16/7/2019 04:46 PM

هەر زمانی کوردیی مابوو، بیشێوێنن؟!!


دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز*


زۆر جێی داخە، هێندێ کەس وتار دەنووسن و چاوپێکەوتن دەکەن، سەبارەت بە زمانی کوردیی، زۆر بە ڕاشکاویی دەڵێن: (زمانەکانی کوردیی و هەورامانیی و زازۆکیی)، یا فەرهەنگی زمانی هەورامانیی و سۆرانیی بڵاودەکەنەوە، بێ ئەوەی بزانن، ئەو دوو خواردیالێکتە زمان نین، بەڵکوو بەشێکن لە زمانی کوردیی و هەر یەکەشیان سەر بە دیالێکتێکی جیاوازن.ئەمە ئەوە دەگەیەنێ، ئەو جۆرە کەسانە، پچووکترین زانیارییان، لە ئەو بوارەدا نەبێ!
ئەم قسانەش خۆی لە خۆیدا، دەرکەوتەیەکی زۆر مەترسیدارە و لە بەرژەوەندیی ئامانجەکانی هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی (کوردستان) دایە. بۆ نموونە: تا ئێستە، سەرانی دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق)، دان بە ناسنامەی نەتەوەیی (فەیلیی، یەزدیی و شەبەک)دا نانێن، نە خۆیان بە کورد و نە خواردیالێکتێکەشیانبە کوردیی نازانن. بۆیە لە لیستی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی (عێراق)دا، بە کەمەنەتەوەیی و بە جیا ناویان دەنووسن، ئایا دەوڵەتە داگیرکەرەکان و هێندێ کوردزمانیش، هەر زمانەکەمان مابوو، بیشێوێنن؟!!
لە ڕاستیدا، دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی داگیرکەری (ئێران)، زۆر لە مێژە و لە سەردەمە جیاجیاکانی مێژوودا، لە پشت ئەم بەندوباوانەوەن، نەک هەر دیالێکتی (لووڕیی) بە خواردیالێکتەکانیشیەوە (به‌ختیاریی، له‌ک، فه‌یلیی و که‌ڵهووڕو مامه‌سه‌نی)، وەک توورکە داگیرکەرەکان، بە بەشێ لە زمانی فارسیی دەزانن، بەڵکوو هەر لە بنەڕەتدا، تەنانەت زمانی کوردیی بە هەموو دیالێکتەکانیشییەوە، بە دیالێکیکی زمانی فارسیی دادەنێن. بۆ ئەم مەبەستەش، چەندین شارەزای زمانەوانی فارس ویستوویانە، ئەم هەڵە گەورەیە، لەلایەکەوە لە گەلانی جیهان بگەیەنن و بیچەسپێنن. لەلایەکی دیکەشەوە، ئاژاوە و ناکۆکییەک، لە نێوان ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورددا بئافرێنن. هەر وەک مامۆستا (مەردۆخیی) نووسیوێتی: (هەندێ لە مێژوونووسەکان ڕایان وایە، کە زمانی کوردیی لەهجەیەکە لە زمانی فارسیی)»1»
دوکتۆر (معین) سەبارەت بە دیالێکتی لووڕیی نووسیویتی: (لووڕیی لە لووڕستان، ئەویش گەلێ بندیالێکت دەگرێتەوە، لەگەڵ بەختیاریدا خزمایەتی هەیە. پاشان نووسیوێتی: (کۆمەڵێ نیوەزمان هەن، پێیان دەڵێن: دیالێکتی ئێرانیی، زۆربەی دیالێکتە ئێرانییەکان تا ئێستە، لە قەڵەمڕەوی خۆیاندا ماون و قسەیان پێ دەکرێ، هۆی مانەوەی ئەم دیالێکتانە ئەوەیە، ئەوانەی پێیان دەدوێن، زۆریان بە دڵە، لەگەڵ خەڵکی شارەکان و خوێنەوارانی فارسیشدا، لە تێکەڵاوبوونەوە دوورن، هەستان و دانیشتنیان نییە.)»2»
تەنانەت نوێترین ڕای ئێرانییەکان، سەبارەت بە زمانی کوردیی ئەوەیە، ڕۆژی (10. 5. 2014)، کۆنسۆڵی (ئێران) له‌ شاری (سوله‌یمانیی)، ئه‌و شه‌کره‌ی شکاند و گوتی: (کوردیی زمان نییه‌، دیالێکتێکی ئێرانییه‌، له‌ فارسیی و عه‌ره‌بیی تێکه‌ڵبووه‌!) وه‌ک زمانه‌که‌ی خۆیان، زۆر پوخت و خاوێن بێ!

دیالێکتی لووڕیی
هەڵبەتە، چەن هۆیەکی تایبەتی هەیە، وای لە فارسەکان کردووە، لووڕەکان بە فارس و دیالێکەشیان بە یەکێ لە دیالێکتەکانی زمانی فارسیی بزانن. هێندێ لە ئەو هۆیانەش، پێوەندیی بە ئەوان و هێندێکی دیکەشیان، پێوەندیی بە کورد خۆیەوە هەیە.
بەڵام بۆ کوردێتی دیالێکتی لووڕیی، لێرەدا و لە ئەم وتارە کورتەدا، هەر هێندە بەسە، دید و بۆچوونی چەن سەرچاوە و شارەزایەکی زمان بە نموونە بێنمەوە.
لە (ئینسکڵۆپیدیای توورک)دا نووسراوە: (هێندێ لە زانایانی زمان، پێیان وایە، لووڕیی لەگەڵ بەختیاریی دەکرێ، بە دیالێکتێ لە دیالێکتەکانی کوردیی دانرێن، زۆر نزیکیشیان لە کۆمەڵەی کوردیی باکوورییەوە هەیە.)»3»
(شەرەف خان)، پترلە (400) ساڵ لەمەوبەر،لووڕه‌کانی به‌ کورد‌ و دیالێکته‌که‌شیانی، به‌ یه‌کێ له‌ چوار دیالێکته‌ سه‌ره‌کییه‌که‌‌ی زمانی کوردی داناوه‌.»4»
زانای کورد (تۆفیق وه‌هبی)، پێش (70-80) ساڵێ لەمەوبەر ‌ دیالێکتی لووڕیی، به‌ چوار خواردیالێکت داناوه‌: (لووڕی پچووک – فه‌یلیی، لووڕی گه‌وره‌ – به‌ختیاریی، ماماسانیی و کووه‌گلۆیی.)»5»
(ئه‌مین زه‌کی) پێش (70-75) ساڵێ لەمەوبەر نووسیوێتی: (به‌ هیچ جۆرێ، گومان له‌ کوردێتی لووڕه‌کان نییه‌)»6»
دوکتۆر (کەمال مەزهەر) سەبارەت بە شارستانییەتی فارسەکان نووسیوێتی: (بێ سێودوو دەتوانین، بڵێین: کاکڵەی شارستانییە پێشکەوتووەکەی فارسەکان، بریتییە لەو شارستانییەی باپیرە گەورەی کورد دایمەزراند و بەجێیهێشت.)»7»
هەروەها (باسیل نیکیتین)، لووڕه‌کانی به‌ کورد و دیالێکته‌که‌شیانی به‌ کوردیی داناوه‌.)»8»

دوا وشە
لە کۆتایی ئەم چوار وتارەدا، زۆر بە ڕاشکاویی دەڵێم: ئەم ئاژاوە و بەڵا گەورەیەی، ڕووی لە زمانەکەمان کردووە، بە پلەی یەکەم، تاوان و هەڵەکەی، بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی باشووری (کوردستان) دەگەڕێتەوە. چونکە لە ئەم ماوە زۆرەی دەسەڵاتیاندا (1991-2019) نەیانتوانیوە، بە کردەوە ڕاژەیەکی زمانەکەمان بکەن، بە تەواویی بیبوژێننەوە و پێشیخەن. لەسەر یەکێتیی زمانی کوردیی و دیالێکتە ڕەسەنەکانی، لە بەردەم دەسەڵاتدارانی عەرەبی دەوڵەتی (عیراق)دا، لەسەر ئەوە سووربن، ئەو کەمینە ئایینییانەی ئەوان بە کوردی نازانن، بەشێکی گرنگ و لەبن نەهاتووی نەتەوەی کوردن. ئەکادێمیایەکی کارا و بەهێزیان، لە شارەزایانی زمانی کردیی پێک نەهێناوە، خەمی زمانەکەمان بخۆن، چەندین کۆنگرە بگرن و کۆبوونەوە بکەن، تا بڕیار لەسەر زمانێکی یەکگرتووی هاوبەش بدەن.
بە پێچەوانەشەوە، هەردوو خواردیالێکتەکانیکرمانیجی(کرمانیجی خواروو و ژووروو)، بە ئەو شێوەیە دەنووسرین و قسەی پێ دەکرێ، کە هەن. ئەمەش نەک هەر هێندەی دیکە، ئەو دوو خواردیالێکتە، لە یەکدی دووردەخاتەوە و لەگەڵ گیانی یەکێتیی نەتەوەیی و زمانی ستانداردا ناگونجێ، بەڵکوو لە ئەنجامیشدا وای لیدێ، لە ئاییندەدا بەرەو دوو زمانی جیاواز بڕوا. دوو زمانی جیاواز درووستببێ، هەردووکیشیان هەردوو خواردیالێکتەکەی خۆیان، بە زمانی کوردیی ڕەسەن بزانن، ئەوەیە ماڵوێرانیی و خەمساردیی، کە ئەم گەلەی داڕزاندووە!
ئاشکرایە.هەموو ئەو کۆمەڵە خەڵکەی، بە خواردیالێکتەکانی زمانی کوردیی دەپەیڤن، خۆیان بە کورد بزانن یا نەزانن، هەر لەسەر خاکی (کوردستان) دەژین، یەک چارەنووس و دوژمنیان هەیە، دوژمنی داگیرکەریش، هەر وەک یەک دەیانچەوسێنێتەوە و لەنێویاندەبا! کەواتە ئاییندە و چارەنووسی هەموویان، بە ئاییندەی نەتەوەی کوردەوە بەسراوەتەوە!
کەچی لە چانسی کەچی کورددا، کۆمەڵێ نەخوێندەواری ساویلکە پەیدابوون، وەک قارچک و دوومەڵان هەڵتۆقیون و خەریکن، هێندەی دیکە زمانەکەمان لەتوپەتدەکەن و دەشیوێنن. وەک چۆن ڕۆڵەکانی کورد لەنێو خۆیاندا، لەسەر یەکێتیی ڕیزەکانی کورد، ئاییندەی (کوردستان) و مافی چارەنووس، ناکۆک و ناتەبان و ڕێک ناکەون!
2019. 7. 4

سه‌رچاوه‌کان
1. محەمەد مەردۆخی کوردستانی، مێژووی کورد و کوردستان، وەرگێڕانی عەبدولکەریم محەممەد سەعید، چاپی 1، چاپخانەی ئەسعەد، بەغداد (99).107، 86.
2. معین، فه‌رهه‌نگی فارسی، تاران، ج 5، ل (81)37-39.
3. عه‌لی سه‌یدۆ گۆڕانی، لووڕ و لووڕستان، گۆڤاری کۆڕی زانیاری کورد، به‌رگی 2، به‌شی 2، به‌غدا، 1974، ل 113.
4. شه‌ره‌فخانی بدلیسی، شه‌ره‌فنامه،چ 2،1981، ل 29.
5.زوبێر بلال اسماعیل، مێژووی زمانی کوردی، به‌غداد، 1984ل115-116.
6. محمد امین زکی، خلاصه‌‌ تاریخ الکرد و کردستان … ج 1،چ 2، لندن، ل 325.
7. د. کەمال مەزهەر ئەحمەد،چەند لاپەرەیەک لە مێژووی گەلی کورد، بەشی 1، چاپی 2، چاپخانەی هەڵەبجە، سوید، ساڵی چاپ؟! ل93.
8. Nikitine, Basile, Kurdish Stories from my Collection. 7. Vol IV, 926-1928, 1p.121.

* نووسەر و مامۆستای زانکۆ




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved