1/8/2019 04:52 PM

لە یادی 69 ساڵەی پیرەمێرد دا بیبلیۆگرافیایەكی فراوان بڵاودەكرێتەوە


بوار نوورەدین

كتێبخانەی گشتیی سلێمانی، بە هاوكاریی مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسوورەكە، مەراسیمێك بۆ یادی 69 ساڵەی «پیرەمێرد- حاجی مەحموود تۆفیق ئاغا 1867- 19/6/1950» سازدەكەن. لە مەراسیمەكەدا، كتێبی بیبلیۆگرافیای پیرەمێرد بڵاودەكرێتەوە، كە «بوار نوورەدین» ئامادەیكردووە و لەسەر ئەركی «د.هەڤاڵ ئەبوبەكر- پارێزگاری سلێمانی» چاپكراوە.
ئەم بیبلیۆگرافیایە تەواوی بابەت، نووسین و وەرگێڕانەكانی پیرەمێردە، یەكەم بیبلیۆگرافیاشە، كە بە شێوەیەكی ئاوا فراوان ئامادەدەكرێت، 256 لاپەڕەی ڕەنگاوڕەنگ و دوو تەوەرەی سەرەكییە:
یەكەم تەوەرە: بیبلیۆگرافیای كتێب و نووسینی لە ڕۆژنامەكانی ژیان- ژین و گۆڤاری گەلاوێژدا 1931- 2018.
یەكەم بەش: لە ساڵی 1932 تا 2018، 49 كتێبی پیرەمێرد بە زمانی كوردی بڵاوكراونەتەوە، یان بۆ سەر زمانی كوردی وەرگێڕدراون، لەم بەشەدا كتێبی دوای ساڵی 2010یش تۆماركراون.
دووەم بەش: ڕۆژنامە و گۆڤار 1908- 1950.
ئەم بەشە، بیبلیۆگرافیای نووسین و وەرگێڕانەكانی پیرەمێردە لە ڕۆژنامەكانی «كورد تەعاون و تەرەقی غەزەتەسی»، «ژیان»، «ژین»، «هەتاو» و «گۆڤاری گەلاوێژ»دا.
دووەم تەوەرە:
سێ‌ بیبلیۆگرافیای ئەم تەوەرەیە، تەنها تا ساڵی 2010 وەرگیراون، چونكە بەزاندنی سنووری پڕۆژەی كورد و كوردستان، گەڕانی زۆرتری پێویستە و هەر وا بە ئاسانی ناكرێت.
یەكەم بەش: بیبلیۆگرافیای پیرەمێرد لە كتێبی كوردیدا، كە لە ساڵی 1951 تا 2014، 14 كتێبی سەربەخۆ لەبارەی پیرەمێردەوە نووسراوە.
دووەم بەش: پێڕستی پیرەمێرد لە ناوەرۆكی كتێبی كوردیدا، كە لە ساڵی 1939 تا 2010، 79 بابەت لەبارەی پیرەمێردەوە نووسراوە.
سێیەم بەش: بیبلیۆگرافیای ڕۆژنامەكانی ژیان و ژینە لە كتێبی كوردیدا، كە لە ساڵی 1984 تا 2008، شەش كتێبی سەربەخۆ لەبارەیانەوە نووسراوە.
چوارەم بەش: پێڕستی ڕۆژنامەكانی ژیان و ژینە لە ناوەرۆكی كتێبی كوردیدا، كە لە ساڵی 2001 تا 2005، 14 بابەت لەبارەی ئەم دوو ڕۆژنامەیەوە نووسراوە.
لە پێشەكیی كتێبەكەدا نووسراوە: پیرەمێرد، خزمەتی زۆری كردووین و ڕەنگە وەك پێویستیش، پارسەنگی بۆ دانەنرابێت. لەم كارەدا، ناونیشانی دوا نووسینی پیرەمێرد (فەلسەفەی حەیات لە سەرەمەرگا، ژین، ژ1015، 15ی حوزەیرانی 1950، ل3) كە چوار ڕۆژ پێش مردنی نووسراوە، سەرنجی زۆر ڕاكێشام، ئەگەر كتێبەكە بیبلیۆگرافیا نەبوایە، بەم ناونیشانەوە ناودێرم دەكرد.
چالاكییەكە سەعات پێنجی ئێوارەی پێنجشەممە 1/8/2019، لە هۆڵی كۆفینێتی مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسوورەكە سازدەكرێت، بڕیارە كتێبەكە بە دیاریی پێشكەشی ئامادەبووان بكرێت، 100 دانەش بۆ كتێبخانەكانی گشتیی باشووری كوردستان دانراوە، كە لە ڕێگەی كتێبخانەی گشتیی سلێمانییەوە، بۆیان دەنێردرێت.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved