21/8/2019 11:59 PM

لەبارەی كاندیدانی ماستەرو دكتۆرا بڕیار دەدرێت

لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كە بە ئامادەبوونی سەرجەم سەرۆك خوێندنی باڵا لەبارەی كاندیدانی ماستەرو دكتۆرا بەڕێوەچوو، چەند بڕیارێكی گرنگ و تایبەت بە كاندیدانی ماستەرو دكتۆراو خوازیارانی نازناوی زانستی دەرچوو و گفتوگۆش لەبارەی خوێندنی ماستەرو دكتۆرا كرا، لەكۆی بڕیارەكانیشدا جەخت لە كواڵێتی خوێندن و پێشخستنی ئاستی زانستی زانكۆكان كرایەوە.

ئەنجومەنی وەزارەت كۆبونەوەی ژمارە (٤)ی ساڵی 2019ی بە سەرپەرشتی د.ئارام محەمەد قادر سەرۆكی ئەنجومەنی وەزارەت و ئامادەبوونی سەرجەم سەرۆك زانكۆكان ئەنجامدا.

لە سەرەتای كۆبونەوەكەدا، بە مەبەستی خستنەڕووی دواین قۆناغەكانی ئامادەكردنی كارنامەی چوار ساڵی كاركردنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، د.ئارام محەمەد قادر سەرۆكی ئەنجومەنی وەزارەت بۆ سەرۆك زانكۆكان دووپاتیكردەوە ئەو پڕۆژانەی گرنگ و پێویست و ستراتیژین بۆ زانكۆكانتان بیكەن بە ئەولەویات، بۆ ئەمەش وتی: پەرەپێدان و بەرزكردنەوەی ئاستی زانكۆكان لەڕووی كواڵێتی و فەراهەمكردنی ڕەهەندی نێودەوڵەتی و رەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ خوێندن و گەشەكردنی توێژینەوەی زانستی و گرنگیدان بە زانكۆو پەیمانگەكان و پێداچوونەوە بە كواڵێتی زانستیان و ریفۆرمی كارگێڕی و دارایی بكەن بە خاڵی سەرەكی بەرنامەی كار.

هەر لەو چواچێوەیەدا، د.ئەحمەد دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین و سەرۆكی لیژنەی ئامادەكردنی كارنامەی وەزارەت، لە وتەیەكدا ئاماژەی بە كۆبونەوەی لیژنەكەیان لەگەڵ سەرۆك و نوێنەری زانكۆكان و شارەزایان و ئەكادیمیستان و مامۆستایانی زانكۆ كرد، كە بە مەبەستی ئامادەكردن و دەوڵەمەندكردنی كارنامەی چوار ساڵی كاركردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەماوەی رابردوو هەوڵی زۆریان داوە. بۆ ئەمەش بڕیاردرا ئەو فۆڕمانەی لەلایەن فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ئامادەكراوەو بۆ زانكۆكان نێردراوە، پێویستە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بۆ لیژنە بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەوەی پوختبكرێتەوە بۆ پێشكەشكردن.

بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزارەت:
لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت چەند راسپاردەیەكی تر گفتوگۆیان لەبارەوە كراو بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا لەوانە:
1-كاندیدانی ماستەرو دكتۆرا، كە تائێستا ماونەتەوەو مەرجی توانستی زمانیان بەدەستنەهێناوە، رێگەیان پێدەدرێت دەستبكەن بە كۆرسی ئەكادیمی، لەهەمانكاتدا بەردەوامبن لە كۆرسەكانی زمان لە سەرجەم سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكانی هەرێم بەهەمان ستانداردەكانی پێشوو، كە لە ڕێنماییەكاندا هاتووە، بە مەرجێك تاقیكردنەوەی كۆتایی بە شێوەیەكی مەركەزی و بەسەرپەرشتی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئەنجامدەدرێت و دواتر ڕێنمایی نوێی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە بۆ ساڵی ئەكادیمی (٢٠١٩-٢٠٢٠) دەردەچێت.

2- سەبارەت بەو كاندیدانەی كە ئێستا بەردەوامن و بەشداردەبن لە تاقیكردنەوەی ئیمیدیست، لەدوای رێكەوتی (٢٥/٨/٢٠١٩) پاڵپشت بە ئەنجامی تاقیكردنەوەكان دەگەڕێنەوە سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكانی هەرێم.

3-سەبارەت بە داواكارانی نازناوی زانستی، سێنتەرەكانی زمان راسپێردران بۆ ئامادەكردنی پێشنیازو چارەسەری تایبەت بە پرسی زمانی ئینگلیزی بەهۆی ئەوەی داواكارانی نازناوی زانستی كەیسی جیایان تێدایە كە پێویستیان بە دیراسەیە.

4- لە داهاتوودا ستراتیژیەتی وەزارەت ئەوەیە، سێنتەرەكانی زمان رادەسپێردرێن رێنمایی تایبەت بە زمانی ئینگلیزی دابڕێژن بۆ ئەوەی لەمەودوا رەچاوبكرێت، كە ئەمەش دەبێتە هۆكارێك بۆ پێشخستن و ئەكتیڤكردنی سەرجەم سێنتەرەكانی زمان.

5- لەم خاڵانەی سەرەوەدا ڕەچاوی ئەوە دەكرێت، كە ئەم پرۆسانە گەرەنتی دەبن بۆ پاراستنی كواڵێتی زمانی ئینگلیزی.

6- سەبارەت بە داواكاری خوێندكاران/قوتابیانی دكتۆرا، ئەوانەی كە سەرجەم مەرجەكانی بەدەستهێنانی بڕوانامەیان تێدایە، تەنها مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزییان نیە، دەتوانێت گفتوگۆی تێزی دكتۆراكەی بكات، بەڵام بڕوانامەی پێنابەخشرێت، تاكو بەدەستهێنانی مەرجی زمان.

7-لەبارەی خوێندنی ماستەرو دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان: ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا لە كۆبونەوەی لێژنەی باڵای خوێندنی باڵا، كە لێژنەكە لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سەرۆكایەتی دەكرێت و هەریەك لە یاریدەدەری سەرۆك زانكۆكان بۆ كاروباری زانستی تیایدا ئەندامن، دیراسەی ئامادەكردنی ڕێنماییەكانی خوێندنی باڵا دەكرێت، دواتر ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزارەت دەكرێت بۆ پەسەندكردن.

8- سەبارەت بە پلانی وەرگرتنی خوێندكاران/قوتابیانی قۆناغی 12ی ئامادەیی لە زانكۆو پەیمانگەكان، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا پێداچوونەوە بە پلانەكان بكرێت و هەفتەی داهاتوو بگەڕێنرێتەوە بۆ وەزارەت تاكو پەسەند بكرێت.

9-  بۆ پێدانی نازناوی زانستی بۆ ئەوانەی كۆنمرەی بەكالۆریۆسیان لە %60 كەمترە، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەرو بەدەستهێنانی سەرجەم مەرجەكانی نازناوی زانستی و بڵاوكردنەوەی دوو توێژینەوە، نازناویان پێدەدرێت بە مەرجێك پێنج ساڵ خزمەت بكەن لە زانكۆكانی دەرەوەی شارە گەورەكان، جگە لە زانكۆكانی (سەڵاحەدین – سلێمانی - دهۆك). دواتریش بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن وەزارەتەوە گشتاندنێك ئاراستەی زانكۆكان دەكرێت.

10-  لەسەر داوای خۆیان و لە چوارچێوەی یاساو ڕێنماییەكان، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا بە ناساندنی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی وەك زانكۆیەكی قازانج نەویست.

لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، هەریەك لە سەرۆك زانكۆكان راو پێشنیازی خۆیان لەبارەی خاڵەكانی تری كۆبونەوەكە خستەڕوو كە پەیوەستبوون بە پرس و بابەتەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی.

خاك - راگەیاندنی خوێندنی باڵا 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved