26/8/2019 12:38 AM

تاقیكردنەوەی كۆتایی توانستی زمانی ئینگلیزی ئەنجامدەدرێت

بە سەرپەرشتی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە سێنتەرەكانی زمانی زانكۆكان، (١٥٤٠) كاندیدی ماستەرو دكتۆراو خوازیاری نازناوی زانستی تاقیكردنەوەی ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی ئەنجامدەدەن.

د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بە یاوەری د.ئەحمەد دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەددین/ هەولێرو د.ئامانج سەعید ڕاوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و د.نەژدەت ئاكرێی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوەو پەرەپێدان، هۆڵی تاقیكردنەوەی كۆتایی توانستی زمانی ئینگلیزی لە سێنەری زمانی زانكۆی سەڵاحەددین/هەولێری بەسەركردەوە.

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە بەسەركردنەوەی هۆڵی تاقیكردنەوەكان لەگەڵ مامۆستاو سەرپەرشتیارانی سێنتەر گفتوگۆی لەبارەی كەشی تاقیكردنەوەكان و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكان كرد، هەروەك داواشی لە بەڕێوەبەرو كارمەندانی سێنتەر كرد كەشێكی گونجاو و هێمن و لەبار بۆ هۆڵەكان بڕەخسێنن و سەرجەم پێداویستیيەكان دابینبكەن.

لەمیانی گفتوگۆیەكیشدا لەگەڵ بەشداربووانی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی توانستی زمانی ئینگلیزی، كە كاندیدی ماستەرو دكتۆراو خوازیارانی بەدەستهێنانی نازناوی زانستین لە زانكۆكانی كوردستان، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەنزیكەوە گوێی لە تێبینی و پێشنیازەكان گرت و بەڵێنیدا لەپێناو بەهێزكردن و پێشخستنی ئاستی زمانی ئینگلیزی و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ پەرەپێدانی خولەكانی سێنتەری زمان هاوكاری تەواویان بێت، لە كۆتایشدا هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن.

لە سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكانی (سەڵاحەددین/ هەولێر، سلێمانی، دهۆك، ڕاپەڕین، سۆران و گەرمیان) لەیەك كاتدا لەماوەی هەفتەیەكدا (١٥٤٠) كاندیدی ماستەرو دكتۆراو خوازیاری بەدەستهێنانی نازناوی زانستی لە ئاستەكانی (Advance , Upper-Intermediate, Intermediate, Pre-Intermediate, Elementary, Beginner) تاقیكردنەوە ئەنجامدەدەن.


خاك - راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved