28/7/2019 05:12 PM

گەڕانەوە بۆ زەمەنە ئازاراوییەكان

 

 پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

 

 سەرجەم ساڵەكانی دوای دروستبوونی شۆڕشی نوێ،1976،لەساڵە ناخۆش وشومەكانی كورد بوو،تێكڕای خەڵكی،بەتایبەتی خاوەن هەڵوێستەكان، لەژێر هەڕەشە سایكۆڵۆژی وفیكرییەكاندا بوون.ڕژێمی حكوم چەندین شێوازی ئازاردان وگوشاری نامرۆڤانەی دەرهەق بەو تێكڕایە بەكاردەهێنا.دەربازبوون لەگەمەكانی ڕژێم كارێكی زۆر گران وسەخت بوو.خراپترین زەمەنی ئازارە گەورەكان خۆیان لەساڵی 1987-1988 دەبینێتەوە،كیمیاباران وئەنفال تەواو تێكڕای خەڵكی بێزار كردبوو.من ئەو كات مامۆستا بووم لەزانكۆی سەڵاحەددین.

لەپاییزی ساڵی 1987 دا لەسلێمانییەوە زەنگێكیان بۆ كردم و گووتیان بەزووترین كات خۆت بشارەوە چونكە كەسوكارت هەموویان لەلایەن ڕژێمەوە گیراون.دیارە گرتنەكە پێش ئەو كاتە بوو،بەڵام منیان ئاگادار نەكردبۆوە.منیش چەند ڕۆژێك داوای مۆڵەتم لەڕاگرایەتی كۆلێژ كرد ویەكسەر بەخێزانەوە گەڕامەوە سلێمانی.بەهاتنەوەم سەردانی ماڵی باوكمم كرد لەگەڕەكی مەڵكەندی.دیمەنەكان زۆر كاریگەر بوون،ماڵ تەواو تاڵان كرابوو،هیچی تێدا نەمابوو.تەنانەت قاسەكەی باوكمیان بەگوللە شكاندبوو،ئەوەی تێیدا بوو لەپارە وئاڵتوون ودۆكیومێنت سەرجەمیان، لەلایەن پیاوانی ڕژێمەوە، برابوون.قاسەكە بەبەتاڵی وشكاوی لەحەوشەی ماڵدا فڕێ درابوو.هەر زوو بۆم دەركەوت كەچوار لەئەندامانی خێزان گیراوون.باوكم، حاجی شێخ لەتیفی عەللاف،لەدایكبووی 1895،كەیەكێك بوو لەجەنگاوەرەكانی مەلیك مەحمود ولەشەڕی دەربەندی بازیان بەخەستی بریندار بوو،دایكم،حەپسەخانی شێخ ڕەشیدی شێخ ئاوڕەحەمانی داراغا، لەدایكبووی 1910،خوشكێكم لەدایكبووی 1952،برایەكی ئەندازیارم،شێخ ڕزگار كەئێستا لەفاروق گروپ كار  دەكات، لەدایكبووی 1964.ئەوەی جێگەی دڵخۆشی بوو براكانی ترم نەگیرابوون بەنموونەی مامۆستا عەلی لەتیفی هونەرمەند ووەرزشكاری دێرینی سلێمانی وكوردستان.ئەمە تۆزێك بارە سایكۆڵۆژییەكەمی خاو كردەوە.هەر زوو زانیمان كەلەسەر تایەری برام (تالە خڕە) گیراوون.بەڵام كەس نەیدەزانی لەكوێ زیندانی كراون.هەر ئەو ڕۆژە كەوتینە سۆراخیان ،لێرە ولەوێ بەڵام بێ هودە بوو.پێشتریش هەوڵدرابوو ،سەرجەمیان شكستی خوارد بوو.پەیوەندیمان بەسیخوڕە كوردەكانەوە كرد وبەڵێنی ئەوەمان دانێ گەر زانیاریمان لەسەر جێگەی زیندانیكردن بدەنێ ئەوا خەڵاتیان دەدرێتێ.ئەمەش بەهۆی قورسی بابەتەكەوە،سوودی نەبوو.هەر لەوكاتەدا مەسەلەی گرتنی كەسە بەهەڵوێستەكان تەواو شاری داگیر كردبوو.عەسرێكی درەنگ،بەئۆتۆمۆبێل، لەگەڵ خێزانەكەمدا(شیرین شاڵی) بەرەو یاریگای خۆجێیەتی (مەلعەبەكە) كەوتینە ڕێ بەوپێیەی هێزی دەزگای فریاكەوتنی سەربازی سەربە ڕژێم لەو ناوچەیە بوو.سەردانەكەی منیش،كەبۆ یەكەم جارم بوو، كارێكی ڕێكەوتی بوو.ئۆتۆمبێل وخێزانەكەم نزیك یاریگاكە جێهێشت وخۆشم بەپێ كەوتمە ڕێ بەرەو ئەو دەزگا سەربازییە.كەگەیشتمە بەر دەرگای سەرەكی، چەند سەربازێك گووتیان تۆ كێیت وبۆ كوێ دەچیت! منیش كەسم نەدەناسی.یەكسەر خۆمم پێناساند وگووتم من دكتۆری زانكۆم ودەمەوێت گەورەكەتان ببینم.لەولاوە چەند ئەفسەرێك لەگۆڕەپانی سەربازگەكەدا وەستابوون وقسەیان لەگەڵ یەكتر دەكردوو وجارجارەش دەنگ وقاقای پێكەنینەكانیان ئەو جێگەیەی داگیر كردبوو.یەكێك لەئەفسەرەكان،كەعەرەب بوو بەڕەچەڵەك خەڵكی شاری تكریت بوو، بەرەو پیرم هاتوو ویەكسەر گووتی "مامۆستا چۆنیت" منیش سەرم زۆر سوڕما كەئەم ئەفسەرە من لەكوێوە دەناسێت.دواتر باوەشی پێمدا كردوو وبەخێرهاتنێكی گەرمی كردم.منیش گووتم جەنابت كێیت؟گووتی من،كاتێك خوێندكاری زانكۆی سلێمانی بووم،بەڕێزتان كەئەو كات یاریدەدەری توێژەر بوون یارمەتی زانستی منت زۆر داوە.دواتر كەوتە ستایشی من.

 

منیش ئاگادارم كرد كەئێستا هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرام .دوای چەند چركەیەك گووتی مامۆستا ئەوە خێرە واهاتویت بۆ ئێرە.منیش ڕاستەوخۆ گووتم كەسوكارم گیراوە.گووتی كەسوكارت كێن؟منیش پێم گووت.ڕەنگی تۆزێك تێكچوو ،یەكسەر گوتی كەسوكارت لێرەن وخۆشم گرتوومن.منیش تۆزێك دڵم كرایەوە ولەدڵی خۆشمدا دەمگووت ئەم كابرایە هەر ئێستا بەریان دەدات.دونیا خەریكبوو تاریكی دەكرد وبارانیش نمە نمە دەباری.هەر لەوێدا گووتی حەز دەكەیت بیان بینی! منیش گووتم مەمنوونیشت دەبم وهەر بۆ ئەو مەبەستەش هاتووم.ڕۆشتین بەرەو تاریكی وگۆڕەپانێكی گەورە وفراوان.جار جارەش لەدڵی خۆمدا دەمگووت بەخوا منیش گیرام وئەمەی ئەم ئەفسەرە دەیكات جۆرێكە لەفێڵ ونمایشكردن.زۆر ڕۆشتین تا گەیشتینە شوێنی مەبەست.هەر كەنزیك بوومەوە گوێم لەدەنگی ئافرەت وپیاو بوو.شوێنەكە بریتی بوو لەچەند چاڵێكی گەورە گەورە كەبەبڵدۆزەر هەڵكەنرابوو دواتر جەمەلۆنیان لەسەری دانابوو.پیاو بەجیا وژنیش بەجیا.كابرای ئەفسەر منی بردە ئەو شوێنەی كەكەس وكارمی تێدایە.لەوێ چاوم بەهەموویان كەوت.منیش دڵخۆشیم دانەوە وگووتم بەهیمەتی یەزدان هەمووتان بەردەبن.

ژمارەی گیراوەكان گەلێك زۆر بوون بەڵكو بەپێی مەزەندە دەگەیشتە پێج سەد كەس بەڵكو زیاتریش.دواتر كاكی ئەفسەر منی بردە ژوورە تایبەتەكەی خۆی وگووتی"كەس وكاری تۆ لەسەر برایەكت بەنێوی" تایەر" گیراون كەلەسوریا لەگەڵ گروپی جەلال تاڵەبانی كار دەكات .ئەو كەسەی زانیارییەكەشی پێداوین هەر كوردە".دواتر گووتی "پیاوە سیخوڕ وجاشەكانتان ڕۆژانە زانیاریمان دەدەنێ".لەوكاتەدا كابرایەكی تەنگ قەوی موستەشار خۆی كرد بەژووردا وبەعەرەبییەكی تێكشكاو گووتی "گەورەم سەری خائینەكانم بۆ هێناویت".ئەفسەریش گووتی بیهێنە.كابرا كیسەیەك لەكیسەی شەكری هێناو ولەژوورەكە داینا.منیش نازانم چی دەگوزەرێت وئاگاداری هیچ نیم.هەر لەوێدا ئەفسەر دەفتەرێكی دەرهێنا وكەوتە نووسین.بەكابرای موستەشاری گووت بڕۆرە دەرەوە وچاوەڕوان بكە دواتر خۆم بانگت دەكەم.ئینجا ڕووی دەمی كردە من وگووتی مامۆستا دەزانیت ئەمە چیە؟منیش گووتم نەخێر.گووتی ئەمە بەحیسابی موستەشار كەللەسەری پێشمەرگەیە وهەر كەللە سەرێك هەزار دیناری پێ وەردەگرێت.دواتر گووتی ئێمە دەزانین موستەشارەكان ئەوەندە ئازا نین كەبتوانن پێشمەرگە بەئاسانی بكوژن بەڵام ئەمانە دەچن شوانە هەژارەكان دەكوژن وبازرگانی بەكەللەسەرەكانیانەوە دەكەن( ئەفسەر ووشەی یاخیبوونی بەكارهێنا لەبری پێشمەرگە).منیش گووتم كەواتە ئەوەی ناو ئەو كیسەیە كەللەسەری تێدایە.گووتی بەڵێ ئەوە چەند كەللەسەرێكە وخراونەتە نێو ئەم كیسەیەوە ولەبەرامبەردا پارەی پێ وەردەگرن كەئەمە بڕیاری سەركردایەتی شۆڕشە.بەڕاستی،لەوێدا كەسو كارم بیرچووەوە ودڵم تەواو تێكەڵهات،بەڵكو زۆری نەمابوو كەبڕشێمەوە.دوای نزیكەی نیو سەعاتێك،هاتمەوە سەر باسی كەسوكار.ئەمە لەكاتێكدا خێزانەكەم لەدەرەوە ولەناو ئۆتۆمبێلەكە هەر لەچاوەڕوانیدایە وئاگاداری ئەم مەسەلانە نیە كاتیش تەواو بەرەو تاریكی دەچێت.كەهاتمە سەر باسی كەسوكار ئاخێكی هەڵكێشاو گووتی "ئەمڕۆ چەند شەممەیە".منیش گووتم یەك شەممە.گووتی ڕۆژی ئەم پێنج شەممەیە هەر لێرە دادگایی دەكرێن بەبێ ئامادەبوونیان.ئینجا گووتی بێ شاردنەوە دادگاییەكە،ئەگەرێكی زۆری هەیە بەكوشتن كۆتایی پێ بێت.منیش كەگوێم لەكوشتن بوو یەكسەر كەوتمە دۆخێكی سەیرەوە،ناڕەحەتی باڵی كێشا بەسەرمدا.دواتر گووتم بەخاتری یەزدان شتێكم بۆ بكە.ئەفسەر بۆ ماوەیەك مات بوو ،كەوتە بیركردنەوە.دواتر گووتی دەتوانم ناوی ئەندامانی خێزانت دوا بخەم بۆ یەك دوو هەفتەی تر.بەمەشەوە نەوەستاو تەگبیرێكی بۆ كردم.

 

تەگبیرەكەش بریتی بوو لەدروستكردنی نامەیەكی دەستكرد بەوەی تایەری برام لەسوریا نیە بەڵكو لەئەوروپایە.ئەمە لەكاتێكدا ئەفسەر تەواو دەیزانی كەتایەر لەسوریایە.منیش بیرم كردەوە لەوەی كەخوشك وبرایەكم لەسوید دەژین وپێشتر چەندین نامەیان بەپۆستدا ناردووە بۆ كەسوكار.لێرەدا بیرۆكەی ئەفسەرەكە لەجێگەی خۆی بوو.دواتر بەسەلامەتی گەڕامەوە بۆ لای خێزانەكەم كەئەو ماوەیە ئەویش لەدڵە ڕاوكێیەكی زۆر ناخۆشدا بوو،بەڵكو پێشبینی ئەوەی كردبوو كەمنیش گیرابێتم.هەر ئەو شەوە پەیوەندیم كرد بەمامۆستا عەلی برامەوە وسەردانەكەم لەسەرەتاوە بۆ گێڕایەوە.ئەو ئاگاداری ئەم سەردانەی من بۆ سەربازگەكە نەبوو.ئەویش كەوتە گەڕان بەدوا بەرگی نامەكان.بەرگێكی گەورەی دۆزییەوە كەهەڵگری چەند گۆڤارێكی هونەری شێوەكاری بوو كەدكتۆر كاوەی برام كاتی خۆی لەسویدەوە ولەڕێگەی پۆستەوە بۆی ناردبوو.منیش سەیرێكی بەرگەكەم كردوو كەپێویست بوو ناوی تایەری برام بەزمانی ئینگلیزی وعەرەبی بنووسرێت.نووسینەكەش كەوتە ئەستۆی مامۆستا عەلی برام.بۆ بەیانی بیرۆكەیەكی تر هات بەمێشكمدا ئەویش نووسینی نامەیەكی دروستكراو بێت لەلایەن تایەر بۆ مامۆستا عەلی.خودی خۆم نەمتوانی ئەو كارە ئەنجام بدەم ئەویش بەهۆی ئەوەی نەوەك ڕژێم تاقیكردنەوە لەسەر دەستوخەتی من  بكات وبڵێن ئەمە نامەیەكی دەستكردە.بۆیە داوام لەمامۆستا عەلی كرد ئەویش هەمان ترسی هەبوو.ئەوەبوو داوام لەخێزانەكەم كرد كەبەكاری نووسینەكە هەڵسێت.ئەویش بەكارەكە هەڵساو نامەیەكی دەستكردمان نووسی.كارەكە هەمووی ئامادەیە بۆ ڕۆژی دادگایكردن.ئەوەی كەئەفسەر بەمنی گووت مانگی دوو جار وڕۆژانی پێنج شەممە ئەندامانی دادگا لەو سەربازگایە ئامادە دەبن بۆ دادگایكردنی خاوەن هەڵوێستەكان.ڕۆژێك پێش دادگایكردن سەردانی ئەفسەرم كردوو وپێم ڕاگەیاند كەهەموو شتەكان ئامادەن.ئەویش ناوەكەمی نووسی وگووتی سبەینێ پێنج شەممە پێویستە ئامادەبیت لەبەردەم دادگا.پێنج شەممە هات ولەگەڵ مامۆستا عەلی دا ڕۆشتین بۆ سەربازگەكە.لەوێ لەهۆلێك ئێمەیان دانا.دوای سەعاتێك ئەندامانی دادگا خۆیان كرد بەهۆڵدا كەبریتی بوون لەنوێنەری دادگای ئەنجومەنی شۆڕش وسەركردایەتی ڕێكخراوە حیزبییەكانی سەروی عیراق ونوێنەری پارێزگای سلێمانی كەئەو ڕۆژە جێگری پارێزگا محمد عەبۆ ئامادەبوو لەگەڵ كەسێكی تر كەڕەنگە بەرپرسێكی ئەمنی سلێمانی بوبێت.ئێمەش لەبەر ئەندامانی دادگا هەڵساین.هۆڵەكەش ڕووت وبەتاڵ بوو.چەند كورسییەكی لێ دانرابوو.لەسەرەوەش مێزێكی گەورە وچەند كورسییەك.دوای چەند چركەیەك سەرۆكی دادگا ڕووی دەمی لەئێمە كردوو گووتی هیچ بەڵگەنامەیەكتان پێیە كەبیسەلمێنێت براكەتان لەسوریا نیە ولەئەوروپایە.منیش پێشتر داوام لەمامۆستا عەلی برام كردبوو كەوەڵامەكان باشتر وایە من بیدەمەوە بەوپێیەی زمانە عەرەبییەكەم  باشترە.مامۆستاش بەوە قایل بوو.بۆیە یەكسەر وەڵامی سەرۆكی دادگام دایەوە گووتم بەڵێ بەڵگەنامەمان لەبەردەستدایە وئامادەیە.هەر لەوێدا بەڵگەنامەكەم پێدا كەبریتی بوو لەبەرگی نامەكە ،لەگەڵ نامە دەستكردەكەی كەخێزانەكەم پێشتر نووسیبوی.سەرۆكی دادگا نامەكانی دابە جێگری پارێزگا محمد عەبۆ بۆ سەیركردن وبڕیاردان.جێگری پارێزگاریش دوای خوێندنەوەی چەند دێڕێك،ئینجا نازانم توانای بەسەر سۆرانیدا دەشكا یان نا چونكە ئەم جێگرە وەك دەیان گووت خەڵكی ناوچەی دهۆك بوو،ڕووی كردە سەرۆكی دادگا ویەكسەر گووتی نامەكە هیچ كێشەیەكی تێدا نیە.دواتر سەرۆكی دادگا فەرمانی كرد خێزانەكەمان ئامادەی هۆڵەكە بێت.خێزانیش لەدوور ونزیكەوە ئاگاداری هیچ نین.دوای نزیكەی چارەكە سەعاتێك خێزان كران بەهۆڵدا ودایكم خەریكبوو جنێو بدات بەڕژێم منیش بەرەو پیری هاتم ودەمیم گرت وگووتم دایە گیان بەئیزنی یەزدان بەردەبن.هەر لەوێدا سەرۆكی دادگا فەرمانی بەربوونی بۆ دەركردن.باوەشمان كرد بەیەكتردا.

منیش لەدەرەوە سوپاسێكی ئەفسەرم كرد كەیارمەتییەكی زۆری ئێمەی دا بەڵكو كەسوكاری لەكوشتن ڕزگار كرد.پێش ڕاپەڕین 1991،بەنزیكەی مانگێك، بەڕێكەوت لەبازاڕی عەسری چاوم بەئەفسەر  كەوت وگووتی فەرمانی گواستنەوەم بۆ دەرچووە بۆ بەغدا ولەم چەند ڕۆژەدا پێویستە پەیوەندی بەشوێنە تازەكەمەوە بكەم.لەو كاتەوە هەتا ئێستا هیچ زانیارییەكم لەسەر ئەو ئەفسەرە نیە. لەدوای ڕاپەڕینیش دەسەڵاتی كوردی پشكنینیان لەو سەربازگەیە كرد وڕوفاتی چەندین شەهید لەچاڵەكاندا دۆزرانەوە.  






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved