26/6/2019 02:23 PM

تووڕەیی بۆ مردنی کەسانی بەتەمەن زۆر لە خەمباری خراپترە

تووڕەیی بۆ  تەندروستیی کەسانی بەتەمەن زۆر لە خەمداگرتوویی خراپترە و دەتوانێت ببێتە هۆی هەوکردن کە سەرچاوەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک نەخۆشیی دڵ، ئێشی جومگە و شێرپەنجەیە.


میگان بارلۆ لە زانکۆی کۆنکۆردیا و بەرپرسی توێژینەوەکە دەڵێت "لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن، زۆربەی کەسەکان ناتوانن ئەو کارانە بکەن کە پێشتر دەیانکرد یان لەوانەیە جوڵەی جەستەیان کەم ببێتەوە و زیاتر تووڕە ببن. توێژینەوەکەی ئێمە دەریدەخات کە تووڕەیی دەتوانێت ببێتە هۆی تەشەنەسەندنی نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە کاتێکدا خەمباری وا نییە."
بارلۆ و هاوکارەکانی لەسەر ئەوە لێکۆڵینەوەیان کرد کە داخۆ تووڕەیی و خەمباری دەبنە هۆی هەوکردن. هەوکردن وەڵامێکی بەرگرییانەی جەستەیە لە بەرامبەر مەترسییەکانی وەک تووشبوون بە نەخۆشی یان زیانگەیشتن بە شانەکان. هەرچەند کە هەوکردن بە گشتی یارمەتیی پاراستنی لەش دەدات و لە چارەسەری نەخۆشییەکاندا یارمەتیدەرە، هەوکردنی دریژخایەن دەتوانێت ببێتە هۆی نەخۆشی.


توێژەران زانیاری ٢٢٦ کەسی بە تەمەنیان لە نێوان ٥٩ بۆ ٩٣ ساڵ کۆ کردەوە. بەشداربووانیان بەسەر دوو پۆلی ٥٩ بۆ ٧٩ ساڵ و ٨٠ ساڵ بەرەوژوور دابەش کرد. لە ئەنجامدا دەرکەوت کە ئەو کەسانەی گرووپی دووهەم ڕۆژانە تووڕە بوون ئاستی هەوکردن و نەخۆشیی درێژخایەنیان زیاتر بووە. ئەم ئەنجامە بۆ گرووپی یەکەم واتە ٥٩ بۆ ٧٠ ساڵ بەو شێوەیە نەبوو.


بارلۆ دەڵێت، خەمباری لەوانەیە یارمەتیدەری کەسەکان بێت بۆ ئەوەی لەگەڵ کێشە جەستەیی و مێشکییەکانی تایبەت بە پیری خۆیان بگونجێنن و سەرقاڵی ئەو ئامانجانە نەبن کە چیتر بە هۆی تەمەنییانەوە ناکرێت پێیان بگەن. توێژینەوەکە دەریدەخات کە هەموو هەستە نەرێنییەکان لە خۆیاندا خراپ نین و لەوانەیە لە هەندێک بارودۆخدا باش بن.







زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved