رانانی: خالد كاوێس قادر (جه‌نگاوه‌ره‌كان بۆگوڵ ده‌جه‌نگن، بێئه‌وه‌ی فریای بۆنكردنی گوڵ بكه‌ون، بۆیار خۆیان به‌كووشت ده‌ده‌ن، بێئه‌وه‌ی لێوی كیژێك بگه‌زن، بێره‌حمن به‌رامبه‌ر خۆیان…شاعیرانه خه‌باتی مردن ده‌كه‌ن). چه‌مكی(مه‌رگ) له‌ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی وخه‌باتی درێژخایه‌ن، چه‌مكێكی فه‌لسه‌فیانه‌ی هه‌یه جودا له‌ومه‌رگه‌ی هه‌ڵتده‌بژێرێ، مه‌رگی شۆڕشگێڕ مه‌رگێكه به‌هه‌موو مانا‌و ره‌هه‌نده‌كانیه‌وه خۆت هه‌ڵیده‌بژێری، نه‌ك ئه‌و هه‌ڵتبژێرێ، ره‌نگه له‌ژیانی ئاسایی‌دا چه‌مكی مه‌رگ چه‌قسازیه‌كی تێدا نه‌بێت به‌ومانایه‌ی به‌رده‌وام ئاماده‌گی هه‌بێ، به‌ڵام له‌ناو گڕكانی شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی شۆڕشی چه‌كداری، ئه‌و هه‌میشه ئاماده‌گی هه‌یه، هه‌میشه له‌گه‌ڵتدایه‌و هه‌نگاو به‌هه‌نگاو لێت نزیك ده‌بێته‌وه و له‌گه‌ڵ رۆحتدا ده‌ژێت، هایدگه‌ر (مه‌رگ) به‌ڕاسته‌قینه‌ترین رووداوی مرۆڤایه‌تی ئه‌ژمار ده‌كات و ده‌ڵێت: مه‌رگ ته‌نیا بۆمرۆڤ بوونی هه‌یه، ئه‌مه‌ش به‌ومانایه دێت كه‌ته‌نیا مرۆڤه‌كانن ئاگاداری مردنن وده‌زانن رۆژێك ده‌مرن، ئاژه‌ڵ ئه‌و هه‌سته‌ی نیه، مه‌رگ بۆ مرۆڤه‌كان هه‌میشه چه‌مكێكه جێگای پرسیاربووه، چ له‌گریمانه‌ی زیندوبوونه‌وه‌دا یاخود له‌گریمانه‌ی (مه‌رگ كۆتاییه). گێڕه‌ره‌وه له‌بیره‌وه‌ری پێشمه‌رگه‌یه‌كدا، كه‌سێكه حزووری له‌ناو مه‌رگه‌ساته‌كاندا هه‌یه، كه‌سێكه له‌ناو زه‌مه‌نی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌دا ده‌ژێت، زه‌مه‌نێك پێ به‌خه‌ونه‌كانی میلله‌ته‌كه‌یه‌وه ده‌نێت و ئه‌و له‌سه‌ر له‌پی ده‌ستی به‌خوێن وئاره‌ق هه‌ڵرشتن به‌رگری له‌مانه‌وه‌ی ده‌كات، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی چیرۆكه‌كه‌و زه‌مه‌نی ده‌قدا یه‌كگرتووییه‌ك هه‌یه، خوێنه‌ر په‌لكێش ده‌كات بۆ دۆزینه‌وه‌ی گه‌وهه‌ره‌كانی دی، گه‌وهه‌ری گێڕانه‌وه له‌ناو ده‌قدا، گه‌وهه‌ری ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی به‌سه‌ر میلله‌تێكدا باریوون و هیچ ئومێدێك به‌ئاسمانه‌وه نیه، ژیان جه‌نجاڵ بووه له‌مه‌رگ وكاره‌ساتی چاوه‌ڕوان نه‌كراو. زه‌مه‌نێكی كورت و جه‌نجاڵ كتێبی (رستێك میروو) قه‌باره ناوه‌ند له‌دووتوێی(201) لاپه‌ڕه‌دا(عاسی حوسێن مه‌حموود) به‌رگی دووه‌می بیره‌وه‌رییه‌كانی پێشمه‌رگایه‌تی له‌سه‌رده‌می شاخ ده‌گێڕێته‌وه. ده‌ستپێكی چیرۆك – بیره‌وه‌ری نووسه‌ر له‌گوندی گوڵانه‌وه‌یه پاش كاره‌ساتی ئه‌نفال و ته‌خت و خاپووركردن و سووتماككردنی كوردستان له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی به‌عس، 16/8/1988 له‌ئاخروئوخری ئه‌نفال و خاپووركردنی كوردستانه، گێڕه‌ره‌وه به‌خۆی و خێزانی(ئافره‌تێكه له شاره‌وه رووی كردۆته ناو ئه‌و چیا و هه‌ڵه‌مووت و هه‌زاربه‌هه‌زاره‌وه)، له‌میانه‌ی ئه‌و سه‌فه‌ری مه‌رگه‌دا گێڕه‌ره‌وه وه‌سفێكی وردی شوێنه‌كان ده‌كات، له‌رووی باكگراوه‌نده‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ رابردوو.. بۆلای دایكی..باوكی.. ماڵه دراوسێكانی..عه‌شقه‌كه‌ی…هتد. نووسه‌ر گرنگییه‌كی زۆری داوه به‌وه‌سفكردنی(شوێنه‌كان، ئاژه‌ڵ وباڵنده‌كان، دڵه‌خورپه و هه‌سته‌شاراوه‌كان، تووڕه‌بوون وترسه‌كان…هتد) (كڵاوكوڕه‌كان ئێستا باڵیان به‌ئاراسته‌ی هاتنی بایه‌كه كردۆته‌وه، خۆیان ده‌ده‌نه به‌ربایه‌كه‌و به‌و باڵكردنه‌وه‌یه سڕی جه‌سته‌ی خه‌واڵوویان ده‌رده‌كه‌ن) یان ( كاتێك تیشكی خۆر له لووتكه‌ی ئه‌م كێوانه ده‌دات، ره‌نگی ئه‌م شاخانه له‌شینه‌وه ده‌گۆڕێ بۆسپی، پاش تاوێك ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ره‌نگه ئه‌سڵه‌كه‌ی خۆیان كه‌شینه) ل45. مه‌ودای گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كه زۆر كورته 16/8/1988- 27/8/1988 زه‌مه‌نێكی كورت و جه‌نجاڵ، زه‌مه‌نێك له‌نێوان ده‌ربازبوون له‌مۆته‌كه‌ی مردن و ماڵئاوایی له‌زێدی خۆت… په‌ڕاگه‌نده‌یی به‌ره‌و چاره‌نووسێكی نادیار رووبه‌رووبونه‌وه‌ی جیهانێك به‌ده‌ر له‌ئاماژه‌كانی خۆت ونیگه‌رانیه‌كانت، نامۆبوون ونبوون و ده‌ركه‌وتنه‌وه. شوێن ره‌گه‌زێكی كاریگه‌ر و هونه‌رییه كه كارێكی ئه‌ده‌بی له‌سه‌ر بوونیات ده‌نرێ، به بڕبڕه‌ی پشتی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بیه‌كان داده‌نرێت، كه هه‌موو به‌شه‌كانی به‌رهه‌مه‌كه به‌یه‌كه‌وه گرێده‌دات و هیچ كارێكی ئه‌ده‌بی به‌بێ شوێن نایه‌ته‌دی و له ناشوێندا رووداوێك وجودی نیه كه كات و زه‌مه‌نی دیاریكراوی خۆی نه‌بێت، فه‌یله‌سووفی بیركاری(ئه‌قلیدس) له پێناسه‌ی شوێندا ده‌ڵێت: (پێویسته شوێن سێ ره‌هه‌ندی هه‌بێ، دووری و پانی وقووڵایی) شوێن تاقه ده‌روازه‌یه‌كه له‌رابردوو ده‌ڕوانێ و راستگۆیانه خۆی ده‌نووسێته‌وه، ئه‌وه چ له‌رووی بابه‌تیانه‌وه بێت یاخود تایبه‌تمه‌ندی شه‌خسی بێت. مرۆڤ چه‌نده وابه‌سته‌ی شوێنگه‌له‌كان بێت، هێنده له‌بوونی ئه‌ودا ماهیه‌ت وگرنگی خۆی هه‌یه، ململانێ و پاڵه‌په‌ستۆكانی ژیان چه‌ندی كاریگه‌ری بخه‌نه وجودی ئه‌و كه‌سه‌وه زه‌مه‌ن زێتر به‌قووڵاییدا رۆده‌چێت و به‌زیندوویی له‌هه‌ست ونه‌ستیدا ده‌مێنێته‌وه. گێڕه‌ڕه‌وه پانتاییه‌كی زۆری كتێبه‌كه‌ی داوه به (گرتن وزیندان وئه‌شكه‌نجه‌دان ودڵه‌راوكێكانی لاوێكی تازه پێكه‌یشتوو) كه قه‌ده‌ر هاویشتویه‌ته ناو گه‌مه گه‌وره‌كه‌ی سیاسه‌ته‌وه، گه‌مه‌یه‌كی سیاسی میلله‌تێك هه‌میشه له كه‌ناراوه‌كانی مه‌رگ و فه‌نابووندایه، گه‌مه‌یه‌ك به‌درێژایی مێژوو نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌وتۆته ناو به‌رداشیه‌وه‌و ده‌یهارێت، بێبه‌زه‌یانه ده‌یهاڕێت وبێ پشت وپه‌نایه. له وه‌سفكردنی ناو زیندان، نووسه‌ر ده‌ڵێت: لێره ژیان به‌ئاماژه‌یه‌كی ده‌ست كۆتایی پێ دێ و به‌سه‌ر راوه‌شاندنێكیش ده‌س پێ ده‌كاته‌وه. لێره یاسایه‌كی جێگیر نیه بۆ ژیان، لێره ته‌نیا هاوارو بێ دادی هه‌یه. لێره بۆنی پیسایی و بۆنی رشانه‌وه‌و بۆنی خوێن و بۆنی مردن هه‌یه، ته‌نانه‌ت جه‌لاده‌كانیش ره‌نگیان له‌ره‌نگی مردوو ئه‌چێ، لێره ئه‌وه‌ی ئه‌ژێ ته‌نیا مردنه. ل96. شۆڕش به‌ده‌ستكێشێكی ئاورێشمین نایه‌ته‌دی، قسه‌ی بازاری نیه، گه‌مه‌یه‌كی مناڵانه‌ش نیه ده‌بێ له‌ناخی كه‌سی شۆڕشگێڕ ره‌نگ داكوتێ و به‌جه‌سته‌یدا شۆڕبێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌موو ساته سه‌خته‌كاندا هێزی خۆڕاگری وبه‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ت تێدا بێت. ئه‌ركی نووسه‌ر ئه‌وه‌یه ده‌ستی خوێنه‌ر بگرێت و له‌و گه‌ڕه‌لاوژه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ له‌گۆڕه‌پانی نووسیندایه خۆی بسه‌پێنێ و له‌دڵی خوێنه‌ردا جێ پێیه‌ك بۆخۆی بدۆزێته‌وه، ئه‌وه توانا‌و به‌هره‌كانی نووسه‌ره ده‌ستی خوێنه‌ر ده‌گرێت و له جیهانه‌كه‌ی خۆیدا بۆ چه‌ندساتێ میوانداری خوێنه‌ری خۆی ده‌كات، هه‌ر نووسینێك ئه‌گه‌ر چه‌ند دێرێكیش بێت رۆنه‌چێته ناخ و هه‌ست و ویژدانی خوێنه‌رو ئاوێته‌ی ئیحساساتی خۆی نه‌كات، وه‌ك ئه‌و خۆراكه‌یه دیمه‌نێ جوانی هه‌یه‌و تام وچێژێكی نیه. گێڕه‌ره‌وه، یان كاره‌كته‌ری یاده‌وه‌ریه‌كه یاخود پاڵه‌وان، پاشئه‌وه‌ی ده‌خرێته دووتوێی زیندانی تاریكه‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆلای پرسیاره‌كانی ناخی خۆی: (بیرم لای هاوڕێكانم بوو، ده‌بێ حاڵیان چۆن بێ؟! دڵنیابووم ئه‌وانیش له هۆڵه‌كانی لای راست وچه‌پی ئێمه‌ن، به‌ڵام حه‌زم ده‌كرد بزانم هه‌واڵیان چۆنه، ئێستا بیر له‌چی ده‌كه‌نه‌وه. بیرم بۆماڵ و بۆ لای دایكم چوو، ئه‌بێ دوای بردنی من ئه‌و حاڵی چۆن بووبێ، له‌دوا ئاوڕدانه‌وه بینیم دایكم له هه‌یوانی حه‌وشه‌كه كه‌وتبوو، تۆ بڵێی چه‌نێك به‌بێ هۆشی مابێته‌وه؟! ئه‌ی دوای ئه‌وه‌ی به‌ئاگا هاتۆته‌وه چی وتووه، ئه‌ی باوكم وئه‌وانی تر چیان پێ وتووه؟!.. ئه‌ی باوكم بۆچی واهاته په‌نام و ده‌ستمی خستبووه ناو ده‌ستی خۆی؟ ده‌یویست نه‌هێڵێ بمبه‌ن؟ یان خواحافیزی لێم ده‌كرد؟. دووجاریش به‌ئاسپایی ده‌ستمی گوشی، باوكم به‌و ده‌ست گوشینه ده‌یویست چیم پێ بڵێ؟!. ئایا ده‌یویست بۆدواجار شتێكم پێ بڵێ و نه‌یده‌توانی بیڵێ؟ یان ده‌یویست له رێگه‌ی ده‌ستیه‌وه هێزی خۆیم بداتێ؟!. ل104. زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه به هێڵێكدا نه‌ڕۆیشتووه، نووسه‌ر كه‌ڵكی له فلاشباك شێوازی ئاسایی كایه به‌زه‌مه‌ن وه‌رگرتووه‌و ده‌مانباته‌وه بۆ سه‌رده‌می هه‌رزه‌كاری و به‌رده‌می گرتن وزیندان و زه‌مه‌نی ساتی گێڕانه‌وه‌كان، دواساته‌وه‌خته‌كانی كۆتایی ئه‌نفال و خۆده‌ربازكردن له كۆمه‌ڵكوژی و هه‌ڵبژاردنی ژیانی په‌ڕاگه‌نده‌یی و پێكه‌وه‌نانی خێزان له غه‌ریبیدا. نووسه‌ر هه‌وڵیداوه له‌م كتێبه‌دا پێمان بڵێ: له سه‌رده‌می شۆڕش و خه‌باتی شۆڕشگێرانه، له وڵاتێكی دیكتاتۆردا رژێمه تۆتالیتارییه‌كانی چ مه‌رگه‌ساتێ به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی دووه‌می وڵاته‌كه‌یان ده‌هێنن، له‌وڵاتێ هیچ عورف و عاده‌تێكی ئینسانی ومافی مرۆڤی تێدا به‌رچاو نه‌گیراوه‌و ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت یان قبووڵكردنی ئه‌مری واقیع و كڕنۆش بردنه یان ده‌سته و یه‌خه‌بوونه له‌گه‌ڵ مه‌رگ و ئه‌ندێشه‌كانی ژیان. زمانی نووسین له‌م كتێبه‌دا، زمانێكی ساده‌ی بێ گرێ وگۆڵه، له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی ده‌ستپێكیدا ئاره‌زووی خوێندنه‌وه‌ی سه‌رله‌به‌ری ده‌كه‌یت و ده‌تباته‌وه بۆ سه‌رده‌می خۆڕاگری و خه‌باتی درێژخایه‌ن له‌ده‌شت و دۆڵ و چیاكانی كوردستان.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure