1/7/2019 09:05 AM

سلێمانی..بڕیاری نوێ لەبارەی پاراستنی ژینگەوە دەدرێت

گروپی ژینگەدۆستی پێشنیاری نوێ لەبارەی پاراستنی ژینگە دەخەنە بەردەستی حكومەت و پشتگیریش بۆ كاری لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لەبارەی پاراستنی ژینگەوە دەخەنەڕوو.

گروپی ژینگەدۆستی سەردانی قائیمقامیەتی سلێمانییان كردو لەگەڵ ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی كۆبووەو گفتوگۆیان كرد لەبارەی ئامانج و كارەكانی گروپی ژینگەدۆستی و لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت لەبارەی پاراستنی ژینگەو بڵاوكردنەوەی هۆشیاری كرا.

قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: پاراستنی ژینگە یەكێك بووە لە ئامانجە سەرەكییەكانمان و بەوپێیەش كە 30%ی پیشەسازی عیراق لە سنوری پارێزگای سلێمانیدایە لیژنەی تایبەت بە پاراستنی ژینگەمان هەیە كە رێگری لە پیسبوونی ژینگە دەكات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا چەند بڕیارێكی گرنگمان لە بەرژەوەندی تەندروستی هاووڵاتیان دەركردووەو هۆكاری سەرەكین بۆ پاراستنی ژینگە، لەوانە قەدەغەكردنی سەتڵی رەنگاوڕەنگ بۆ ماست و شیرەمەنییاكان و بڕیاری بەكارهێنانی زەرفی كاغەز لەبری زەرفی نایلۆن لە نانەواخانەو سەمونخانەكان، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاری قەدەغەكردنی بڵندگۆ (مكەبەرە) لەلایەن دوكان و دەستگێڕەكانەوە دەركراوەو جێبەجێ دەكرێت.

قائیمقامی سلێمانی پشتگیری خۆیشی بۆ پرۆژەی ژینگەدۆستی نیشاندا كە نزیكەی چوار هەفتەیە لەلایەن ژمارەیەك پزیشك و ژینگە دۆستەوە راگەیەنراوەو توانیویانە شوێندەستی خۆیان دیاری بكەن و هۆشیاری بدەنە هاووڵاتیان.

د.ئاوەنیا ئارام پزیشكی گشتی و بەڕێوبەری پرۆژەی ژینگەدۆستی رایگەیاند: پرۆژەكەی ئێمەو لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی یەك ئامانجی هەیەو دەمانەوێت رۆڵمان هەبێت لە پاراستنی تەندروستی و ژینگەی هاووڵاتیان و ناوچەكەمان، قائیمقامی سلێمانیش پشتگیری بۆ كارەكانمان دەربڕی و لیژنە هاوبەشەكانی راسپارد هەماهەنگی زیاترمان هەبێت و خۆشبەختانە كە سەرەڕای تەئكیدكردنەوە لە بڕیارەكانی پێشتر، بڕیاردرا لە قۆناغی یەكەمدا لە چێشتخانەو رێستۆرانتەكاندا سەتڵی تایبەت بە ماددە پلاستیكییەكان دابنرێن و پاشمانەی پلاستییكییەكان تێكەڵی ماددەو خۆراكەكانی ترنەكرێن، لەهەمانكاتدا  لە تەواوی نانەواخانەكاندا لەبری زەرفی نایلۆن زەرفی كاغەز بەكاربهێنرێت لە تێچووەكەی هەمان تێچووی زەرفە نایلۆنەكەیەو لەرووی ژینگەیشەوە دروسترە.

خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەت 







زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved