16/7/2019 04:40 PM

من دەزانم ڕۆژێک دادێ


عەبدولكەریم شێخانی‌

ستنتهي الحرب
و يتصافح القادة
و تبقى تلك العجوز تنتظر ولدها الشهيد
و تلك الفتاة تنتظر زوجها الحبيب
و اولئك الأطفال ينتظرون والدهم البطل
لا أعلم من باع الوطن
و لكنني رأيت من دفع الثمن
محمود درویش

ئەم شیعرەی‌ خوالێخۆشبوو (محمود درویش)ی شاعیری‌ فەلەستینیم لە فێسبووک خوێندەوە. زۆرم بە دڵ بوو و ویستم بیکەم بە کوردی‌، بەڵام بە شیعر وەریبگێڕم و دەستم پێکرد. لەو سەروبەندەدا برای‌ بە ڕێزو خۆشەویستم کاک (فیصل دێهاتی‌) دەستی‌ خۆش بێت شیعرەکەی‌ وەرگێڕاو بڵاوی‌ کردەو و زۆرم بە دڵ بوو. منیش شیعرەکەم وەرگێڕاو گیانی‌ شیعرەکەم وەکو خۆی‌ بەرجەستەکرد، بەڵام هەندێک بیرو بۆچوونی‌ خۆمم بۆ زیاد کردو بەرگێکی‌ خۆمانەم به‌بەردا کردو بیرۆکەی‌ شیعرەکەم وەرگرت و بەم شێوەیە وەرمگێڕا.

من دەزانم ڕۆژێک دادێ
جەنگ دەبڕێتەوە و بە کۆتا دێ
سەرکردەکان ئاشت دەبنەوەو
دەست دەخەنە ناو دەستی‌ یەک
پیرێژنێک چاوەڕوانی‌ کوڕە شەهیدەکەی‌ دەبێ
ژنێکی‌ جوان و جحێڵیش چاوەڕێیە
مێردە خۆشەویستەکەی‌ وەگەڕێ
لە نێو لرفەی‌ ئاگری‌ شەڕێ
ئەو منداڵە فریشتانەش چاوەڕوانی‌
باوکە قارەمانەکەیان دەکەن
ئەو جارەش بگەڕێتەوەو
ماچێکی‌ ئەو وەک مەدالیا
لە کوڵم و ڕوومەتیان بدەن
نازانم کێ بوو ئەو کەسەی‌ کە فرۆشتی نیشتمانی‌
بەڵام بەو چاوانەم دیتم
بینیم بە سووک ئاسانی‌
خەڵکی‌ زەحمەتکێش و هەژار
باجی‌ تاوانی‌ ئەوانیان دا
باکیان پێ نەبوو کێ کوژراو
چۆنیش کران بە قوربانی‌
جەرگم دێشێ , بۆیە بە ئەو شەهیدانەو
کەس و کاریان دەڵێم
هەزار سەرکردەی‌ بوودەڵەی‌
بەرژەوەندخوازی درۆزن
بە قوربانی‌ دڵۆپێک خوێنی گەشی ئێوە بن
ئەوان جەنگاوەری‌ بەرسێبەرن
بەڵام ئێوە دڵتان لەسەرناولەپتانەو
جەنگاوەری ناو سەنگەرن
لە شێنەیی و لە ئاشتیدا ئەوان خاوەن نیشتمانن
دەشت و کێوی‌ ئەم وڵاتە بە تاپۆی‌ ڕەش
هی‌ ئەوانە و هەر تەنیا خۆیان خودانن
خاوەنی‌ ماڵی زۆر و سامانن
بەڵام کە شاڵاوی‌ ترس هات و
گیانیان کەوتە بەر مە ترسی
مەیدانی‌ جەنگ، بە قرچە قرچی‌ گەرما
بە برسێتی‌ و بە لێوە لەرزەو بە سەرما
ئەوسا گشتی‌ هی‌ ئێوەیەو تەنیا ئێوە
سەربەرزانە خۆتان بە خاوەنی‌
ئەم نیشتمانە دەزانن




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved