2/7/2019 04:18 PM

لەیلا قاسم


لەیلا قاسم،  ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێكی هەژار و نیشتمانپەروەری كورد لەدایكبووە. قاسم حەسەنی باوكی لەیلا، كرێكاری كۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی ئەلوەند بوو. دوای ئەوەی قاسم خانەنشین كراوە، ساڵی ١٩٧١ لە خانەقینەوە ماڵیان گواستۆتەوە بۆ بەغدا. 
لەیلا قاسم بۆ یەكەمجار لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەكانی سەرەتایی و دواناوەندی لەم شارە تەواو كردووە. لەیلا لە ساڵی ١٩٧١دا لە بەشی كۆمەڵناسی كۆلێژی ئادابی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە. هەر لە تەمەنی منداڵییەوەی هەژاری و نەداری چەشتبوو، لەلایەكیش و زوڵم و زۆرداری ڕژێمی عێراق لەسەر گەلی كورد، بیری ئازادیخوازانە و خەبات و تێكۆشانی لەلای لەیلا قاسم دروستكردبوو.
لەیلا هەر زوو ئاشنایەتی لەگەڵ بزووتنەوە و ڕێكخستنەكانی نەتەوەكەیدا پەیداكرد. ساڵی ١٩٧٠ لە ڕێگای سەلام قاسمی برا گەورەكەیەوە پێوەندی بە بزاڤی سیاسیی نەتەوەكەیەوە كردووە و لەنێو ڕیزەكانی 'یەكێتیی قوتابیانی كوردستان' خەبات و تێكۆشانی بەڕێوەبردووە. لەیلا ساڵی ١٩٧٠ بویە ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان. لەیلا قاسم لەنێو خوێندكارە كوردەكانی زانكۆی بەغدا ڕۆڵێكی كاریگەری هەبووە لە وشیاركردنەوە و ڕێكخستنیان. 
لەگەڵ بەرفراوانبوونی شەڕەكان لە ساڵی ١٩٧٤دا، دەزگا هەواڵگرییەكانی ڕژێمی بەعس بەردەوام و زۆر بەتوندی چاودێری یەك‌بەیەكی تاكەكانی كوردییان دەكرد. بۆیە ئەوەندەی نەبرد لە ڕۆژی 28/4/1974 دا لەیلا قاسم و چوار لە هاوڕێكانی (جەواد هەمەوەندی، نەریمان فوئاد ، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران) لە ئەنجامی هەڵمەتێكی بەرفراوانی هێزەكانی ئاسایش و سەربازی ڕژێم لە بەغدا دەستگیركران.
لەیلا قاسم كچێكی چاونەترس و زیرەك بوو لەڕووی وەڵامی پرسیارەكانی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری بەعسدا بێ باكانە ڕایگەیاندبوو: بە كوشتنی من هەزاران كورد لە خەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم كە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری كوردستاندا دەكەم، هەموو ئازار و ئەشكەنجەیەك نەیتوانی بڕیاری پەشیمانی بە لەیلا دەربڕێت.
رژێمی بەعس بە مەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و چینی ڕۆشنبیری كورد یەكسەر دوای دەستگیركردنیان دادگایەكی نادادوەرانەی دژ بە لەیلا قاسم و هاوڕێكانی بەڕێوەبرد و بڕیاری لەسێدارەدانیانی بۆ دەركرد. هێشتا دوو هەفتە بەسەر دەستگیركردنیان تێنەپەڕیبوو، كە كاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی 12/5/1974 لەیلا قاسم و هەر چوار هاوڕێكەی لەسێدارەدرا.
خاك- بەیاد مەریوانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved