4/7/2019 04:16 PM

چۆن سه‌ره‌تای كورته‌چیرۆك ده‌ستپێبكه‌ین؟


عزیز حكیمی

له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم




بیرۆكه‌ی كورته‌چیرۆك زۆرجار له‌ گڵۆڵه‌به‌نێكی سه‌ر ونبوو یان له‌ تۆپه‌ڵه‌ ده‌زوویه‌كی ئاڵۆسكاو ده‌چێت وه‌ك «هه‌راتییه‌كان» ده‌ڵێن به‌ تۆپه‌ڵ دێته‌ مێشكه‌وه‌. ده‌ستپێكردنی كورته‌چیرۆك وه‌كو كردنه‌وه‌ی ئه‌و گڵۆڵه‌به‌نه‌ و دۆزینه‌وه‌ی سه‌ری داوه‌كه‌ی وایه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌ستپێك یان سه‌ره‌تا له‌ چیرۆكی درێژ و رۆمانیشدا گرنگه‌، به‌ڵام له‌ قاڵبی چیرۆكی درێژ و رۆماندا ئاسایی نووسه‌ر «له‌ رووی قه‌باره‌ی چیرۆك یان رۆمانه‌وه‌» ده‌رفه‌تێكی باشتری له‌به‌رده‌ستایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ری گڵۆڵه‌به‌نه‌كه‌ بدۆزێته‌وه‌ و بیكاته‌وه‌. به‌ڵام له‌ كورته‌چیرۆكدا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ زۆر كه‌متره‌، هه‌ر بۆیه‌ رسته‌كانی ده‌ستپێكردنی كورته‌چیرۆك نه‌ك ته‌نیا خوێنه‌ر بۆ خوێندنه‌وه‌ تامه‌زرۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ریتم یان تۆنی چیرۆكه‌كه‌ش هه‌تا كۆتایی ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن.
ده‌ستپێكردنی باش ده‌توانێ نووسینی باقی چیرۆكه‌كه‌ ئاسانتر بكات، به‌ڵام دۆزینه‌وه‌ی رسته‌كانی ده‌ستپێكی باش كارێكی هه‌روا ئاسان نییه‌ و له‌وانه‌یه‌ چیرۆكنووسان زۆرترین كاتی خۆیان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌ستپێكی چیرۆك ته‌رخان بكه‌ن. گه‌لێ شێوه‌ بۆ ده‌ستپێكی چیرۆك هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌موو ده‌ستپێكردنێك بۆ هه‌موو چیرۆكێك گونجاو نییه‌. له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵم داوه‌ له‌ چه‌ند شێوه‌یه‌كی باوی ده‌ستپێكی چیرۆك بكۆڵمه‌وه‌.

-1فه‌زا دروستكردن:

ره‌نگه‌ ده‌ستپێكی چیرۆك به‌ «فه‌زا دروستكردن یان زه‌مینه‌خۆشكردن- Scene-setting» باوترین شێوه‌ی ده‌ستپێك بێت. له‌ په‌ره‌گرافی یه‌كه‌مدا هیچ روونادات، به‌ڵكو سه‌ره‌تا چیرۆكنووس خوێنه‌ر به‌و شوێنه‌ ئاشنا ده‌كات كه‌ كاره‌كته‌ر یان كاره‌كته‌ری یه‌كه‌م یان سه‌ره‌كی لێیه‌. بۆ نموونه‌: چیرۆكی «نامه‌رد-ی خالد نویسا» به‌م رستانه‌ ده‌ستپێده‌كات:
«هه‌موو شتێك له‌به‌رچاوانی»ئه‌مروڵڵا» و دوو مناڵه‌كه‌ی و «مه‌لا دین محه‌مه‌د» رووی دا. ئاسایی هیچ كه‌سێ له‌ رۆژێكی خۆشی به‌هاردا كه‌ ئاسمان له‌ دوای باران ساف بووبێ و هه‌تاوێكی جوان و گه‌رمی شادیهێنه‌ر ئاراسته‌ی زه‌وی بكات، چاوه‌ڕێی رووداوێكی ناخۆش و شووم ناكات. به‌ڵام رووداوه‌كه‌ له‌ رۆژێكی ئاوادا رووی دا. ئه‌و رۆژه‌ ده‌تگوت كه‌ش و هه‌وا به‌جۆرێكه‌ كه‌ قابیلی دووباره‌بوونه‌وه‌ نییه‌. خۆر به‌ شێوه‌یه‌كی خه‌ندان، به‌ جۆرێك پرشنگی ده‌دا، وه‌ك ئه‌و وێنانه‌ی بۆ مناڵان ده‌كێشرێن، ده‌دره‌وشایه‌وه‌ و تیشكه‌ ئاڵتوونییه‌كانی به‌سه‌ر گه‌ڵا ناسكه‌كانی دار و دره‌خته‌كانی كه‌ناری ده‌ریا و گژ و گیا ته‌ڕ و تازه‌كاندا په‌خش ده‌كرد. ئه‌و گژ و گیایانه‌ی هه‌ر یه‌كه‌یان رێك و راست وه‌ك پیتی ئه‌لف قه‌دیان راست كردبۆوه‌. چه‌ند دره‌ختaێك له‌ رۆخی ده‌ریای دێوانه‌ «سالنگ» ده‌ستیان خستبووه‌ كه‌مه‌ریان و نه‌ونه‌مامه‌ چناره‌كان كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی جوان و رێك چێنرابوون، بۆ كێڵگه‌ و باخه‌كان وه‌كو دیوار و په‌رژین وابوون. كاتێ چیا سه‌وزه‌كان و ده‌ریای خرۆشاو و دیمه‌نه‌ جوانه‌كانی ده‌بینی ره‌نگه‌ له‌ دڵی خۆیدا وتبێتی، حه‌یفه‌ ئه‌م هه‌موو جوانی و ره‌نگینییه‌ له‌ رۆژێكدا به‌ ناوی قیامه‌ت وێران ببن.»
ئه‌و چیرۆكانه‌ی كه‌ به‌ فه‌زاسازیی یان زه‌مینه‌خۆشكردن ده‌ستپێیده‌كه‌ن، ده‌بێت بتوانن وێنه‌یه‌كی روون له‌ فه‌زای ده‌وروبه‌ری كاره‌كته‌ره‌ی سه‌ره‌كی چیرۆك له‌ زیهنی خوێنه‌ردا به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن و هاوكات باشتره‌ فه‌زاسازیی ئاراسته‌كراو بێت. به‌و مانایه‌ی ده‌ستبردنی چیرۆكنووس بۆ فه‌زا ده‌بێت به‌شێكی پێویست بێت بۆ چیرۆكه‌كه‌، نه‌ك ته‌نیا بۆ ده‌ستپێكردنی چیرۆكه‌كه‌ دروستكرابێت. له‌و چیرۆكانه‌دا كه‌ به‌ فه‌زاسازیی ده‌ستپێده‌كه‌ن، رووداو یان رووداوی سه‌ره‌كی دوو سێ په‌ره‌گراف دوای ئه‌وه‌ رووده‌دات.
ده‌ستپێكردن به‌ فه‌زاسازیی كاتێ گونجاوه‌ كه‌ ئه‌و فه‌زایه‌ به‌شێكی گرنگی چیرۆك بێت، یان ئه‌وه‌ی چیرۆكنووس مه‌به‌ستی بێت خوێنه‌ر بخاته‌ ناو فه‌زایه‌كی دیاریكراوه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت باشتر هه‌ست به‌ چیرۆكه‌كه‌ بكات و لێی تێبگات. بۆنموونه‌ ئه‌گه‌ر چیرۆك له‌ ده‌وروبه‌رێكی نائاشنا یان نه‌ناسراودا رووبدات وه‌كو «گۆڕستان له‌شه‌ودا، زیندانی ئینفرادی، یان مه‌ریخ»، ده‌ستپێكی باش ده‌توانێت وێنه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ به‌رجه‌سته‌ بكات.
به‌ڵام هه‌ندێ جار بیرۆكه‌ و پلۆتی چیرۆك له‌ فه‌زا یان زه‌مینه‌ گرنگتره‌. له‌و حاڵه‌ته‌دا باشتر وایه‌ ده‌ستپێكی چیرۆكه‌كه‌ به‌و بیرۆكه‌ و رووداوانه‌ بێت. ده‌كرێت فه‌زاسازیی له‌ په‌ره‌گرافی دووه‌م یان سێیه‌مدا بێت یان هاوكات له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی گێڕانه‌وه‌دا نووسه‌ر ده‌توانێت له‌ شوێنی گونجاودا شرۆڤه‌ی فه‌زاكه‌ش بكات. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر له‌باره‌ی دۆزینه‌وه‌ی لاشه‌یه‌كه‌وه‌ بێت له‌ گوندێك، له‌وانه‌یه‌ واباشتر بێت رسته‌كانی سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ لاشه‌كه‌وه‌ هه‌بێت، نه‌ك چه‌ند روونكردنه‌وه‌یه‌ك بێت له‌ باره‌ره‌ی گونده‌كه‌وه‌.

-2مملانێ:

هیچ كێشه‌یه‌كی تێدا نییه‌ ئه‌گه‌ر چیرۆك له‌ ململانێ یان «Conflict»ه‌وه‌ ده‌ستپێبكات و خوێنه‌ر هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بزانێت چی روویداوه‌. ململانێ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ سه‌رنجی خوێنه‌ر راده‌كێشێت و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ به‌ نووسه‌ر ده‌دات كه‌ ورده‌كاریی زیاتر سه‌باره‌ت به‌ فه‌زاسازیی یان كاره‌كته‌ر به‌ وه‌رگر بدات. بۆ نموونه‌ چیرۆكی «عه‌شقی سامسا»ی هاروكی موراكامی ئاوا ده‌ستپێده‌كات:
«كاتێ له‌ خه‌و هه‌ڵسا، هه‌ستیكرد بووه‌ به‌ گریگۆری سامسا. هه‌روا كه‌ له‌سه‌ر سیسه‌مه‌كه‌ له‌سه‌ر پشت كه‌وتبوو، سه‌یری بنمیچه‌كه‌ی ده‌كرد. ماوه‌یه‌كی پێچوو هه‌تا چاوانی له‌گه‌ڵ رووناكیی كزی ژووره‌كه‌دا راهات. بنمیچه‌كه‌، به‌ رووكه‌ش بنمیچێكی ئاسایی بوو. له‌ هه‌مان ئه‌و بنمیچانه‌ بوو كه‌ له‌ هه‌موو ماڵێكدا هه‌یه‌. سه‌روه‌ختێ ره‌نگی سپی بووه‌، له‌وانه‌شه‌ كرێمی روون بووبێ. به‌ڵام ته‌پ و تۆزی ساڵانێكی زۆر ره‌نگه‌كه‌ی گۆڕیبوو به‌ ره‌نگی شیرێك كه‌ رژابێته‌ سه‌ر زه‌وی. بنمیچه‌كه‌ دیكۆر نه‌كرابوو، هیچ خاڵێكی جیاكه‌ره‌وه‌ی تێدا نه‌بوو كه‌ شایانی باس بێت. نه‌ جوانكارییه‌كی ئه‌وتۆی تیابوو نه‌ هیچ په‌یامێكی هه‌ڵگرتبوو. بنمیچه‌كه‌ ته‌نیا رۆڵی خۆی هه‌بوو له‌ هه‌یكه‌لی خانووه‌كه‌دا و نه‌شیده‌ویست شتێكی دیكه‌ بێت.»
یه‌كه‌م رسته‌ی ئه‌م چیرۆكه‌ ته‌نانه‌ت به‌لای ئه‌و كه‌سانه‌شه‌وه‌ كه‌ نۆڤڵێتی «مه‌سخ»ی كافكایان نه‌خوێندۆته‌وه‌ و ئاشنای گریگۆری سامسا نین، سه‌رنجڕاكێشه‌. له‌ راستیدا یه‌كه‌م رسته‌ دوو پرسیار له‌ زیهنی خوێنه‌ردا قوت ده‌كاته‌وه‌ «كێ بووه‌ به‌ گریگۆری سامسا و بۆچی؟» كه‌ بۆ ده‌ستكه‌وتنی هه‌ردوو وه‌ڵامه‌كه‌ ده‌بێت به‌ وردیی چیرۆكه‌كه‌ بخوێنێته‌وه‌. موراكامی به‌ هۆشیارییه‌وه‌ وه‌ڵامی هه‌ردوو پرسیاره‌كه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی خوێنه‌ر و یه‌كسه‌ر دوای رسته‌ی یه‌كه‌م، به‌ خه‌یاڵێكی ئاسووده‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ خوێنه‌ر وه‌ڵامی پرسیاره‌كان ده‌زانێت، ده‌چێته‌ سه‌ر روونكردنه‌وه‌ی فه‌زا. ئه‌كشن یان رووداوی چیرۆك چه‌ند په‌ره‌گرافێك دوای ئه‌وه‌ رووده‌دات.
مه‌ترسی یان خه‌ته‌ری ده‌ستپێكردنی چیرۆك له‌ ململانێوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ پلۆتی چیرۆكه‌كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئاشكرا بكات. ئاسایی خوێنه‌ر حه‌زناكات چیرۆكێك بخوێنیته‌وه‌ كه‌ به‌ ئاسانی ده‌توانێت پێشبینی كۆتاییه‌كه‌ی بكات. به‌م پێیه‌، ده‌ستپێكردنێكی ئاوا پێویستی به‌ فۆرمێكی وردی چیرۆكه‌.

-3ره‌مز و راز:

كاتێ چیرۆكێك به‌ ره‌مز و راز «mystery» ده‌ستپێبكات، ئاسایی رسته‌كانی سه‌ره‌تا شتێكی تایبه‌ت له‌باره‌ی چیرۆكه‌كه‌وه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ ناده‌ن به‌ڵكو ئاماژه‌ بۆ ئه‌و رووداوه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بڕیاره‌ رووبدات. به‌ واتایه‌كی دیكه‌، سه‌ره‌تایه‌كی ئاوا تا راده‌یه‌ك وه‌رگر ده‌خاته‌ حاڵه‌تێكی نیگه‌رانیی و دوودڵییه‌وه‌ و ده‌زانێت بڕیاره‌ شتێك رووبدات، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانێت ئه‌و شته‌ چییه‌. ئه‌م شێوازه‌ ده‌ستپێكردنه‌ ده‌توانێت به‌ خێرایی سه‌رنجی وه‌رگر یان خوێنه‌ر به‌لای خۆیدا رابكێشێت و ناچاری بكات به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ چیرۆكه‌كه‌ بخوێنێته‌وه‌. بۆ نموونه‌ چیرۆكی «هه‌موو رۆژێك مردن»ی «قنبر مستغنی» به‌م رستانه‌ ده‌ستپێده‌كات:
« به‌ خێرایی سه‌رم ده‌بڕن. هێنده‌ی نه‌ماوه‌ له‌ ده‌ست ئازاری ژیان رزگارم بێت و پشوو بده‌م. چوار رۆژه‌ منیان هێناوه‌ و لێره‌دا به‌ندیان كردووم. سبه‌ی وه‌كو مه‌ڕێك رامده‌كێشن، یه‌كێكیان توند هه‌ردوو قاچم ده‌گرێت. یه‌كێكی تریشیان هه‌ردوو ده‌ستم، نه‌با په‌له‌قاژێ بكه‌م و چه‌قۆی تیژی گا سه‌ربڕینه‌كه‌یان له‌سه‌ر ملم لاده‌م»
له‌ ده‌ستپێكردنێكی ئاوادا، خاڵی ره‌مز و راز ده‌بێت به‌شێك بێت له‌ چیرۆكه‌كه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی ناسك به‌یان بكرێت. له‌ ده‌ستپێكردنی پڕ ره‌مز و رازدا چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ له‌ خوێنه‌ر ده‌كرێت بیر له‌ ئاماژه‌ یان نیشانه‌ دراوه‌كانی ناو رسته‌كان بكاته‌وه‌ و هاوكات ده‌بێت بتوانێت ئه‌و رستانه‌ به‌ درێژه‌ی چیرۆكه‌كه‌وه‌ گرێبدات. به‌م پێیه‌ چیرۆكنووس ده‌بێت دڵنیابێت له‌وه‌ی كه‌ ده‌توانێت له‌ رسته‌كانی سه‌ره‌تاوه‌ تا كۆتایی چیرۆكه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی جوان و ناسك راز و ره‌مزه‌كان ئاشكرا بكات و چاوه‌ڕوانیی یه‌كه‌م ساتی خوێنه‌ر بهێنێته‌دی.
سه‌رچاوه‌: nebesht.com




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved