی كورد پێش كۆنفراسەكە ئەو زانیاریانەیان نەبوو.دروشمە ڕیكلامییەكە بریتی بوو لە"مافی گەلانی زۆرلێكراو".دروشمە شاراوەكەش بریتی بوو لە"ژینگە ومەترسییەكانی ئۆزۆن"كەئەمە دوو شتی زۆر جیاوازن.ئەركی گەلاوێژ،لێرەدا،تەنها گێڕانەوەی ڕۆمانەكەی نیە بەڵكو دەیەوێت تێگەیشتنێك لای خوێنەر دروست بكات كەجیهانی دەسەڵاتە زلهێزەكان هەمیشە بەو جۆرە هەڵسوكەوت لەگەڵ بەرامبەرە لاوازەكاندا دەكەن.بەمەش ڕووداوەكە دەچێتە دەرەوەی ئەو گێڕانەوەیە وتەنها زەمەنێكی دیاریكراو بەرجەستە ناكات.
چوارهەم/دۆزینەوەی هاوكێشە بابەتییەكان وئاماژەكردن بەدەستەواژە ماناییەكان.ئەم دۆزینەوەیە بەكردارە واقیعییەكان وەك پێویست ئەنجام نادرێت بەڵكو بەگەڕانی دوای مانا نهێنی وشاراوەكان ئەنجام دەدرێت،ئەویش لەڕێگەی پەنابردنە بەر چەمكی خەیاڵە خوڵقێنەر وداهێنەرەكان.لەگۆشەیەكی ترەوە،واقیع لەزۆر دۆخەكانیدا بەكاری نمایشی وئارایشتی هەڵدەستێت وزۆربەی كات فۆڕمەكان چەندین دەمامك دەپۆشن ،لێرەشەوە ڕاستییەكان تووشی ئاڵۆزی وگرژی دەبن.گەلاوێژ ،بەسوود وەرگرتن لەبیركردنەوە شاقووڵییە بەرەوژوورەكان هاوكێشەیەكی بابەتی دروست دەكات لەنێوان خۆی ومەسەلەی نەتەوەكەی وەك ئەوەی ناوەڕۆكی بابەتەكانی تەرخان كردبێت بۆ بیركردنەوە قووڵەكان كەبەلای تێكڕای خەڵكییەوە زۆر نامۆیە چونكە وەك پێویست ڕاهێنانیان لەسەری نەكردووە.
لەهەموو ئەمانەدا دەگەین بەو ئەنجامەی كەخەیاڵە بونیادنەرەكان توانای دروستكردنی واقیعە ڕاست ودروستەكەی هەیە.بۆ گەیشتن بۆ ئەم مەبەستە هەماهەنگی نێوان بەرهەمهێنەر ونامە ووەرگر وخوێنەر پێویستییەكی مەعریفییە.لەلایەكی ترەوە خەیاڵە بونیادنەرەكان توانای خوڵقاندنی زمانێكی دەربڕینی كاریگەری هەیە ،كەلەلایەكەوە، توانای كۆكردنەوەی تاكەكانی هەیە ولەلایەكی تریشەوە ماناكان گەورەتر وچڕتر دەكاتەوە.بەمانایەكی جیاوازتر،لەشێوازی شاقووڵی بەرەوخوار پرسیارەكان لەواقیعەوە سەرچاوە دەگرن كەئاشنایەتی پێش وەختیان لەگەڵ تێكڕای خەڵكیدا هەیە.بەڵام لەشاقووڵییە بەرەوژوورەكاندا وەڵامەكان پێش پرسیارەكان دەكەون.واتە گەلاوێژ وهاوشێوەكانی لەشاعیر ونووسەرەكان نایانەوێت بەشێوازە كڵاسیكییەكان وەڵامی پرسیارەكان بدەنەوە بەڵكو بەپێچەوانەوە سەرەتا لەبیرو هزری خۆیاندا چەند وەڵامێكیان تۆمار كردووە تا بزانن ئایندەی پرسیارەكان بەرەو كوێ دەڕوات.ئەوەتا گەلاوێژ،وەك گێڕەوەرێكی بەئاگا،پێش ئەوەی چاوەڕوانی پرسیاری تێكڕای خەڵكی یان پرسیارە لۆژییەكانی زەمەنی فیكری وسیاسی بێت ئەوا چەند وەڵامێك دەخاتە بەردەم تێكڕای خەڵكی وخوێنەرەوە بەنموونەی ئەوەی كورد چیتر پێویست ناكات پشت بەبانگەواز ودروشمی جیهانە زلهێزەكان ببەستێت،بەڵكو لەنێو وەڵامەكاندا هەوڵیداوە كەدەمامكی ئەو جیهانە جادوگەریانە بخاتە ڕوو.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved