23/7/2019 10:48 AM

سلێمانی.. بڕیاری جیاكردنەوەى ماددە پلاستیكییەكان دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە

لە شاری سلێمانی كۆمپانیاكانی پاككردنەوەو گواستنەوەی خۆڵ و خاشاك پابەند دەكرێن بە جیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەكان و خاوەنی رێستۆرانت و چێشتخانەكانیش بەهەمانشێوە پابەند دەكرێن بە جیاكردنەوەی ماددە خۆراكییەكان لەگەڵ ماددە پلاستییكییەكان, قائیمقامی سلێمانیش دەڵێت ئامانج لە بڕیارەكە پاراستنی ژینگەو تەندروستی هاووڵاتیانەو هەر شوێنێك پابەند نەبێت روبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە.

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی بەشی خزمەتگوزاری شارەوانی سلێمانی و نوێنەری كۆمپانیاكانی پاككردنەوەدا كۆبووەوەو هەنگاوەكانی جیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەكان لەگەڵ ماددە خۆراكییەكان تاووتوێكراو بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.

قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: بڕیاری جیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەكان لە ڕوانگەی زیانە زۆرەكەی ماددە پلاستیكییەكان بۆ سەر تەندروستی هاووڵاتیان و ژینگە دراوەو بڕیارەكە جێبەجێ دەكەن, ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد پێویستە كۆمپانیاكانی پاككردنەوەو گواستنەوەی خۆڵ و خاشاك و خاوەنی رێستۆرانت و چێشتخانەكان پابەندبن بە بڕیاری جیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەكان لەگەڵ ماددە خۆراكییەكان, لە كۆبوونەوەكەشدا چەند بڕیارێك لەمبارەیەوە درا:

1.كۆمپانیاكانی پاككردنەوەو گواستنەوەی خۆڵ و خاشاك پابەند دەبن بە جیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەكان لەگەڵ ماددە خۆراكییەكانی تر.
2.كۆمپانیاكانی پاككردنەوە "ئوتومبێلی تایبەت" بەكاردەهێنن بۆ گواستنەوەی ماددە پلاستیكییەكان و لۆگۆی ماددە پلاستیكییەكانی لەسەر دەبێت.
3.رێستۆرانت و چێشتخانەكان "سەتڵی خۆڵی تایبەت" بە جیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەكان بەكاردەهێنن كە رەنگی سەوزی كاڵ دەبێت.
4.هەر رێستۆرانت و چێشتخانەیەك پابەند نەبێت بە جیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەكان زبڵ و خۆڵ و خاشاكەكەی لەلایەن كۆمپانیاكانی پاككردنەوەوە ناگواسترێتەوەو خۆی بەرپرسیار دەبێت لە بەرامبەر لابردنی زبڵ و خۆڵ و خاشاكەكەی.

لەبارەی بڕیارەكانەوە ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: ئامانجیان پاراستنی ژینگەو تەندروستی هاووڵاتیانە لە زیانە زۆرەكەی ماددە پلاستیكییەكان و بڕیارەكان لەلایەنە لیژنە هاوبەشەكانەوە بەدواداچوونیان بۆ دەكرێت و جێبەجێ دەكرێن.

وتیشی: هەر شوێنێك پابەند نەبێت روبەڕووی سزایی توندی یاسایی دەكرێتەوە.

خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved