سەرنج بدەن بزانن کام بەش لە ناخی ئێوە عاشق بووە. خودی پێنەگەیشتوو یان خودی پێگەیشتوو؟ کاردانەوەی هەر کام لەم دوو بەشە به نیسبەت پرسی عەشقەوە جیاوازه.
کاتێک ئێوە لە ڕێگای خودی پێنەگەیشتووەوە عاشقی کەسێک ئەبن ئەو هەستەی لە ئێوەدا پێک دێت پەیوەندییەکی ئەوتۆی به لایەنی بەرامبەرتانەوە نییه. ئەم هەسته زیاتر پەیوەندی بەو بابەتەوە هەیه کە ئەو چۆن ئێوەی خۆش بوێت.
لە وەها دۆخێکدا ئێوە تەنها چاوەڕوانی ئەوە ئەکەن لایەنی بەرامبەرتان به پێی خواست و حەزی ئێوە هەڵسوکەوت بکات و گەر شتێکیتر ئەنجام بدات ئێوە زوێر ئەبن و هەست ئەکەن ئیتر ناتوانن به بێ ئەو درێژە به ژیان بدەن.
بەڵام گەر لە ڕێگای خودی پێگەیشتووەوە عاشق بن، بەر لەوەی عاشقی کەسێک بن عاشقی خۆتان ئەبن. واته سەرەتا فێر ئەبن ناخی خۆتان پڕ بکەن لە ئەوین و دواتر ئەم عەشقە لەگەڵ کەسێکیتردا دابەش ئەکەن. لەم حاڵەتەدا ئیتر چاوەڕوانی ئەوە ناکەن کە خۆشەویستەکەتان ڕێک بەپێی پرەنسیپەکانی ئێوە بجووڵێتەوە، بەڵکوو عاشقی هەڵسوکەوتەکانی ئەو ئەبن. به واتایەکیتر ئەوتان نەک لەبەر ئەوەی پێداویستییەکانی ئێوە دابین ئەکات، بەڵکوو لەبەر خودی ڕاستەقینەی خۆی، خۆش ئەوێت.
بۆ ئەم مەبەستەش سەرەتا پێویستە لە ناخی خۆتاندا به شوێن ئەویندا بگەڕێن.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure