21/8/2019 09:17 AM

بڕێكى زۆر خۆراكی خراپبوو له‌ناوده‌برێت

سلێمانی.. بڕێك خۆراكی خراپبوو له‌ناوده‌برێت

به‌هۆی ژه‌نگكردنی ده‌فره‌كه‌یه‌وه‌، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر خه‌یارشۆرو بیبه‌ری له‌قتونراوی هاورده‌كراودا ده‌گرن و پشكنینه‌كانیش ده‌ریخستووه‌ شیاوی خواردن و به‌كارهێنان نییه‌ بۆیه‌ له‌ناوده‌برێن.

عیسمه‌ت محه‌مه‌د سه‌رۆكی لیژنه‌ی كۆگاكانی سه‌ر به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند؛ رۆژانه‌ سه‌ردانی كۆگاكانی عه‌مباركردنی ئه‌و كاڵاو شمه‌كانه‌ ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن دوكاندارو بازرگانه‌كانه‌وه‌ به‌ هاووڵاتیان ده‌فرۆشرێن، تا له‌ماوه‌ی به‌سه‌رچوون و گونجاویان بۆ خواردن و به‌كارهێنان دڵنیابنه‌وهو رێگه‌نه‌ده‌ن‌ شتومه‌كی خراپ به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا ساغبكرێته‌وه‌.

وتی: له‌ ئه‌نجامی به‌دواداچوونه‌كان ده‌ركه‌وتووه‌، له‌ كۆگایه‌كی ناوچه‌ی تانجه‌رۆی شاری سلێمانی بڕی (450) كیلۆگرام خه‌یارشۆرو بیبه‌ری له‌قتونراوی هاورده‌كراو ده‌فره‌كه‌ی ژه‌نگی كردووه‌، بۆیه‌ به‌گومانی نه‌شیاوی بۆ خواردن له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا‌.

وتیشی؛ خه‌یارشۆرو بیبه‌ره‌ له‌قتونراوه‌كه‌ له‌ جۆری (نورس)ه‌ و له‌ وڵاتی ئێرانه‌وه‌ هاورده‌كراوه‌، نمو‌نه‌ی ره‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی كراوه‌ بۆ پشكنین، وه‌ڵامه‌كه‌شی به‌ (نه‌شیاو‌ بۆ خواردن و به‌كارهێنان) دراوه‌ته‌وه‌.

هه‌‌روه‌ك وتیشی؛ رێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان جه‌خت له‌ زیانه‌كانی ژه‌نگ بۆ له‌ش و ته‌ندروستی مرۆڤ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی نیشتنی ژه‌نگ له‌ له‌شی مرۆڤدا، سیستمی به‌رگری له‌ش لاوازده‌كات، به‌مه‌ش مرۆڤ توانای به‌رگه‌گرتنی سوكترین نه‌خۆشی له‌ده‌ستده‌دات.

سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد؛ به‌ فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنی سه‌ر به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانیه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ی ده‌ره‌وه‌ی نیشته‌جێبوونی هاووڵاتیان له‌ناوده‌برێن و شوێنه‌كه‌و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌رووی رێكاری یاسایی ده‌كرێنه‌وه‌.

خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved