25/7/2019 05:10 PM

قادر زیرەك؛ دوورم لەیاران


خەلیل عەبدوڵڵا

قادر زیرەك هونەرمەندێكی ناسراوی كوردستانە‌و لەرێی هونەری گۆرانییەوە خزمەتی بەكاروانی كلتووریی كوردستان كردووە.قادر ئەحمەد مستەفا ناوی تەواوی ئەم هونەرمەندەیە‌و بە(قادر زیرەك) ناسراوە.
ساڵی 1954 لەگوندی بێركۆتی سەر بەشاری هەولێر لەدایك بووە.بێركۆت ئەو گوندە بچوكەی نزیك شاری هەولێر، بەهۆی ئەوەی زێدی چەند كەسایەتییەكی سیاسی‌و ئەدەبی‌و هونەری وەك( عەزیز محەمەد‌و عەبدوڵڵا پەشێوو قادر زیرەك) بووە، لەسەر ئاستی كوردستان‌و عیراق ناسراوە.
قادر زیرەك لەو گوندە‌و لەناو شاری هەولێر قۆناغەكانی سەرەتایی‌و ناوەندی خوێند‌و بەهۆی سەختی ژیان‌و گوزەرانی خانەوادەكەیەوە نەیتوانی لەوە زیاتر بخوێنێ‌.
قادر زیرەك هەر لەمنداڵییەوە خولیای هونەری گۆرانی بەگشتی‌و دەنگی هونەرمەندی گەورە حەسەن زیرەك بەتایبەت بوو،هەر بۆیەش لاسایی ئەو هونەرمەندەی كردەوە، هەر بەهۆی ئەوەشەوە نازناوی زیرەكی وەرگرت.
قادر زیرەك لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە دەستی بەگۆرانی گوتن كرد‌و ساڵی 1977 دەرفەتی بۆ رەخسا كە یەكەم گۆرانی خۆی بەناوی(دوورم لەیاران) لەئیزگەی كوردیی بەغدا تۆمار بكا. ئەو گۆرانییە دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو، بووە مایەی ئەوەی كە لەسەر ئاستی كوردستان بناسرێ‌.
لەدوای ئەوە چەند بەرهەمێكی تری بۆ ئیزگە‌و تەلەفزیۆن تۆمار كردلەوانە(ئەمان ساقی، لەدوگمەی سینە، لەبنەوار، بازی كوێستان)‌و چەندانی تر.
ئەگەرچی ئەم هونەرمەندە ماوەیەكی كەم ژیا‌و بەجوانەمەرگی سەری نایەوە، بەڵام ناوو ناوبانگ‌و دەنگە بەسۆز‌و بەرهەمە رەسەنەكانی بەنەمری ئەیهێڵنەوە.
بەداخەوە ئەم هونەرمەندە لەرۆژی 17ی تەمووزی 1981 لەسەر رێگەی خەلیفان-هەریر بەكارەساتی ئۆتۆمبیل كۆچی دوایی كرد.درودی رێز‌و وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاكی قادر زیرەكی هونەرمەند.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved