29/6/2019 04:36 PM

ئەگەر ویستمان

"ئەگەر ویستمان"
مەحموود دەروێش
وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی


ئەگەر ویستمان، ئەو دەمە ئەبینە میللەت
کە زانیمان.. نە ئێمە فریشتەین و 
نە خراپەش بەتەنها پیشەی ئەوانی ترە
ئەو دەمە ئەبینە میللەت
نوێژی شوکرانە بۆ نیشتمانی پیرۆز نەکەین 
گەر هەژارێ.. نانێکی هەبوو بۆ ژەمی ئێوارێ..
ئەو دەمە ئەبینە میللەت
کە توانیمان بێ دادگایی
جنێو بە دەرگاوانی سوڵتان و سوڵتان بدەین
ئەو دەمە ئەبینە میللەت
کە شاعیرێ توانیی بێپەردە 
وەسفی.. سکی ژنەسەمازانێ بکا
ئەو دەمە ئەبینە میللەت
ئەو قسانە فەرامۆش کەین کە عەشیرەت پێمان ئەڵێ
تاکەکەسیش شتی ورد بەرز ڕاگرێ
ئەو دەمە ئەبینە میللەت
کە نووسەرێ.. لە ئەستێرەکان ئەنواڕێ
نەڵێ: وڵاتەکەی ئێمە بەرزترین و جوانترینە!
ئەو دەمە ئەبینە میللەت
پۆلیسی ئەخلاق ڕێ لەوە بگرێ
لەسەر شەقامەکان.. لە شۆخ یا زیناکار بدرێ
ئەو دەمە ئەبینە میللەت
تاکی ئێمە تەنها لە یاریگاکان و 
کێبڕکێی جوانی و ڕۆژی ڕەشیدا
ئاڵاکەی بە یادا نەگوزەرێ
ئەگەر ویستمان، ئەو دەمە ئەبینە میللەت
ڕێ بە سترانبێژێ بدرێ
لە شاییدا ئایەتێک 
لە "سوورەتی ڕەحمان" بچڕێ
ئەو دەمە ئەبینە میللەت
هەر یەکێکمان
هەم ڕێز لە ڕاستی و هەم ڕێز لە هەڵەش بگرێ.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved