21/8/2019 09:38 AM

سێنتەرەكانی زمان پێشدەخرێن

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دووپاتیكردەوە سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكان رۆڵێكی گرنگ لە پێشخستنی ئاستی زمان و رەهەندی نێودەوڵەتی زانكۆكان دەبینن، بۆیە هاوكاری سێنتەرەكانی زمان دەبین بۆ ڕێكخستنەوەو پێشخستنیان.

ئەم جەختكردنەوەی د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەمیانی كۆبونەوەیەكدا هات لەگەڵ بەڕێوەبەری سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكانی (سەڵاحەدین – سلێمانی – دهۆك – ڕاپەڕین – سۆران – گەرمیان).

لەو كۆبونەوەیەدا كە هەریەك لە بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت ئامادەیبوون، هەریەك لە بەڕێوەبەری سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكان كورتەیەكیان لەبارەی كارو خولەكانی سێنتەرەكان پێشكەشكردو تێبینی و پێشنیازەكانیان خستەڕوو.

لە بەرامبەردا د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی باسی لە پلان و بەرنامەی وەزارەت بۆ پەرەپێدان و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و ئەكادیمی مامۆستاو خوێندكارو دامەزراوە زانستیيەكانی هەرێمی كوردستان كرد. بۆ ئەمەش ئاماژەی بە گرنگی رۆڵی هەریەك لە سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكان كردو هەوڵ و ماندوبوونەكانی بۆ پێشخستنی ئاستی زمان بەرز نرخاندن.

بۆ ئەمەش وەزیری خوێندنی باڵا دووپاتیكردەوە هاوكارتان دەبین بۆ ئەوەی سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكانی كوردستان بایەخی زیاتریان پێبدرێت و بە پلان كار بۆ ڕێكخستنەوەیان بكەین، چونكە پێشخستنی زانست بەشێكی گرنگە لە گەشەپێدانی كۆمەڵگە، هاوتەریب لەگەڵیدا زمانیش ڕۆڵێكی بەرچاوی هەیە، هەربۆیە بایەخدان بە سێنتەرەكانی زمان كاری لەپێشینەمان دەبێت و ئامانجمانە سێنتەرەكان گرنگی زیاتریان پێبدەین، بۆ ئەمەش داوای لێكردن پرۆژەیان بۆ پێشخستنی سێنتەرەكان بخەنەڕوو.

لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا بیروڕاو پێشنیاز ئاڵوگۆڕكرا لەبارەی دانانی پلانی داهاتووی سێنتەرەكان و داڕشتنەوەی شێوازی كاركردنی سێنتەرەكان.

خاك - وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved