4/8/2019 10:25 AM

ئەنجومەنی باڵای خانمان: چارەنووسی سەدان كچ و ژن نادیارە

ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی 8ی ئابەوە (رۆژی كۆمەڵكوژی و جینوێسایدی كوردانی ئێزیدی) پەیامێك بڵاودەكاتەوە.

دەقی پەیامەكە...

3/8 رۆژێكی شەرمهێنەر بۆ كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی..! 

تائێستاش مەترسی سەرهەڵدانەوەی هەیە ؟

پێنج ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر كۆمەڵكوژیی و جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی كە تیایدا هەزاران هاووڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی بەتایبەتی كچان و ژنان و منداڵان, روبەڕووی قێزەوەنترین شێوازەكانی توندوتیژی سێكسی و دەروونی بوونەوە، هێشتا چارەنووسی سەدان كچ و ژن نادیارەو لایەنە پەیوەندیدارەكان بەرپرسیارن لە دۆزینەوەیان، پێویستە حكومەتی عێراقی فێدڕاڵ داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكات بۆ دۆزینەوەی كچان و ژنانی رفێندراو پاڵپشت بە بڕیاری كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە 19/6/2015 كە رۆژی 19ی حوزەیرانی كردە رۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی سێكسی لەكاتی ململانیەكاندا, ئەم بڕیارە گشت وڵاتانی ئەندام و چاودێر لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەگرێتەوەو لەهەمانكاتدا پابەندیان دەكات لە  بەدەنگەوەهاتنی داخوازیی و چارەسەرییە دەروونی و تەندروستی و یاساییەكانی رفێندراوان و بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان و بە سزا گەیاندنی تاوانباران و هاوكارانیان.

لە كارەساتی شاڵاوی دڕندانەی داعش بەتایبەتی لە ناوچەكانی شنگال و دەشتی نەینەواو دەوروبەری كەركوك و ناوچەكەكانی تر، ژنان و كچان روبەڕووی توندوتیژی سەخت بوونەوەو وەك ئامرازی شەڕ لەلایەن چەكدارانی داعشەوە بەكارهێنران لە دەستدرێژیی سێكسی و كڕین و فرۆشتن و بەكۆیلەكردن و ئازاردانی دیكەی جەستەییان بەرامبەر ئەنجامدرا. بەڵام تائیستا هەوڵێكی جدی نابینین لە هەنگاونان بۆ دانانی بەرنامەو پلانی خێرا بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەواو كۆتاییهێنان بە ژیانی سەختی نێو كەمپەكان كە بەداخەوە دوای ئەو هەموو چەوسانەوەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان كراوەو دوای پێنج ساڵ هێشتا بە ناچاری لە ژیانێكی سەخت و دژواردا دەژین لەكاتێكدا پێویستیان بە ماڵیكی ئارام و شایستەیە بۆ ڕزگاربوونیان لەو شۆكە دەروونییەی توشیان بووە.

هەر لە سەرەتاوە، لەلایەن دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێم و رێكخراوە ناحكومییەكانەوە، هەوڵی بەپەلە كەوتەكار بۆ رزگاركردنی ڕفێنراوان و دابینكردنی پێداویستیە سەرەتاییەكانی رزگاربووان، لەم هەوڵەشدا رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و گەڵێك ناوەندی نێودەوڵەتی هاوكاربوون. بەڵام بەداخەوە هێشتا زۆر ماوە بكرێت.

هەر لەم بۆنەیەدا جارێكیتر جەخت لە سەر بەرپرسیاریەتی حكومەتی عێراقی فیدراڵ دەكەینەوەو روودەكەینە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و گشت ناوەندە نێودەوڵەتەكانی دیكەو گشت مرۆڤدۆستان و داوایان لێدەكەین ئەركی مرۆڤانەیان لەئاست ئەو خانمانە پەرەپێبدەن و هاوكارمان بن لە بەرنامەو پرۆژەكانی تایبەت بە كچانی ژێردەست و رزگاربووی دەستی داعش, لەهەمانكاتدا وێڕای پیرۆزباییمان لە میری نوێی ئێزیدیان دواكارین گوشارو دواكارییەكانیان زیادبكەن بۆ بە دەنگەوەهاتنی ناوەندە فەرمی و نێودەوڵەتییەكان بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەو گەرانەوەی خێزانەكان بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان و قەرەبووكردنەوەیان و دامەزراندنی سەنتەری تایبەتمەند بە چارەسەری دەروونی و تەندروستی و..هتد.. و رزگاركردنی كچان و ژنانی رفێنراو.   

هەر لێرەوە دەستخۆشی لە پەرلەمانی كوردستان دەكەین بە ناساندنی رۆژی 3ی ئاب وەكو رۆژی جینۆسایدی ئێزیدیەكان.

لە كۆتاییدا دووپاتیدەكەینەوە كە دەستدرێژیی سێكسی و بە ئامانجكردنی ئافرەت لەكاتی ململانێكاندا، گشت كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەپێكێت، گشت بەها بەرزەكان پێشێل دەكات، بۆیە پێویستە بۆ وەدیهێنانی جیهانێكی ئارام و جوانتر هەموومان پێكەوە بەرەنگاری گشت شێوازەكانی توندوتیژیی ببینەوە.


خاك - ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved