27/6/2019 10:52 AM

داوای بەكارهێنانی ئاردی بۆر دەكرێت

بەهۆی زیانی زۆری بۆ تەندروستی هاووڵاتیان، پێشنیاری بەکارهێنانی ئاردی بۆر لەجێی ئاردی سپی دەکرێت بۆ نان کردن.

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەكان لەگەڵ نوێنەری نانەواخانەو سەمونخانەكانی سلێمانیدا كۆبووەوەو پێشنیاری بەكارهێنانی ئاردی بۆر لەبری ئاردی سپی و قەدەغەكردنی سۆدە لە دروستكردنی ناندا تاووتوێكرا.

لە كۆبوونەوەكەدا لەڕووی زانستیيەوە ئەوە روونكرایەوە بەكارهێنانی "ئاردی سپی" زیان بە تەندروستی هاووڵاتیان دەگەیەنێت و بەكارهێنانی "ئاردی بۆر" لەرووی تەندروستيیەوە گونجاوەو هیچ زیانێكی تەندروستی نیە, هەروەها بەكارهێنانی سۆدە لەبەر زیانە زۆرەكەی لەسەر تەندروستی هاووڵاتیان قەدەغە كراوە.

راشيگەیاند: ئەوەی بەدیدەكرێت لە شاری سلێمانی خواست لەسەر "نانی سپی" زیاترە وەك لە "نانی بۆر" بەڵام لەرووی تەندروستیيەوە دەركەوتووە كە نانی بۆر گونجاوترە بۆ خواردن.

لە كۆبوونەوەكەدا پێشنیار كرا بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عێراق لەرێگەی ئاشەكانەوە گونجاوترین جۆری ئارد بەرهەمبهێنرێت و لە بازاڕەكاندا بە نرخێكی گونجاو بۆ نانەواخانەو سەمونخانەكان دابینبكرێت, تاكو نانێكی تەندروست بە نرخێكی گونجاو بگات بە دەستی هاووڵاتیان.


خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved