14/7/2019 04:07 PM

مامۆستا جەمال عەبدول


جەمال عەبدول محەمەد، بەرەبەیانی ١٨/١٠/١٩٤٠، لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە تەمەنی پێنج ساڵیدا، لە حوجرەی شێخ محێدینی قازانقایە و دوو ساڵی دواتر لە قوتابخانەی ئەییوبییە دەستی بە خوێندن کردووە، ساڵی ١٩٥٧ ئامادەیی و ساڵی خوێندنی ١٩٦٢- ١٩٦٣، بەشی کیمیای کۆلێژی پەروەردەی زانستگای بەغدای تەواوکردووە، ڕۆژی ١٢/١/١٩٦٤، بە مامۆستای ناوەندی شۆڕشی سلێمانی دامەزراوە، ساڵی ١٩٦٧، بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری ناوەندیی ناوبراو دانراوە.
لە ژیانی وەزیفەکەیدا، چەند پلەیەکی هەبووە، وەک:
یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئامادەیی سلێمانی کوڕان، ساڵی ١٩٦٩.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری ناوەندیی کاوە، ساڵی ١٩٧٠.
سەرپەرشتی پەروەردەیی، ساڵی ١٩٧١.
جێگری موتەسەڕیفی سلێمانی (سیروان جاف)، ساڵی ١٩٦٨، داوای لێکردووە، پۆستی یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی وەربگرێت، مامۆستای تری لە خۆی بە شیاوتر زانیوە و نەیکردووە، وتوویەتی «من چوار ساڵ خزمەتم هەیە، چۆن ئەبێت بیكەم؟ مامۆستای من هەیە، هێشتا مامۆستایە؟!» بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی (سامی حسێن نازم)، ساڵی ١٩٧٣، بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی، بۆ کاروباری نەخشەدانان دایناوە، م.جەمال دەورەیەکی شەش مانگیشی دیوە، پاشان بە هۆی تێکچوونەوەی بارودۆخی سیاسی، جێبەجێ نەکراوە. ئیتر ئەویش لەگەڵ هەموو ئەو خەڵکەدا، کە شار و سایەی شوومی ڕژێمی فاشستیان بەجێهێشتووە، ١١/٣/١٩٧٤، چووەتە پاڵ شۆڕش، لە ئامادەیی پێنجوێنی کوڕان، وانەی وتووەتەوە، چونكە پۆلی شەشەكەیان مامۆستای كیمیای نەبووە.
دوای دامەزراندنەوەی دامودەزگاکانی پەروەردەی ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان، بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی و کەرکووک دانراوە، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، ناچار لەگەڵ ئەو خەڵکەدا گەڕاوەتەوە شار، لە ساڵی ١٩٧٥ـەوە، تا ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١، لەسەر داوای خۆی، مامۆستای ئامادەیی ڕۆشنبیر بووە.
م.جەمال جگە لە پیشەی مامۆستایی، خەباتی سیاسیشی کردووە، سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابوردوو، پەیوەندیی بە ڕێکخستنی «پ.د.ک.»ـەوە کردووە، دوای تەواوکردنی خوێندن، لێپرسراوی لقی سلێمانیی و لێژنەی شاری کوڕان، لێژنەی باڵای کچانی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان و ئەندامی سکرتارییەتی یەکێتیی لاوانی کوردستانیش بووە، پاش بەشداریکردنی لە دووەم کۆنگرەی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە ١٠/٢/١٩٦٥دا، بۆ مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتیی ناوبراو هەڵبژێردراوە.
کادیرێکی کارای ڕێکخستنەکانی «پ.د.ک.» بووە، بەتایبەتی لە بواری چاپەمەنی و ڕاگەیاندندا. لەگەڵ ڕەوانشادان «نەوشیروان مستەفا، مەحموود مەلا عیزەت و ڕەفعەت مەلا عەبدولڕەحمان»دا، كارگێڕی لق بوون. دوای دامەزراندنی «ی.ن.ک.» پەیوەندیی لەگەڵ ڕێکخستنەکانیدا هەبووە و ڕژێمی بەعس، ١٤/٥/١٩٨٥ دەستگیری کردووە و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر، ٢١/١/١٩٨٦ ئازادکراوە.
لە کاتی دامەزراندنی یەکەم کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، داوای لێکراوە پۆستی وەزیری پەروەردە وەربگرێت، بە هۆی ئەوەی وەزارەتەکە بەر «پ.د.ک.» کەوتووە، پۆستەکەی بۆ نەسازاوە.
نزیکەی ساڵ و نیوێک، یەکەم پارێزگاری دوای ڕاپەڕینی شاری سلێمانی بووە «٥/٩/١٩٩٢- ٥/٣/١٩٩٤». نزیکەی پێنج ساڵیش، وەزیری ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە «٢٥/٧/١٩٩٤- ٢١/٨/١٩٩٩». هەر لەو کاتەشدا، سەرپەرشتی دووبارەکردنەوەی تاقیکردنەوەی گشتیی- بەکالۆری سێی ناوەندی و شەشی ئامادەیی پێ سپێردراوە.
م.جەمال، لە ٦/١/٢٠٠١ـەوە، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێم و سکرتێری گشتیی «ی.ن.ک.» بووە، بۆ کاروباری پەروەردە، خوێندنی باڵا و ڕووناکبیریی. لە ٢٧/٧/٢٠٠٧ـەوە، ئەندامی کارای «ئەکادیمیای کوردی»یە لە شاری هەولێر، سەرۆکی لێژنەی زاراوە و ئەندامی لێژنەی فەرهەنگی ئەکادیمیای ناوبراوە.
لە چەندین کۆڕ و سیمیناردا بەشداریی کردووە، دەیان بابەتی زانستی، نووسین و ڕەخنەی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوە، لە بواری هەردوو زانستی کیمیا و زاراوەسازیدا، هەوڵێکی بێوچانی داوە، بەپێی ئەو بیبلیۆگرافیایەی بۆی ئامادەکراوە، جگەلەوەی چەند کتێبێکی بۆ چاپ ئامادەن، لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩- ٢٠١٨شدا، دەیان بەرهەمی چاپکراوە:
٢٦ کتێبی بە تەنها نووسیوە.
یەک کتێبی بە هاوبەشی نووسیوە.
١٩ کتێبی بە تەنها وەرگێڕاوە.
١٩ کتێبی بە هاوبەشی وەرگێڕاوە.
بیبلیۆگرافیای ناوبراو، سەعات پێنجی ڕۆژی پێنجشەممە «٤/٧/٢٠١٩» لە هۆڵی «تەوار»ی شاری سلێمانی، بڵاودەکرێتەوە و پێشکەشی ئامادەبوان دەکرێت.
م.جەمال دانیشتووی شاری سلێمانییە و کەسێکی زۆر کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیرێکی ماندوویی نەناسە و پەیوەندیی فراوانی لەگەڵ زۆربەی چین و توێژەکاندا هەیە، ڕۆژانە سەردانی زۆربەی پرسەکانی شاری سلێمانی دەکات.

سەرچاوە:
بوار نوورەدین، جەمال عەبدول- بیبلیۆگرافیای كتێب و پێڕستی لە كتێبی كوردیدا 1979- 2018، چاپی یەکەم، چ: بینایی، سلێمانی، ٢٠١٩.
بوار نوورەدین




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved