به‌ختیار حه‌مه‌سوور یه‌كێك له خه‌سڵه‌ته‌كانی نووسین و بیركردنه‌وه‌ی جددی، ئارامییه، به گوته‌یه‌كی تر، به‌خشینی هه‌ستی دڵنیاییه به خوێنه‌ر و به‌رده‌نگ. ره‌نگه ئه‌م حوكمه جۆرێك لێكدژی و پارادۆكس ده‌ربكه‌وێ، ئه‌ویش له‌و روانگه‌وه، كه له مه‌به‌ست و نیازی هه‌ر نووسینێكی جددییدا هه‌یه، شڵه‌قانی گۆمی وه‌ستاو، پرسیاری بنچینه‌یی و گومانخستنه‌سه‌ر وه‌ڵام و كڵێشه چه‌قبه‌ستوو و قه‌وزه‌گرتووه‌كانه، به‌ڵام ئه‌و ئارامی و به‌كاوه‌خۆییه‌ی لێره مه‌به‌سته، هێمنی و هێورییه‌كه له مله و هه‌ناوی دێڕ و رسته و پاراگرافه‌كاندا چنراوه، كه له پشتیانه‌وه بیركه‌ره‌وه‌یه‌ك ئاماده‌یی هه‌یه، تاو له هه‌ر باس و خواستێك بدا، هه‌رزه‌گۆیی ناكا و ده‌مارگرژانه نادوێ و نانووسێ، به‌ڵكو به ئارامی ئایدیاكانی پێشكه‌ش ده‌كات. یه‌كێك له‌و نوختانه‌ی وا ده‌كات نووسین و بیركردنه‌وه له كه‌شێكی ئارام‌دا بگاته خوێنه‌ر و خوێنه‌ر تووشی هیچ مه‌له‌لی و لێڵی و پێڵییه‌ك نه‌بێ، شێوازی روون و ره‌وانی نووسه‌ره له مه‌تنی نووسراوه‌كه‌یدا، به جۆرێك زه‌مینه‌یه‌ك بۆ خوێنه‌ر بڕه‌خسێنێ، كه تێیدا په‌یوه‌ندییه‌كی تۆكمه و پته‌و له‌گه‌ڵیدا ساز بكات. بۆ وێنه، كاتێك ئێمه نووسینێك له باره‌ی رووداوێكی ئه‌ده‌بی ده‌یه‌ی حه‌فتاكان، بۆ نموونه: گرووپی روانگه ده‌نووسین، پێویسته ده‌ور و خولی پێش ئه‌و رووداوه و خودی رووداوه‌كه و لێكه‌وته‌كانی، له نووسراوه‌كه‌ماندا بنوێنینه‌وه، تاكو وێنایه‌كی گشتگیر و هاوكات دیاریكراویش بپێكین، به‌مه‌یش هه‌ستی دڵنیایی و سه‌ر راستی لای خوێنه‌ر ده‌چه‌سپێ. سه‌رده‌می ئێسته‌مان، سه‌رده‌مێكی جه‌نجاڵ و پچڕ پچڕه، ئه‌مه‌یش كاری كردووه‌ته سه‌ر زۆرێك له كایه‌كان و له نێویشیاندا، نووسین و بیركردنه‌وه، جۆرێك له نووسینی هێناوه‌ته به‌رهه‌م كه خاڵی و به‌تاڵه له بیركردنه‌وه، ئه‌ویش به هۆی ناپوختی، بێڕه‌بتی، ناڕوونی، نامه‌عریفیه‌وه، هه‌روه‌ها له رووی داڕشتن و زنجیره‌ی رسته‌سازی و پاراگرافبه‌ندییه‌وه، ناتوانین بگه‌ین به ناوه‌ڕۆكێكی كۆك و ته‌با، ئه‌م جۆره له نووسین و بیركردنه‌وه، به‌رهه‌می شپرزه‌یی و ناشاره‌زاییه و دژه به‌و شێوه نووسینه‌ی له ده‌سپێكه‌وه باسمان كرد، ئه‌م جۆره نووسینه، كه ده‌كرێ وه‌ك نه‌نووسین ناودێری بكه‌ین، به‌رهه‌می زه‌ینێكی كاڵوكرچ و بێ مه‌عریفه‌یه، به‌رهه‌می دۆخێكی جه‌نجاڵ و شێواوی سه‌رده‌مه، به‌ڵام خوێنه‌ری جددی له ئاست ئه‌م نووسینه‌دا هه‌ڵوێست ده‌گرێ، چون ئه‌و به‌م گوته‌ی باسترناك باوه‌ڕداره، كه ده‌ڵێت: «پێویسته له سه‌رده‌مه جه‌نجاڵ و پڕئاژاوه‌كانیشدا، به هێمنی بیر بكه‌ینه‌وه.» «به‌ردێك له به‌ردێك»ی كۆمه‌ڵه‌وتار، سه‌یدقادر هیدایه‌تی، به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌یه‌كی قووڵ و ئارامه، كه نووسه‌ره‌كه‌ی له رسته‌به رسته و په‌راگراف به‌په‌راگرافدا، به‌سه‌ر ناواخنی باسه‌كاندا چه‌میوه‌ته‌وه و زاڵه. ئه‌م كتێبه ژانری گێڕانه‌وه و به تایبه‌ت چیرۆك ده‌پشكنێ و لێی ورد ده‌بێته‌وه، وتاره‌كانی دووتوێیو ئه‌م كتێبه وه‌ستانن له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك ده‌ق و پرسی ئه‌ده‌بی، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین هێڵی سه‌ره‌كیی سه‌رجه‌م وتاره‌كان گه‌ڕانه به شوێن توخمی گێڕانه‌وه و چیرۆكدا، گه‌ڕانێكی ئارام و له‌سه‌رخۆ، كه وا ده‌كات خوێنه‌ر هه‌ست به گرنگی ئه‌و ژانره و خۆشویستنی بكات. پێشتر، له رێی هه‌رسێ رۆمانی ‹ده‌نگی نوخته، تۆقی عه‌زازیل و گابۆڕ›ه‌وه، توانا و ده‌سه‌ڵاتی سه‌یید قادرمان خوێندووه‌ته‌وه و دیوه، بێگومان له وه‌ها شاره‌زایی و لێهاتووییه‌ك، هه‌ر وردبوونه‌وه و ئاگایی له‌م جۆره چاوه‌ڕێ ده‌كرێت. هیدایه‌تی، گه‌شتێكی درێژ به مێژووی گێڕانه‌وه‌دا ده‌كات، بۆ ده‌قه بنه‌ڕه‌ته‌كانی گه‌لگامیش و دۆن‌كیشۆت ده‌گه‌ڕێته‌وه، دواتر دێته‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی گۆگۆڵ، دۆیستۆڤسكی، چێخۆف، كالڤینۆ، تۆرگینێڤ، هراباڵ و… تا ده‌گاته سه‌ر حه‌سه‌ن قزڵجی و عه‌زیز مه‌حموودپوور. له هه‌ریه‌ك له‌و نووسه‌رانه‌دا، به شوێن ماك و ئیمكانه‌كانی چیرۆك و داهێناندا ده‌گه‌ڕێ، به وردیش جیاوازی شێواز و ناسنامه و خه‌سڵه‌تی تایبه‌تی هه‌ریه‌كه‌یان، ده‌رده‌خات. میلان كۆندێرا پێی وایه: «رۆحی رۆمان، رۆحی درێژه‌پێدانه.» واته هه‌ر رۆمانێك، یان ده‌قێكی گێڕانه‌وه‌یی، درێژه به نه‌ریتێكی گێڕانه‌وه‌ی پێش خۆی ده‌دات، هاوكات زیاده و داهێنانی خۆیشی ده‌خاته سه‌ر، ئه‌گه‌ر بمه‌وێ پێناسه‌یه‌كی ورد و به‌جێی ئه‌م كتێبه‌ی سه‌یید قادر هیدایه‌تی بكه‌م، ده‌توانم بڵێم ئه‌م كۆمه‌ڵه‌وتاره وه‌ڵامن بۆ ئه‌و گوته‌یه‌ی كۆندێرا، سه‌یید قادر ده‌یه‌وێ ئه‌و رۆحی درێژه‌پێدانه پێشان بدا، له‌م لایه‌نه‌یشه‌وه، به دڵنیاییه‌وه سه‌ركه‌وتوو بووه. هه‌ر له‌م كتێبه‌دا، خوێنه‌ر به چه‌ند پێشنیار و رێی كه‌شف و دۆزینه‌وه ئاشنا ده‌بێت، كه ده‌توانێ له گوزه‌ریانه‌وه و به چاوێكی كونجكۆڵانه، نه‌گوتراو و نه‌نووسراوه‌كانی ده‌ق، بڵێت و بنووسێته‌وه.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure