29/7/2019 11:35 AM

پرۆژەی منداڵبوونی بێ ئازار كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە

ڕۆژى 28-7-2018 بۆ یەكەمجار پرۆژەی منداڵبوونی بێ ئازار لە سلێمانی جێبەجێكراو یەكەم دایك بەوشێوەیە منداڵی بوو، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونیش رایدەگەیەنێت، یەكەم نەخۆشخانەین لە كوردستان و عیراقدا كە پرۆژەكەمان بە شێوەیەكی فراوان جێبەجێكردووە.

شلێر فایەق بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی فێركاری سلێمانی رايگەیاندووه: ماوەی دوو ساڵە سەرقاڵی جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیەین، كە پرۆژەی منداڵبوونی بێ ئازارە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەمانتوانی پرۆژەكە لەوكاتەدا جێبەجێ بكەین.

وتیشی: ساڵی رابردوو بەپێی ئامارەكان لەسەر ئاستی چەند شارێكی دیكە، دەركەوت شاری سلێمانی زۆرترین نەشتەرگەری منداڵبوونی تێدا ئەنجامدەدرێت، كە لە رێژە ئاساییەكەی خۆی لایداوە، بەوپێیەش هەوڵی دۆزینەوەی رێگە چارەیەكمان دا، چونكە پێمان وابوو بەهۆی ئازارەكەیەوە دایكان پەنا بۆ نەشتەرگەری دەبەن.

د.شلێر ئاماژەی بەوەشكرد، بە هاوكاری  د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەو گازەمان لە ئێرانەوە هێنا، كە لە ئێستادا لە نەخۆشخانەكەمان بەردەستەو بەكاردێت بۆ هەموو نەخۆشێك بەبێ بەرامبەر.

سەبارەت بە بەكارهێنانی گازەكەو زیاتر بەرچاوروونی بۆ خانمان بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی سلێمانی وتی: بەكارهێنانەكەی زۆر ئاسانە وەك گێچێك لەلای نەخۆشەكەوە دادەنرێت و لەكاتی ئازاردا دەستی پێدا دەنێت و گازەكە هەڵدەمژێت، بەوجۆرەش نەخۆشەكە ئازارەكەی كەمدەبێتەوە، كە توشی هیچ كێشەیەك نابێت و گێژی ناكات.

راشیگەیاند: پێمانوایە كە بەكارهێنانی ئەم گازە بە رێژەیەكی زۆر نەشتەرگەری كەمدەكاتەوەو رێژەیەكی زۆر لە ژنان فێری بەكارهێنانی دەبن.

خاك - پوكمیدیا




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved