17/8/2019 04:38 PM

مناڵەكانی مام تۆم

 

 

كۆمەڵە چیرۆكێكی  چیرۆكنووس و  شاعیری  ئامریكایی ( ریچارد ڕایت  1908 – 1960 )  كە وە رگێڕ و چیرۆكنووس  ( ئەحمەد سەیید عەلی بەرزنجی)  لە عارەبییەوە  وەریگێڕاوە ودە زگەی  سەردەم بۆچاپ وبڵاوكردنەوە  لەم  ڕۆژانەدا  ,لەبەرگ و دیزاینێكی جوان و شیاو بەقەبارەی  231 لاپەڕە   خستوویەتییە كتێبخانەكانەوە . 
  ریچارد ڕایت  یەك لەو چیرۆكنووسە ڕەشپێستە بەتوانایانەی  ئامریكایە كەبەرهەمەكانی  تەرخان كردوە بۆ پیشاندانی ئەو ژیانە نالەبارە پڕمەینەتی وچەرمەسەرییەی كەهاوڕەگەزە پێستڕەشەكانی لە وڵاتەیەكگرتووەكانی ئامریكا لەژێر سایەی سیستم و نەریتێكی چەپەڵی سپی پێستە ڕەگەزپەرستە توندڕەوەكاندا بەسەریان دەبرد . بەتایبەت لەهەرێمەكانی خوارووی ئەو وڵاتە ( دالاس ، ئۆكلاهۆما ، میسیسیپی ، ئەلەباما ، كارۆلاینا وئەركەنساس ) ئەو هەریمانەی كە زیاتر لەوانیدی خەڵكە سپیەكانیان هەوای لووتبەرزی وڕەگەزایەتی كوێری كردبوون و خۆیان لەگشت بوارەكانی  ژیاندا بەلەپێشترو باڵاتر دەزانی لەبەرامبەر  پێستڕەشەكان .... بۆغراییەكی ڕەگەزیی بێویژدانانە .
   ئەمە لەساڵەكانی نیوەی یەكەمی سەدەی بیستدا ، كەدرێژەی ئەو كۆیلایەتیەبوو سەدان ساڵ لەوەبەر بۆیان مابووەوە ، ڕەشپێستەكانیان وەك  ئاژەڵ لەمەزراو كێڵگەو ناوماڵ و كۆشك و كارخانەكانیاندا كاریان پێدەكردن و دەیانڕەتاندنەوە .
   چیرۆكەكانی ئەم كتێبە شایەدحاڵێكی  ڕاستی  ئەو ژیانە سەختەی  بەشێك لەگەلانی ناو  وڵاتە یەكگرتووەكانی ئامریكا دەخاتە ڕوو . كتێبەكە بە پێشەكییەكی  وەرگێڕ دەستپێدەكات لەتەك ( كورتەیەك سەبارەت بەكۆیلایەتی ) وچەمكی ئەم دیاردە ناهەموارەی كۆَمەڵگەی مرۆیی ، بە پێنووسی  خوالێخۆشبوو ( د . فازل قەفتان ) كە كاتیخۆی  لەتەك وەرگێڕانەكەیدا بۆڕۆمانی ( كووخەكەی مام تۆم ) نووسیویە ، وەرگێر لە پاینی چیرۆكەكانەوە ( فەرهەنگۆك ) ێكی بۆ بڕێ‌ لەو  وشەو زاراوانە  ڕێكخستووە كەدەشێ‌ لە كاتی خوێندنەوەدا بێنە بەر چاوی خوێنەر و ئەو مەبەستانەی وەرگێڕ مەبەستی بووە لێیان  ڕوونتریان  بكاتەوە .
خاك 





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved