سیامه‌ند هادی له پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌دا زۆر جار له ڕێگه‌ی هه‌واڵ یان بابه‌تێكه‌وه له‌سه‌ر نووسه‌رێك، واده‌كات به‌دوای به‌رهه‌مه‌كانیدا بگه‌ڕێیت، بۆ ئه‌وه‌ی بیخوێنیته‌وه. جگه له نووسه‌رانی وڵاتانی دیكه، به‌رده‌وام هه‌وڵم داوه ئاگاداری نووسه‌رانی جه‌زائیر و مه‌غریب و هه‌ندێك جاریش تونس بم، چونكه له نێو نووسه‌رانی عه‌ره‌بدا، نووسه‌رانی ئه‌و وڵاتانه تا راده‌یه‌ك جیاواز ده‌نووسن، ئه‌ویش زیاتر به‌هۆی ئه‌وه‌یه كه سه‌رچاوه‌ی راسته‌خۆی رۆشنبیرییان زمانی فه‌ره‌نسی بووه. له بواری فیكر و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و رۆمان‌دا گه‌لێك نووسه‌ری به‌توانایان هه‌یه. لێره‌دا مه‌به‌ستمان لەو رۆماننووسانه، كه زۆرجار هه‌وڵم داوه به‌رهه‌مه‌كانیان په‌یدا بكه‌م و بیانخوێنمه‌وه و هه‌ندێك جاریش به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌و نووسه‌رانه به فه‌ره‌نسی ده‌نووسن و به‌رهه‌مه‌كانیان نه‌كراون به عه‌ره‌بی، ئه‌وا نه‌متوانیوه بیانخوێنمه‌وه. هه‌ندێك له‌و رۆماننووسانه‌ش كه بۆ به‌رهه‌مه‌كانیان گه‌ڕاوم، وه‌ك (كاتب یاسین و محه‌مه‌د شوكری و تاهیر جا‌وت و ڕه‌شید میمونی و تاهیر وه‌تار و ڕه‌شید بوجه‌دره و تاهیر بن جه‌للون و ئاسیا جه‌بار و مه‌لیكه موقه‌ده‌م و محه‌مه‌د زه‌فزاف و محه‌مه‌د دیب و…). جگه له ره‌شید میمونی- كه گومان ده‌كه‌م به‌رهه‌می كرابێت به عه‌ره‌بی، یه‌كێك له‌و ناوانه‌ی نزیكه‌ی پانزه ساڵ ده‌بێت به‌دوای به‌رهه‌مه‌كانیدا ده‌گه‌ڕێم رۆماننووسی جه‌زائیری (ئاسیا جه‌بار)ه. زۆر به‌لامه‌وه سه‌یر بووه نووسه‌رێك به‌و هه‌موو ناوبانگه‌وه كه خاوه‌نی چه‌ند خه‌ڵاتێكی جیهانییه و چه‌ند ساڵێكیش پاڵێوراوی خه‌ڵاتی نۆبڵ بووه، رۆمانه‌كانی نه‌كرابن به عه‌ره‌بی. نزیكه‌ی ده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له پیشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كتێب له هه‌ولێر، له ده‌زگایه‌كی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی جه‌زائیر پرسیاری به‌رهه‌مه‌كانیم كرد، جگه له‌وه‌ی سه‌رسام بوون به‌وه‌ی كه من چۆن ئه‌و نووسه‌ره ده‌ناسم، وتیان تا ئێستا هیچ رۆمانێكی ئاسیا جه‌بارمان به عه‌ره‌بی نه‌بینیوه. ئاسیا جه‌بار له شه‌قامی موته‌نه‌بی ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له شه‌قامی موته‌نه‌بی له به‌غداد، ته‌ماشای كتێبم ده‌كرد و به‌دوای چه‌ند ناونیشانێكدا ده‌گه‌ڕام، به‌ڕێكه‌وت چاوم به رۆمانێكی (ئاسیا جه‌بار) كه‌وت كه ناونیشانه‌كه‌ی (بوابە الژكریات) بوو. به‌پێی ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م نووسه‌ره نووسراون، جگه له‌م رۆمانه‌ی، به‌رهه‌مه‌كانی تری نه‌كراون به عه‌ره‌بی، ئه‌م رۆمانه‌ش كاتێك كراوه به عه‌ره‌بی، كه پێشتر بۆ سی زمان وه‌رگێڕدراوه. (ئاسیا جه‌بار) له به‌رهه‌مه‌كانیدا به وردی له‌سه‌ر شوێن و پێگه‌ی ژن له كۆمه‌ڵی جه‌زائیردا كار ده‌كات، به‌وه‌ش ئه‌و شێوه ئیشكردنه ده‌بێته وێناكردنی شوێن و پێگه‌ی ژن له نێو عه‌ره‌ب و ئیسلامدا. رۆمانی (ده‌روازه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كان) وێناكردنێكی وردی جه‌سته‌ی كچێكه كه چۆن ورده ورده گه‌وره ده‌بێت و خێزان و قوتابخانه و كۆڵان و شار به چ شێوه‌یه‌ك لێی ده‌ڕوانن. ئه‌م به‌رهه‌مه رۆمانێكی ژیاننامه‌ییه و نووسه‌ر له‌سه‌ر ژیانی خۆی و خێزانه‌كه‌ی ده‌وه‌ستێت به هه‌موو ورده‌كارییه‌كه‌وه. بێگومان له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه ئه‌م رۆمانه ده‌بێته خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ره‌وشی ژیان و باری كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وكاته‌ی جه‌زائیر. ئاسیا جه‌بار له‌م رۆمانه‌دا له ته‌مه‌نی چوار بۆ پێنج ساڵییه‌وه ئه‌وه‌ی له‌بیرێتی ده‌یگێڕێته‌وه، به‌ڵام زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه وه‌ستاوه كه چۆن كچێك هه‌ر له مناڵییه‌وه وه‌ك مێینه‌یه‌ك سنووره‌كانی ژیانی بۆ ده‌كێشرێت. ئه‌و باوكێكی مامۆستا و توند و پابه‌ند به رێساكانی كۆمه‌ڵی ئه‌وكاته‌ی جه‌زائیر و دایكێكی نێو دابونه‌ریتی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی هه‌بووه، ئه‌گه‌رچی دایكی له باوكی كراوه‌تر بووه. هه‌ندێك دیمه‌ن و روانین وا ده‌كات به درێژایی ژیان له رۆحی كه‌سێكدا نیشته‌جێ بێت. له‌م رۆمانه‌دا كاتێك ئاسیا جه‌بار ته‌مه‌نی چوار بۆ پێنج ساڵان ده‌بێت، حه‌زی له پاسكیله و كوڕێكی دراوسێیان هه‌وڵ ده‌دات فێری لێخوڕینی پاسكیلی بكات، به‌ڵام كاتێك باوكی ده‌یبینێت تووڕه ده‌بێت، ئه‌م گوێی لێ ده‌بێت ئه‌وكاته‌ی باوكی به دایكی ده‌ڵێت: نامه‌وێت به‌سه‌ر پاسكیله‌وه كچه‌كه‌م قاچه‌كانی ده‌ربكه‌ون. ئیتر ده‌ركه‌وتنی قاچ ده‌بێته گرێیه‌ك لای ئه‌و مناڵه و بۆ چه‌ندین ساڵ به‌رده‌وام بیر له‌و ڕسته‌یه‌ی باوكی ده‌كاته‌وه. هه‌ربۆیه ئه‌م به‌رهه‌مه چاودێری جه‌سته‌ی كچێكه له مناڵییه‌وه بۆ سه‌رده‌می لاوی و دواتر ناوه‌ڕاستی ته‌مه‌ن و پاشان پیری. لێره‌شه‌وه ئه‌م به‌رهه‌مه ده‌بێته حیكایه‌تی ترسی جه‌سته‌ی مێینه‌یه‌ك له جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا. ئه‌و ترسه‌ش وا ده‌كات، كاتێك بۆ یه‌كه‌مین جار خۆشه‌ویستێكی ده‌بێت، به كوڕه‌كه ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر باوكم به‌م خۆشه‌ویستییه بزانێت، خۆم ده‌كوژم. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر له‌م ده‌قه‌دا زۆر به وردی و به زمانێكی شیعری، دیمه‌ن و ڕووداوه‌كانی ژیانی خۆی به‌رجه‌سته كردووه، به‌ڵام ئه‌م ده‌قه زیاتر له بیره‌وه‌رییه‌وه نزیكه وه‌ك له رۆمان. له رووی هونه‌ری و ته‌كنیك و گێڕانه‌وه و وێناكردنی كه‌سێتی و دروستكردنی رووداو و بابه‌ته‌وه، به‌ر وێناكردنێكی هونه‌ریانه ناكه‌وین كه رۆمان ده‌یانخوڵقێنێت. به‌ڵكو زیاتر سه‌رنج خراوه‌ته سه‌ر بیره‌وه‌رییه‌كان و ئه‌و گۆشه‌نیگایه‌ی كۆمه‌ڵ كه چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك له كچێك ده‌ڕوانێت. جێی ئاماژه‌یه ئه‌م رۆمانه (383) لاپه‌ڕه‌یه و (محه‌مه‌د یه‌حیاتن) كردوێتی به عه‌ره‌بی، به‌ڵام به‌پێی ژیاننامه و به‌رهه‌مه‌كانی نووسه‌ر، بۆم ده‌ركه‌وت كه وه‌رگێڕ ناونیشانی رۆمانه‌كه‌ی گۆڕیوه، به فه‌ره‌نسی ناونیشانه‌كه‌ی ده‌بێته (له ماڵی باوكمدا شوێنێك بۆ من نییه)، به‌ڵام وه‌رگێڕ كردوێتی به (ده‌روازه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كان). ئاسیا جه‌بار رۆماننووس و ده‌رهێنه‌ری سینه‌مایی (ئاسیا جه‌بار) ناوی ته‌واوی (فاگمه الزهرا‌و ایمالاین)ه، له 30/6/1936 له شرشالی جه‌زائیر له‌دایكبووه. له زانكۆی سۆربۆن و مونبیلییه خوێندنی ته‌واوكردووه. یه‌كه‌م رۆمانی له ساڵی 1957دا به ناونیشانی (العگش) بڵاوكردووه‌ته‌وه. سه‌ره‌تا له ترسی باوكی به ناوی خوازراوی (ئاسیا جه‌بار)ه‌وه به‌رهه‌می بڵاوكردووه‌ته‌وه، به‌ڵام تا كۆتایی ته‌مه‌نی هه‌ر به‌و ناوه‌وه نووسیویه‌تی. هه‌ندێك له به‌رهه‌مه‌كانی: -1العگش- رۆمان- 1957. -2القلقون- رۆمان- .1958 -3اگفال العالم الجدید- رۆمان- 1962. -4القبرات الساژجات- رۆمان- 1967. -5قصائی للجزائر السعیدە- شیعر- 1969. -6نسا‌و الجزائر فی شققهن- چیرۆك- 1980. -7الحب والفانتازیا- رۆمان- 1987. -8الڤل السلگان- رۆمان- 1987. -9بعیدا عن المدینە المنورە- رۆمان-1991. -10 واسع هو السجن- رۆمان-1995. -11 ابیچ الجزائر- چیرۆك- 1996. -12الاصوات التی تحاصرنی: علی هامش فرانكفونیتی- لێكۆڵینه‌وه-1999. -13مرأە بدون قبر- رۆمان- 2002. -14اندپار اللغە الفرنسیە- رۆمان- 2003. -15لا مكان لی فی بیت ابی- رۆمان- 2007. دوو فیلمیشی هه‌یه به ناوی: -1 نوبە نسا‌و جبل شنوە- 1978 -2 الولیمە أو اناشید النسیان- 1982 له ساڵی 2005 كراوه به ئه‌ندامی ئه‌كادیمیای زمانی فه‌ره‌نسی و بۆ چه‌ند ساڵێكیش پاڵێوراوی خه‌ڵاتی نۆبڵ بووه. له 6/2/2015 له پاریس كۆچی دوایی كردووه. *له ئه‌كاونتی نووسه‌ره‌وه.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure