4/8/2019 04:54 PM

شێرکۆ بێکەس

 

( من و شێرکۆ بێکەس و وەرگێڕانی شیعرەکانی)
ئازاد بەرزنجی

 

ڕۆژی ٤/٨ یادی کشانی ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ئاسمانی شیعری کوردییە، یادی شاعیری داهێنەر و گەورە (شێرکۆ بێکەس)، یادی ئەو باڵندەیەی شیعر کە دڵنیام تا کورد و ئەدەبیاتی کوردی بمێنێت، بە ئاسمانی شیعرییەوە هەر لە باڵەفڕەدا دەبێت. 
لە یەکەم ساڵیادی کۆچی دوایی ئەم شاعیرە نەمرەدا، وتارێکم نووسیبوو کە تێیدا باسم لە سەرەتاکانی ئاشنابوونم بە شیعری شێرکۆ و بە شەخسی خۆی و پاشان پەیوەندیی پانزدە ساڵەم لە نزیکەوە لەگەڵیدا کردووە و کاتی خۆی لە گۆڤاری(ئەدەبی سەردەم)دا بڵاوبووەوە، بەڵام دڵنیام گەلێ دۆست و هاوڕێ ئەو وتارەیان نەبینیوە و بۆ ئەو هاوڕێیانەی کە پێیان خۆشە و کاتیان هەیە بیخوێننەوە، وا لێرەدا و بەبۆنەی شەشەمین ساڵڕۆژی کۆچی دواییەوە، تەواوی وتارەکە دادەنێمەوە.



سەرەتای ناسینی من بۆ شێرکۆ بێکەس دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای لاویم، سەروەختێ کە سەودای شانۆ لە سەری دابووم و بەرلەوەی بە شێوەیەکی ئەکادیمی ئەو هونەرە بخوێنم، وەکو شانۆدۆستێک لەگەڵ هەندێ هاوڕێمدا لە تیپی نواندنی سلێمانی کۆبووبووینەوە و ناوبەناو لەو شانۆگەرییانەدا بەشداریمان دەکرد کە لەلایەن ئەو تیپەوە پێشکەش دەکران. ئەودەمە هەمووی ساڵێک دووساڵ دەبوو لە باشووری عیراق گەڕابووینەوە بۆ سلێمانی، چونکە دوای ئەوەی لە ئێران گەڕابووینەوە: بەعس نەفیی کردبووین بۆ زۆنگاوەکانی ناسرییە و ماوەی دووساڵی ڕەبەق لەوێ ماینەوە تا لێبوردنێکمان بۆ دەرکرا و لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٧دا لەگەڵ ماڵە کوردەکانی تردا گەڕاینەوە بۆ سلێمانی. لەبەرئەوەی لە باشوور خوێندن و خوێندنەوەشم بە عەرەبی بوو؛ زمانی عەرەبییەکەم باش بوو.
هەر بە گەڕانەوەم بۆ سلێمانی؛ وەک تینوویەک بۆ کتێبی کوردی، دەستم دایە ئەو کتێب و سەرچاوانەی کە هەم لە کتێبخانەی قوتابخانەکاندا و هەم لە کتێبفرۆشییەکان دەستم دەکەوتن، هەر لە چیرۆک و ئەو چەند ڕۆمانەوە بگرە کە ئەوسا هەبوون تا دیوانی شاعیرە کوردەکان بە کلاسیک و نوێیانەوە.
یەکێک لەو شاعیرانەی کە زۆر چێژم لە شیعرەکانی دەبینی و هەستم دەکرد ئەودەمە ئاوێنەی باڵانمای ئازار و موعاناتەکانمانە وەک ئینسانێکی کورد؛ شێرکۆ بێکەس بوو. هەر بۆیە بەو شەوقەوە هەر بەرهەمێکی تازەی دەربچووایە دەمخوێندەوە.
ساڵی ١٩٨٠ لەلایەن تیپی نواندنی سلێمانییەوە شانۆگەریی "دکتۆر پاڵمی" پێشکەش کرا، کە سەرەتا قەرار بوو هونەرمەندی بەتوانا کاک فازیڵ جاف دەریبهێنێت، بەڵام لەگەڵ هەڵایسانی ئاگری جەنگی عیراق – ئێران دا، ئەو بەرەو هەندەران کۆچی کرد و هونەرمەندی خوالێخۆشبوو "جیهاد دڵپاک" دەرهێنانەکەی گرتە ئەستۆ، ئەمە بۆیە باس دەکەم چونگە شانۆگەرییەکە لەلایەن کاک شێرکۆ بێکەسەوە لە عەرەبییەوە کرابوو بە کوردی و بیرم دێ ڕۆژێکیان کاتێ ئێمە لە تیپ سەرگەرمی پڕۆڤە بووین؛ وتیان کاک شێرکۆ دێت و حەز دەکات گوێ لە خوێندنەوەی پڕۆڤەکەمان بگرێت. ئیتر ئەوە بوو کاک شێرکۆ هات و لەگەڵماندا دانیشت. من ئەوە یەکەمجار بوو کاک شێرکۆ لە نزیکەوە ببینم. هەڵبەت من ئەوسا کوڕیژگەیەک بووم و هیچی تر، بینینی شاعیرێکیش کە لەو ڕۆژگارەدا وەکو سیمبوڵێکی شیعری نوێی کوردی و لە هەمانکاتدا شیعری بەرەنگاری ناسرابوو، بۆ من مایەی خۆشحاڵییەکەی تایبەتی بوو. بەهەرحاڵ دەستمان بە خوێندنەوەی دەقە شانۆییەکە کرد و دواتر کاک شێرکۆ پرسیی کە ئاخۆ زمانی وەرگێڕانەکەمان بەدڵە یان نا؟ هەموو وتیان کە زمانەکەی ڕەوانە بۆ ئەکتەر و تا بڵێیت جوانە. لەڕاستیشدا هەروابوو. بەڵام چەند وشەیەک هەبوون کە من زانیم بە هەڵە تەرجەمە کراون و دواتر بە شەرمێکەوە وتم کە من ئەم سەرنجانەم هەیە و سەرنجەکانی خۆم خستەڕوو و ئەویش پێی سەیربوو کە کوڕیژگەیەکی وەکو من سەرنجی زمانەوانیی لەوجۆرەی هەبێت.
دوای ئەوە ناوبەناو لە چایخانەی شەعب و دواتریش بۆ ماوەیەک لە چایخانەی کارۆخ کە دەکەوتە سەروو مزگەوتی گەورەوە؛ لەگەڵ مامۆستا ڕەووف بێگەرددا دەمبینین، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو دەمە ئەوان لە من و هاوڕێکانم هەڵکشاوتر بوون، چ لە ڕووی تەمەن و چ وەکو ئەزموون و کەسێتیی ئەدەبییان، بۆیە بواری هاوڕێیەتی و تێکەڵاوبوونمان زۆر سنووردار بوو و مەگەر لە هەندێ بۆنەدا نەبێت.
هەر لە ساڵی ١٩٨١دا بوو وەختێ لەگەڵ هەندێ هاوڕێی تردا لە شانۆگەریی "ئاسک"دا وەکو ئەکتەر بەشداریمان کرد کە لە دەرهێنانی هونەرمەندی خوالێخۆشبوو "کەریم عوسمان" بوو. هەڵبەت وەک دەزانن "ئاسک" شانۆنامەیەکی شیعری بوو لە نووسینی شێرکۆ بێکەس. بۆیە ئەمجارەیان وا ڕێکەوت کە ئێوارەیەکیان دوای نمایشەکە؛ هەندێ لەو برادەرانە لەگەڵ کاک شێرکۆ کۆبووینەوە و گفتوگۆمان لەسەر شانۆنامەکە کرد و بیرم دێ من گفتوگۆیەکی زۆرم لەگەڵیدا کرد و دیسانەوە هەندێ سەرنج و تێبینیی خۆمم لەسەر بابەتی شانۆنامەکە و تەکنیکەکەی خستەڕوو و تەنانەت سووکە بەراوردێکم کرد لەگەڵ "لە چاوەڕوانی گۆدۆدا"ی "ساموێل بێکێت" کە ئەوسا بە عەرەبی خوێندبوومەوە. ئەو نکووڵیی لەوە کرد لەژێر کاریگەریی ئەو شانۆنامەیەدا "ئاسک"ی نووسیبێت. هەڵبەت بەراوردەکەی من لەوەوە هاتبوو کە لە شانۆنامەی ئاسکدا؛ ئاسکەکە لە لووتکەیەکی هەزاربەهەزاردا گیر دەخوات و کەس نازانێ ئاخۆ ئاسکەکە دەگەڕێتەوە یان نا. بێگومان من کە ئەمەم بە کاک شێرکۆ وت؛ لە هەمانکاتدا باش دەمزانی کە تێڕوانینی بێکێت زیاتر فەلسەفییە، بەڵام تێڕوانینی ئەو زیاتر مۆرکێکی سیاسیی بە خۆیەوە گرتبوو. دواتر و بە حوکمی هەلومەرجی سەختی هەشتاکان و پاش چوونی کاک شێرکۆ بۆ شاخ و دواتریش بۆ هەندەران، من جگە لە بەرهەمەکانی چیتر خۆیم نەبینییەوە تا دوای ڕاپەڕین و لە ١٩٩١دا هاتەوە و قەسیدەی درێژی – دەربەندی پەپوولە –ی خوێندەوە. هەر دوای ئەوەش بە ماوەیەک، ڕۆژێکیان هاوڕییەک داوەتێکی لە بناری گۆیژەدا ساز کرد و ئەوەندەی بە بیرم بێت کاک شێرکۆ و دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ و مامۆستا ڕەووف بێگەرد و جەمال غەمبار و عوسمان چێوار و کەمال سابیر و چەند برادەرێکی تر و هەروەها منیش بووین. هەم گفتوگۆمان لەسەر ئەو قەسیدەیەی کرد و، هەم ئەو و دکتۆر عیزەدینیش باسیان لەوە کرد بۆ پەرلەمان و یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵێوراون و ئیتر قسەوباس لەسەر بارودۆخی سیاسیی ئەوسا کرا. ئەوەبوو دواتریش یەکەمین حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرا و کاک شێرکۆش بوو بە وەزیری ڕۆشنبیری.
ساڵی ١٩٩٤ بوو، من لە هەولێر بووم و هێشتا بارودۆخ گرژ نەبووبوو و ئاگری شەڕی ناوخۆ هەڵنەگیرسابوو، ڕۆژێکیان کاک شێرکۆ هەواڵی منی لە برادەرێک پرسیبوو و پێی وتبوو دەمەوێ بیبینم و ئیشم پێیەتی. لەڕاستیدا کاتێ ئەو برادەرە هەواڵەکەی دامێ نەمدەزانی ئاخۆ دەبێ ئیشەکەی کاک شێرکۆ چی بێت. بەهەرحاڵ، ژمارەی تەلەفۆنێکی دامێ کە پەیوەندیی پێوە بکەم. بێگومان ئەو دەمە هێشتا مۆبایل نەهاتبووە ئاراوە و ژمارەکە هی تەلەفۆنێکی نۆرماڵ بوو. ئەوەبوو من تەلەفۆنم بۆ کرد و وتی حەزدەکەم بتبینم و شتێکت لەگەڵ باس بکەم. بۆ ئەوەش شوێنێکی دیاری کرد تا عەسری ئەو ڕۆژە لەوێ یەکتر ببینین. عەسر چووم بۆ شوێنی دیاریکراو و سەیرم کرد کاک شێرکۆ بە خۆی و جانتاکەی دەستییەوە لەسەر مێزێک دانیشتووە و چاوەڕێی من دەکات. پاش سڵاو و هەواڵپرسین؛ وتی "خۆت دەزانیت کە لە هەندەرانەوە هاتمەوە قەسیدەیەکی درێژم لەگەڵ خۆمدا هێنایەوە کە ئەویش دەربەندی پەپوولە بوو. من دەمەوێ ئەو قەسیدەیەم تەرجەمە بکرێ بۆ عەرەبی چونکە لە لوبنان بەڵێنیان پێ داوم بۆم چاپ بکەن. بۆ وەرگێڕانەکەشی تۆم هەڵبژاردووە. لەڕاستیدا سەرەتا کەمێک سڵەمیمەوە، یەکەم لەبەرئەوەی ئەو دەقە دەقێکی زۆر درێژە و پێشتر ئەزموونی کاری شیعریی درێژی لەو جۆرەم نەبوو. دووەم: لەبەرئەوەی شیعری شێرکۆ پڕە لە وشە و دەستەواژەی کوردیی ڕەسەن و تایبەت بە زمان و کەلتووری کوردی و وەرگێڕان و دۆزینەوەی هاوواتای عەرەبی بۆیان کارێکی ئاسان نییە. سێیەم: لەبەرئەوەی ڕۆحیش بکات بە بەری وەرگێرانەکەدا، ئینجا هەر دەقە وەرگێڕدراوەکە نابێتەوە بە دەقە ئەسڵییەکە. هەڵبەتە من ڕام وایە کە ئەوە بە هەڵەداچوونێکی گەورەیە ئێمە داوای لە وەرگێڕی دەقێکی شیعری بکەین کە دەبێ وەرگێڕانەکەی دەقاودەق وەک ئەسڵەکە بێت. ئەمە شتێکە ئەستەمە. چونکە هەر زمانە و ستراکتۆر و تایبەتمەندیی و مۆسیقای تایبەت بە خۆی هەیە و لە شیعریشدا تایبەتمەندییەکانی زمان بە ڕادەیەک چڕ دەبنەوە کە تەرجەمەکردنیان وەکو خۆیان بۆ سەر هەر زمانێکی تر کارێکی زەحمەتە. واتە دەقە وەرگێڕدراوەکە ناتوانێ هەڵگری هەمان خەسڵەتەکانی دەقە ئەسڵییەکە بێت، بەڵام دەشێ دەقە وەرگێڕدراوەکە ببێتە دەقێکی شیعریی تری جوان کە هاوتەریبی دەقە ئەسڵییەکە بێت و لە گەلێ ڕووەوە لێی بچێت.
بەهەرحاڵ، من بەڵێنم پێ دا کە کاری تێدا بکەم و وتم هیوادارم وەرگێڕانەکە لە ئاستێکی باشدا بێت. ئیتر ئەوە بوو پاش چەند ڕۆژێک لەو دیدارە، دەستم کرد بە وەرگێڕانی کارەکە.
دەمەوێ لێرەدا ئەوە بڵێم کە دەربەندی پەپوولە یەکەمین قەسیدەی درێژی نوێی کوردییە و بێ دوودڵی دەتوانم بڵێم شاکارێکی شیعرییە و یەکێکە لەو دەقە هەرە جوانانەی شاعیر کە تیایدا هەندێ تەکنیک بەکاردێنێت و لەگەڵ یەکدا لەو دەقەدا تێکەڵیان دەکات کە پێشتر نمونەی نەبووە. ئەمە جگە لەوەی بەکارهێنانی زمان لەم قەسیدەیەدا لە ئاستێکی باڵادایە، چ لە ڕووی ڕەوانی و چ لە ڕووی بەیانکردن و چ لە ڕووی مۆسیقاشەوە. هەر بۆیە تەرجەمەکردنی ئاسان نەبوو.
هەروەکو پێشتریش ئاماژەم پێ دا، لەم قەسیدەیەشدا کۆمەڵێک وشە هەبوون کە دۆزینەوەی هاوتا عەرەبییەکانیان کارێکی سانا نەبوو، بەڵام خۆشەویستیم بۆ قەسیدەکە، هانی دام کارەکە ئەنجام بدەم و گوێ نەدەمە ماندووبوون.
لە وەرگێڕانەکە بوومەوە و دواتر کە هاتمەوە بۆ سلێمانی؛ دەقە وەرگێڕدراوەکەم نارد بۆ کاک شێرکۆ کە ئەوکات لە سوید بوو. ئیتر ئەوەبوو لە ساڵی ١٩٩٦دا لە بەیرووت چاپ کرا. شایانی باسە ناونیشانەکەیم بە "مچیق الفراشات" تەرجەمە کردبوو و شاعیری عیراقی "کاڤم السماوی"ش پێشەکیی بۆ نووسیبوو.
پێویستە لێرەدا ئەوە بڵێم کە بۆ وەرگێڕانە عەرەبییەکە ناچار بووم لە زۆر شوێندا پەراوێز دابنێم، چونکە وەکو وتم هەندێ وشە هەبوون کە دۆزینەوەی هاوواتا بۆیان لە زمانی عەرەبیدا کارێکی ئاسان نەبوو و، جگە لەوەی ناوی کۆمەڵێک شوێن و کەسێتیی کورد و ڕووداو هەبوون کە پێویستیان بە ناساندن هەبوو بە خوێنەری عەرەب.
جێی ئاماژە بۆ کردنە کە دوای لەچاپدانی دیوانەکە، هەندێ ڕەخنەنووس و نووسەری عەرەب لەسەریان نووسی، لەوانەش ڕەخنەنووسی دیاری عیراقی "یاسین النصیر" کە لە ڕۆژنامەی حەیاتی لەندەنیدا لەسەری نووسی و بە کارێکی جوانی لە قەڵەم دا.
دیوانێکی تری شێرکۆ بێکەس کە داوای لێ کردم بۆی تەرجەمە بکەم، کتێبی بۆننامە بوو، کە ئەویش قەسیدەیەکی درێژ بوو.
دەتوانین بڵێین کە ئەم قەسیدەیە سەفەرێکە لەڕێی بۆنەوە، بەناو دنیای شتەکان و ڕووداوەکاندا (بەتایبەتیش شەڕی ناوخۆ). لێرەدا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە وەختێ پێشنیازی ئەوەی بۆ کردم ئەم قەسیدەیەی بۆ تەرجەمە بکەم؛ بە ڕاشکاوییەوە پێم وت کە من لە وەرگێڕانەکەدا هەندێ ڕستە و بڕگە لادەبەم چونکە بە بڕوای من ڕاستەوخۆیی زاڵە بەسەریاندا و مانەوە و نەمانەوەیان کار لەسەر شیعرییەتی قەسیدەکە ناکات. ئیتر بەوە قایل بوو و ئەویشم بە ناوی "سفر الروائح"ەوە کرد بە عەرەبی و لە سوریا چاپ کرا و شاعیری ناسراوی عەرەب "نزیە ابو عفش" پێشەکییەکی بۆ نووسی. لە وەرگێڕانی ئەم کارەشدا، جگە لەو کێشانەی پێشوو، ڕووبەڕووی کێشەیەکی تر بوومەوە کە ئەویش چەندبارەبوونەوەی وشەی "بۆن" بوو کە ئەمەش لە عەرەبییەکەدا جۆرێک لە مەلەلی دروست دەکرد، بۆیە ناچاری کردم هاوواتاکانی بۆن لە زمانی عەرەبیدا بدۆزمەوە و بە گوێرەی گونجان لەجێی خۆیاندا دایانبنێم و بەمجۆرە خۆم لە چەندبارەکردنەوەی وشەی "رائحە" بپارێزم. هەر بۆیە بۆ نموونە پەنام بۆ ئەم هاوواتایانە برد: رائحە، فوح، چوع، اریج، عبق، عبیر، عگر، شژی.
لەپاڵ ئەم دوو کتێبەدا، ناوبەناو هەندێ لە شیعرە کورتەکانیم وەردەگێڕا و ئەویش یان لە کۆڕ و یاخود لە دیمانەی تەلەفزیۆنیدا دەیخوێندنەوە و یانیش بۆ گۆڤارێکی عەرەبیمان دەنارد و بڵاو دەبۆوە.
بۆ نموونە، جارێکیان هەندێ شیعرم بۆ تەرجەمە کرد و لە بەرنامەی "روافد"ی کەناڵی ئەلعەرەبییە خوێندنییەوە. یان چەند جارێک کە ویستوویەتی لە فێستیڤاڵی ئەدەبیدا و بەتایبەتیش فێستیڤاڵی گەلاوێژدا بەشداری بکات، کۆمەڵێک کورتەشیعریم بۆ کردووە بە عەرەبی و خوێندوونیەتییەوە. یەکێک لەو جارانە، ئەو جارە بوو کە شاعیری گەورەی عەرەب "ئەدۆنیس" هات بۆ سلێمانی.
جگە لەوانە، کتێبێکی ترم بە عەرەبی بۆ ئامادە کرد کە بریتی بوو لە وەرگێڕانی هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی و لەلایەن کۆمەڵێک ئەدیب و وەرگێڕەوە کرابوون. من پیایاندا چوومەوە و دواتر کتێبەکە بە ناوی (انبهارات)ەوە لەلایەن (المرکز القومی للترجمە)ەوە لە قاهیرە چاپ و بڵاوکرایەوە و نزیکەی ٦٠٠ لاپەڕە دەبوو.
* * *
ساڵی ١٩٩٨ بوو، کاک شێرکۆ دیسانەوە تازە لە سوید گەڕابۆوە بۆ کوردستان، ڕۆژێکیان یەکمان بینی و وتی حەزدەکەم باسی پڕۆژەیەکت لەگەڵدا بکەم، کاتێ لێم پرسی چییە، وتی من بیرۆکەی دامەزراندنی دەزگایەکی گەورەی ڕۆشنبیری و چاپ و بڵاوکردنەوەم لا گەڵاڵە بووە و لەگەڵ هەندێ برادەر و نووسەری تردا قسەم کردووە و بەتەماین داوایەک بۆ وەرگرتنی مۆڵەت بۆ دەزگاکە پێشکەش بە حکومەت بکەین، لەبەرئەوە دەبێ تۆش لەو دەزگایەدا لەگەڵماندا بیت. ئیتر دوای ئەوەی قسەمان لەسەر ئەوە کرد کە دەزگاکە چۆن بێت و چۆن نەبێت، من ڕەزامەندیم پیشان دا و ئەوە بوو پاش ماوەیەک و لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی یەکەمی ١٩٩٨دا دەزگاکە بە ڕەسمی دەمەزرا و لای فولکەی یەکگرتنەوە خانوویەکی دوونهۆمیمان بۆ بە کرێ گرت و بە ناوی "دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم"ەوە دەستمان بە کارەکانمان کرد و ژمارەیەکی زۆر لە ئەدیبان و نووسەران هەم لەوێ کاریان کرد و هەم لە دەوری دەزگاکە کۆبوونەوە.
بەهۆی کارکردنمان پێکەوە لەو دەزگایەدا لەو ساڵە بەدواوە تێکەڵاویمان لەگەڵ کاک شێرکۆ زیاتر بوو، چونکە ڕۆژانە بەرخوردمان لەگەڵ یەکدا هەبوو و لە زۆربەی بۆنە ڕۆشنبیرییەکانیشدا پێکەوە دەبووین. ڕەنگە ساڵانی پێکەوەکارکردنمان لە سەردەم، چ لەگەڵ ئەو و چ لەگەڵ برادەرانی تردا پێویستی بە باسێکی سەربەخۆ بێت، بۆیە ئەوە هەڵدەگرین بۆ دەرفەتێکی تر. بەڵام دەمەوێ ئەوە بڵێم کە کاک شێرکۆ خوێنەرێکی باشی دنیای ئەدەب بوو و بەتایبەتیش ڕۆمان و بایۆگرافی. ئەو تا ماوەیەکی کەم بەر لە دوا گەڕانەوەشی بۆ سوید و کۆچی یەکجارەکیی، بەردەوام سەرقاڵی خوێندنەوە بوو، یانیش سەقاڵی شیعرێکی نوێی بوو. گەلێ جار کە دەچووم بۆ لای دوا شیعری خۆی بۆ دەخوێندمەوە، وەکچۆن بەشێک لەو شیعرەی بۆ خوێندمەوە کە بۆ کەرکوک نووسیبووی و مەرگ ڕێی پێ نەدا تەواوی بکات. جاری واش بوو کاتێ قەسیدەیەکی درێژی دەنووسی، من و ڕەووف بێگەرد و شێرزاد حەسەن و جاری وابوو یەک دوو برادەری تریشی بۆ ماڵی خۆیان بانگ دەکرد و بۆی دەخوێنینەوە و حەزی دەکرد گوێی لە سەرنج و تێبینییەکانمان بێت.
لەڕاستیدا شیعر لای شێرکۆ بووبوو بە جۆرێک لە پیشە، یان چاکتر وایە بڵێین ئەو بووبوو بە ئەفسوونبازی شیعر. هێندە بەس بوو ڕووداوێک، چرکەساتێکی دڵتەزێن، جوانییەک، سەرنجی ڕابکێشێت و دوای ڕۆژێک بیکات بە شیعرێکی جوان.
زێدەڕۆیی نییە گەر بڵێین بە دواکۆچی شێرکۆ، شیعری کوردیی گورزێکی توندی بەرکەوت و زۆری دەوێت تا شیعری کوردی قەڵەمێکی شیعریی بە بڕشت و داهێنەر و نەفەسدرێژی وەکو ئەوی تیا هەڵبکەوێتەوە.
١٥/٧/٢٠١٤




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved