فاروق هۆمه‌ر ئێمه رۆژگارێكه سه‌رقاڵین به كلتووری خوێندنه‌وه‌وه، هه‌زاران كه‌س و كتیبخانه و كۆڕ و كتێب و میدیامان پێوه سه‌رقاڵ كردووه و پێمان وایه ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه بكه‌ین به كلتوور ئه‌وا له‌به‌رده‌م جیهاندا گرفته‌كانمان چاره‌سه‌ر بووه. لێره‌دا ده‌شێ بپرسین ئایا خوێندنه‌وه چییه؟ به خوێندنه‌وه ده‌توانین چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی خۆمان و ئه‌و زه‌مینه‌یه بكه‌ین كه لێی ده‌ژین؟ به‌درێژایی دونیای رۆشنبیری كورد، له‌م ده‌یه‌یه‌ی رابردووماندا رۆژگارێكی پڕ له كتێب ده‌گوزه‌رێنین كه به‌درێژایی مێژوو به خۆمانه‌وه نه‌دیوه. له پاڵ ئه‌و هه‌موو كتێبه‌شه‌وه، دژوارترین چركه‌ساتی پڕ له نه‌هامه‌تی خۆشمان ده‌گوزه‌رێنین كه نه‌خوێندنه‌وه‌یه. ره‌نگه ئه‌و گوزارشته قبووڵكراو نه‌بێ، چونكه هێنده‌ی ژماره‌ی كتێب ژماره‌ی خوێنه‌ریش زیادی كردووه. ئه‌ی باپرسین ئێمه ده‌خوێنینه‌وه، به خوێندنه‌وه‌ش كۆڵه‌وارتر و وێرانه‌تر ده‌بین، ئه‌ی باشه چی دیمان پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه هه‌ڵمژین و وه‌ك چۆن خۆراكێك یان كوته حه‌بێك بۆ ده‌ردێكمان ده‌خۆین كه‌ڵكی لێوه‌ربگرین و چاره‌سه‌ری لێ په‌یدا بكه‌ین. ئایا ته‌نیا خودی خوێندنه‌وه بۆ خۆی ته‌نیایه و ته‌نیا وه‌ستاوه، یاوه‌خود له پاڵی خوێندنه‌وه‌وه شتێكی دی هه‌یه كه هاوكاره و ئێمه دركمان پێنه‌كردووه؟ ئایا خوێندنه‌وه بێ ئه‌و شته به خوێندنه‌وه داده‌نرێ یان هه‌ر وه‌ك نه‌خوێندنه‌وه ده‌بینرێ؟ لێره‌دا ئێمه له‌به‌رده‌می په‌یامی خوێندنه‌وه‌دا وه‌ستاوین، ئه‌و كه‌ڵك و سوودانه‌ی كه خوێندنه‌وه له هوشیاری ئێمه‌دا جێكه‌وته‌ی ده‌كات و ده‌پرسین بۆ ده‌خوێنینه‌وه؟ بۆ ئه‌وه‌ی هوشیار بین. بۆ هوشیار بین؟ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك مرۆڤ بژین. واته خوێندنه‌وه پرۆسه‌یێكه مرۆڤێك له دۆخێكه‌وه بۆ دۆخێكی دی ده‌گوازێته‌وه. له تاریكییه‌وه به‌ره‌و ڕۆشنایی. ئه‌ی من ده‌خوێنمه‌وه و هێشتاش هه‌ر ده‌رده‌دارم. لێره‌دا تێگه‌یشتن كه به‌شێكه له خوێندنه‌وه ئاماده نییه. ئه‌ی تێگه‌یشتن چۆن ئاماده ده‌بێ. كاتێك من ئاماده بم بۆ وه‌رگرتن. وه‌رگرتن هه‌م زانسته و هه‌م هونه‌ر. كاتێك تۆ كتێبێك به‌ده‌سته‌وه ده‌گریت، ئه‌گه‌ر خۆت بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و كتێبه ئاماده نه‌كردبێ تێگه‌یشتن روونادات. ئه‌ی چۆن خۆم ئاماده‌بكه‌م. من لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م كه‌مێك له‌سه‌ر ئه‌و هونه‌ره بدوێم و ڕۆشنایی بخه‌مه سه‌ر. مرۆڤ كاتێك ده‌یه‌وێ به‌ره‌و هوشیاری بڕوات، ده‌بێ خۆی بۆ ئاماده بكات. بتوانێ گیان و هۆش و جه‌سته‌شی خاڵی بكاته‌وه. مرۆڤێك بۆ ئه‌وه‌ی نوێژ بۆ خوداكه‌ی بكات ده‌بێ جارێ بڕواته ئاوده‌ست و میزه‌ڵان و ریخۆڵه‌كانی خۆی به‌تاڵ بكاته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی نوێژ بكه‌ی سه‌ره‌تا ده‌بێ گوو بكه‌یت. دواتر ده‌ستنوێژ بگریت و جه‌سته‌ت خاوێن بكه‌یته‌وه. هه‌ر به‌وه‌نده ناگه‌یته لای چركه‌ساتی له‌گه‌ڵ خودابوون، به‌ڵكو ده‌بێ مێشك و ئه‌ندێشه‌شتی بۆ خاوێن بكه‌یته‌وه، ئه‌وجا به‌سروشتی بۆ نوێژكردنه‌كه‌ت ئاماده‌بوویت و دوای ته‌واو بوون هه‌ست به ئارامی ده‌كه‌یت. ده‌بێ پێشان ناخت پاك بكه‌یته‌وه به هه‌مان شێوه‌ش، كاتێك كتێبێك ده‌گری به ده‌سته‌وه، ده‌ڕۆیته شانۆ، گوێ له گۆرانییه‌ك ده‌گری ده‌بێ سه‌ره‌تا ریخۆڵه و میزه‌ڵانت خاوێن بكه‌یته‌وه، ئه‌وجا جه‌سته‌ت بشۆیت و گیانت خاوێن بكه‌یته‌وه. دواتر مێشك و ئه‌ندێشه‌ت خاڵی بكه‌یته‌وه له‌هه‌ر ته‌پوتۆز و پیسیه‌كی ئایین و ئایدۆلۆژیا و حیزب و له‌هه‌موو ئه‌و توڕه‌هاتانه‌ی خێزان و كۆمه‌ڵگا و سه‌رشه‌قام تێ‌یان فڕێداوی. كاتێك تۆ ده‌توانی په‌یام و كۆت و نهێنییه‌كانی تێكستێك وه‌ربگری و لێی تیبگه‌یت كه تۆ كۆیله نه‌بی، هیچ كه‌س و شتێك لات پیرۆز و له‌سه‌ری مرۆڤه‌وه رانه‌گرتبێ. ئه‌و كه‌سانه‌ی له خوێندنه‌وه ده‌چنه پێشێ و كتێب و تێگه‌یشتن شتێكیان تیا ده‌گۆڕێت هه‌موو ئه‌و پرۆسانه‌یان هه‌نگاو هه‌نگاو جێبه‌جێ كردووه. ده‌نا هه‌تا مردن كتێب بخوێنیته‌وه، موویێك له تۆ ناگۆڕێت ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تا گوو نه‌كه‌یت و دواتر بۆ تێگه‌یشتن له جیهان گووی كۆمه‌ڵگا له‌ناو ڕۆحتا خاوێن نه‌كه‌یته‌وه. تۆ هه‌ركه‌سێكیت، شانۆكار، نووسه‌ر، قوتابی و مامۆستای زانكۆ، سیاسی، ده‌بێ مێشك و گیانت ئاوده‌ست نه‌بێ و رۆژانه كه پڕ ده‌بی له هه‌مان كات دا خۆت خاڵی بكه‌یته‌وه ئه‌وجا ده‌توانی وه‌ك مرۆڤێكی هوشیارت لێ بێ. خه‌ڵكانی ئێمه له كوردستان به‌شێوه‌یێكی گشتی پڕ ده‌بن و پڕ ده‌بن و هیچ كه‌شێكی خاڵی بوونه‌وه‌یان له‌به‌رده‌مدا نییه و تا ئه‌و كاته‌ی وه‌ك میزه‌ڵانێك ده‌ته‌قن خاڵی نابنه‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌شه وای كردووه مامۆستای زانكۆ و عه‌ره‌بانچییه‌ك هاوتا بن. ئه‌ندام په‌رله‌مانێك و شووتیفرۆشێك وه‌ك یه‌ك قسه بكه‌ن. شانۆكارێك و كه‌سێكی سه‌ر جاده وه‌ك یه‌ك بیر بكه‌نه‌وه. تۆ كاتێك ناتوانی خۆت له هه‌موو ئه‌و شتانه خاڵی بكه‌یته‌وه كه باسكران، تۆ مرۆڤێكی ده‌رده‌داری، ئاوده‌ستێكیت و بۆگه‌نت كردووه. كاتێكیش بۆگه‌ن ده‌كه‌یت درێژه به ده‌رده‌داری خۆت ده‌ده‌یت و هه‌م خوێندنه‌وه به‌فریات ناكه‌وێ و هه‌م كاتێكیش ده‌خوێنیته‌وه ئه‌و ئاوده‌سته‌ی مێشك و ناخ و جه‌سته‌ت به‌سه‌ر ئه‌و تێكسته داماوه‌دا ده‌سه‌پێنی كه له‌به‌ر ده‌متا كه‌وتووه. مرۆڤی گواوی بیركردنه‌وه‌ی گواوی به‌رهه‌م ده‌هێنێ.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure