19/8/2019 05:05 PM

سینەما، وەك ئامڕازێكی هێزی نەرمی ئەمریكا

 

هێژا دڵشاد

سینەما، بۆتە یەك كەرەستە گرنگەكانی جیهانی ئەمڕۆ، ئەم سێكتەرە رۆژ بە رۆژ لە فراوانبوندایە، هەمیشە لە نوێبونەوەدایە و بە چەند زمان و كەلتور و جیهانی جیاوازەوە خۆی فۆرمولە دەكاتەوە. ناتوانین بەبێ‌ سینەمای ئەمریكی باس لە سینەما بكەین. سینەمای ئەمریكی پانتاییەكی زۆری لەسەر ئاستی جیهان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا فیلم بۆتە شتێكی گرنگ لە كەلتوری تاكی ئەمریكیدا.
ئەمریكا دەستی گرتووە بەسەر %75 ی فیلمە نمایشكراوەكانی جیهان. گەورەترین قازانج بەدەستدەهێنێت لە بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی لەسەرئاستی جیهان بە رێژەی %80. بۆ راكێشان بەلای فیلم و درامای ئەمریكی كە ناوەڕۆكەكانی واقیعی ژیانی ئەمریكییە، ئەمەش هێمایەكە بۆ هەژمون و زاڵبونی بەها و كەلتورەكەی لە تێكراِی ناوچەكانی جیهان.
لەم بارەیەوە جۆزیف نای، بیرمەندی ئەمریكی و مامۆستای زانستە سیاسیەكان كە یەكەم كەس بووە بیرۆكەی "هێزی نەرم" ی داڕشتووە، دەربارەی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی فیلم لە هۆڵیود دەڵێت " سەرەڕای كەموكورتییەكان، سینەمای هۆڵیود زیاتر لە زانكۆی هارفۆرد بازاڕ گەرمی بۆ سیمبولە بینراوەكانی هێزی نەرمی ئەمریكی دەكات".
كەواتە سینەما رۆڵێكی گەورەی لە ژیانی تاكی ئەمریكی بگرە تا رادەیەكیش لە لە ژیانی هەموو جیهاندا، سینەما توانی ئەقڵ و كولتوری ئەمریكی بۆ بچوكترین شار لە جیهاندا هەناردە بكات.
هۆڵیود كە ناوچەیەكی سەربە لۆس ئەنجلۆسە لە هەرێمی كالیفۆڕنیا، بە سیمبولی سینەمای جیهان و بە چەقی بەهەرهەمهینانی فیلمی ئەمریكی دادەنرێت. بەواتایەكیتر دڵی سینەمای ئەمریكایە. هۆڵیود كارگەی بەرهەمهێنانی هەزاران فیلمی سینەماییە كە لە رووی دارایی و كەلتورییەوە خۆیان بەسەر جیهاندا سەپاندووە. ئەم سەرسامییەش لە رێگەی پێشكەشكردنی نمونەیەكی سەرنجڕاكێشی بەها ئەمریكییەكان خۆی دەبینێتەوە.
دەشێ‌ هۆڵیود رۆڵ بۆ پاساو یان كۆكردنەوەی سۆز بۆسیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بگێڕێت. هەركەسێك تەماشای ناوەڕۆكی فیلمە ئەمریكییەكانی كردبێت، دەبینێت كە توندوتیژی زاڵە  بەسەریدا، توندوتیژی لە سینەمای ئەمریكیدا بابەتێكی بێ‌ مەبەست نییە، تەنها بۆ مەبەستی قازانج و دەستكەوت نییە، ئەمریكا پێش ئەوەی بە فڕۆكە و كەشتی و بارهەڵگر و ئابورییەكەی پەلاماری جیهانی دبێت، ئەوا سینەماكەی رۆڵی یەكەمی دیوە بۆ ئاسانكردن و ئامادەكاری هێرشەكانی، لەڕێگەی نمایش كردن و فۆڕم و رەنگ و چەمكە جۆراوجۆرەكانی كە خۆی لە چەند وێنەیەكدا بەرجەستە دەكات. پاڵەوانەكانی ئەمریكا، مرۆڤ دۆستی، دەرخستنی باڵادەستی هێزی سەربازی و سەربازی ئەمریكی و تەكنەلۆژیا و هتد...
باشترین ئاكتەركەكانی جیهان كە زۆربەیان ئەمریكین یاخوود ئەوانەشی لە غەیری ئەمریكین بە شێوەیەكی سەرەكی لە بەرهەمە ئەمریكییەكاندا كاردەكەن. كۆمپانیا ئەمریكییەكان بۆ فلیمسازی بە ئاسانی دەستیان دەگات بەم ئاكتەر و دەرهێنەر و نوسەرانی بەهرەمەندی بواری سینەما.
زۆرجار تێچووی یەك فیلمی هۆڵیود زیاترە لە خەرجی لەوەی كە زۆربەی وڵاتان ساڵانە بۆ بەرهەمێنانی چەندین فیلم خەرجی دەكەن.
زمانی ئینگلیزی بەواتاكەیتر ئاكسەنتی ئەمریكی باڵادەست و وەك مۆدێلێكی ئاسایی ژیانی رۆژانەی مرۆڤەكان لە ئەمریكا نیشاندەدرێت بەتایبەتی ئاكسەنتی "سڵانگ" واتە "زمانی شەقام" زمانی رۆتینی و نا فەرمی و دوور لەهەر فۆڕمێك و ئەتەكێتێك.  
سینەمای ئەمریكی سێكتەرێكی گەورەیە، كە هەمیشە لە نوێبونەوەو گۆڕانكاری گەورە لە بواری تەكنەلۆژی و سینەماییدایە، ئەم سێكتەرە خاوەن چەندین كارەكتەری دروستكراوی خەیاڵی ئێمەی بینەرە، هەر جارەو بە فۆڕم و ڤێرژنێكی جیاوازەوە كارەكتەری نوێ‌ دروستدەكات.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved