26/8/2019 04:10 PM

کتێبی تروسکەکانی هزر وانەكانی ژیان و سەركردایەتی (سەلاری) پیاوەكەی پشت دوبەی



وەرگێڕانی: یونس قادر

به‌شی یه‌که‌م


شێخ محەمەد و دوبەی
دوبەی یەكێكە لەو حەوت شارەی كە ئیماراتی یەكگرتوی عەرەبی پێكدەهێنێت. سەرەتا لە سەدەی بیستەمەدا، دوبەی تەنها بەندەرێكی بچوك بووە، كە شوێنی بازرگان و، دەریاوان و، راوچی ماسی و مرواری بووە. دوبەی تا ساڵی 1950 كە شێخ راشید بن سەعید ئەل- مەختوم بووە بە فەرمانرەوا(حاكم) له‌ ئارادا نه‌بوو. ئیتر لەو كاتەوە دوبەی دەستی كردووە بە گەشتەكەی بۆ ئەوەی ببێت بە شارێكی گەورەی مۆدێرن (مێترۆپۆلی) لە جیهاندا.
شێخ محه‌مه‌د لە دوبەی لەدایك بووە و هەرلەوێش گەورە بووە، دواتر چووە بۆ ئینگلتەرا بۆ مەشقكردنی سەربازی لە خوێندنگەی ئەفسەری مۆنس جێگیر بووه‌. لە پۆستی فەرماندەی گشتی پۆلیسی دوبەی-دا خزمەتی كردووە، دواترا بووە بە وەزیری بەرگری ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی و، لە ساڵی 1995 كراوە بە شازادەی جێنشینی دوبەی و ، لە ساڵی 2005دا بووە بە حاكم (فەرمانرەوا) و لەهەمانكاتدا جێگری سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی دەوڵەتی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی بووه‌.
شێخ موحەمەد هێزی بزوێنەرە لە پشت گۆرینی دوبەییه‌وه‌ بۆ یەكێك لە گەورەترین شارەكانی جیهانی سەردەم. ناوەندێك بۆ بازرگانی و گەشتیاری و، دەروازەی خۆرهەڵاتی ناوەراست بۆ جیهان. هەرەوەها كاراكتەری سەرەكییە لە دامەزراندی دەوڵەتی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی وەكو چیرۆكێكی سەركەوتووی پەرەپێدانی مرۆیی ئاشتیخوازانە، مۆدێلێكی لێبوردەیی و میانڕەویی بۆ ناوچەیەكی پڕكێشە و پشێوییه‌.
هەوڵی شێخ موحەمەد چەند یەكەمێكی بێشوماری بۆ دوبەی و ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی بەرهەمهێناوە، بۆ نمونە، ئەمانە تەنها ناوی هەندێكیانن، هێلێ ئاسمانی ئیمارات: یەكێكە لە خێراترین كۆمپانیاكانی هێڵی ئاسمانی لە جیهاندا، سەنتراڵی جیهانی دوبەی: گەورەترین فرۆكەخانەیە لە جیهاندا و، بورجی خەلیفە: بەرزترین تاوەرە لە جیهاندا.
كارەكانی لە پشت په‌رده‌وه‌یه‌ و كەمتر دەبینرێت، بەڵام لە بایەخ و گرنگیەكه‌ی كەم نەكردۆتەوە. شێخ موحەمەد پشتیوان و پێشەنگی حكومرانی كراوە و شەفافە، پشتیوان و پێشەنگی حوكمرانیە لەسەر شیوەی بزنس، پشتیوان و پێشەنگی حوكمرانیەكە كە خزمەتكردن پێشرەو بێت. بەهۆی ریفۆرم و چاكسازییەكانیەوە، دەوڵەتی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی پلەی یەكەمی جیهانی بەدەستهێناوە لە كارامەیی حوكمرانیدا (فەرمانرەوایی)دا.
لە ژیانی تایبەتی خۆیدا، شێخ موحەمەد، پاڵەوانی جیهانە لە خۆراگری ئەسپسواریدا. بەهۆی عەشقێكی زۆری بۆ پێشبركێی ئەسپ، گۆرەپانی پێشبركێی ئەسپی «گۆدۆلفین» و، پێشبركێی دەوڵەمەنترینەكانی جیهان و، جامی جیهانی دوبەی-ی دروستكردووە. هەروەها شاعیرێكی بەناوبانگە و بەشێكی زۆر لە شیعرەكانی بڵاوكراوەنەتەوە.
بەهیمەت و بەرزخوازو و پێداگر و كێبركێكارە، شێخ موحەمەد سەركردەیەكی نیشتمانیە و، سەربازە و، شاعیرە و، ئەسپسواریشە، ئەم تێكەڵبوونە سەیرە لە سیفات و تایبەتمەندی، پیاوێكی گەورەی خولقاندووە. هەست و ویستی بۆ بردنەوە ئەفسانەییە. بیرۆكەكانی لەم كتێبەدا لەسەر چۆنیەتی تیم دروستكرن و، سەركەوتن لە بازرگانی و بزنس-دا و، دەسكەوتنی زۆرترین لە ژیان، لە پیاوێكەوەیە كە خۆی باشترین و شارازاترینە لە ئەنجامدانی ئەم كارانەدا.

(1)
«سادەیی»
كلیلی كامەرانی بریتیە لەبەسەربردنی ژیانێكی سادە
باری سەرشانتان بە ئالۆزیەكەوە قورس مه‌که‌ن كە پێویست نییە.
رەنگە جێگەی سەرسورمان بێت بۆ هەندێ كەس، كە من هەوڵدەدەم ژیانێكی سادە بەسەربەرم. لە رۆژە ئۆفەكانمدا، هەمیشە بە نوێژی بەرەبەیان دەستپێدەكەم، ئەمەش عادەتێكە زۆر پێشنیاری دەكەم بۆتان. هەڵسان لەخەو لە بەرەبەیاندا قورس نیە، چونكە هەركە پێی راهاتی، وەكو ئەلەرمی سەعاتی لێ دێت لە ناخدا و هەموو رۆژێك خەبەرتدەكاتەوە. دوای نوێژكردن، لەگەڵ خانەوادەكەمدا نانی بەیانی دەخۆم و ئینجا هەندێ لەو خولیا-یانە جێبەجێدەكەم كە حەزم لێیەتی. ماتۆرسكیل لێدەخورم یان ئەسپسواری دەكەم لە بیایاباندا. تەماشاكردنی ئاسك و كەروشكی كێوی ئارامیی و ئاسوودەیی دەبەخشێت بە دەروونم.
بانگێشتی هاورێكانم دەكەم لە ماڵەوەیان و دەڕۆینە دەرەوە بۆ نانخواردنی نێوەرۆ لە چێشتخانەیەكی نزیك یان بۆ پیاسەیەكی سەر كەناری دەریا. هەندێجار دەچین بۆ سەردانی خەڵك یان پێكەوە بۆ گەشتی راوكردن. رۆژی من سادەیە وەكو چۆن ژیانم سادەیە، بەڵام پێی دڵخۆش و كامەرانم.
ژیان سادە خولقێنراوە و بۆیە گرنگە بەو شێوەیەش بژیت. «سادەیی» زگماك-ی و سروشتیە، بۆیە دەبێتە هۆی ئاسودەیی دەروون و هێوربونەوە. من قەد حەزناكەم شتەكان زۆرئاڵوز بكەم و ئەوانەی نزیكن لێمەوە ئەمە باش ئەزانن.
سەرەڕای ئەو هەموو پێشكەوتن و نوێگەرییە زۆرەی كە لەشارۆچكە و شارەكانمان دەبینرێ، كەچی ئێمەی ئیماراتی هێشتا هەر حەزمان لە دەریا و بیابانە.
جوانی ژیان هەستی پێ دەكرێت: لەو گردۆڵكە لمانەی كە خۆری گەرم ئەبریسكێتەوە بەسەریانەوە، لە ئاسمانێكدا كە مانگ رووناكی كردۆتەوە- لە بارانی بە لێزمەدا، لەو دەشت و دۆڵانەی كە گیای زۆری تیا سەوز بووە، لە كۆبونەوە خۆشەكان لەگەڵ هاورێیان و خۆشەویستان. من زۆر چێژ لە جوانی دیمەنی غارغارێنی ئەسپەكان دەبینم.
ژیانێكی جوانە، بەڵام زۆر كەس بە قەلەقی و نیگەرانی و بە مۆنی و قورسی دەیبەنە سەر. زۆر بە ئاسانی ئەتوانی جوانی ژیان ببینی لە پێكەنینی منداڵێكدا، لە میهرەبانی و نەرمونیانی دایكێكدا، لە زەردەخەنەی هاورێیەكدا یان لە خۆشەویستی ژنێكی بەسۆز و هەستدا.
شێخ زایید، باوكی دامەزرێنەری وڵاتەكەمان، خودا رۆحی شاد بكات، خاكی-ترین سەركردە بوو لە نێو سەركردەكانی جیهاندا كە تا ئێستا بینیبێتم. هەروەها لە هەموان زیاتر زەردەخەنەی دەكرد و، رووخۆشبوو لەگەڵ هەموواندا. جوانی ژیانی خۆشدەویست، هەوڵی ئەدا جوانی ژیان لە شیعر و پەخشان و، لە وشكانی و دەریادا ببینێتەوە، سەرەرای ئەو هەموو جەنجاڵیەی خشتەی كارەكانی و لێپرسراوێتیە قورسانه‌ی‌ له‌سه‌ر شانی بوو.
ئامۆژگاری من بۆ هەموان ئەوەیە كە ژیانێكی سادە ببەنە سەر. چونكە «سادەیی» لە ناو دڵەوە سەرهەڵدەدات، دوور لە نەرێنیبوون و رەشبینی.

(2)
پێشبڕكێ بۆ ژمارە یەك
نیەتت هەبێ بۆ ئەوەی براوەبیت، ئەگەر نا، هەرگیز نایبەیتەوە.
«یەكەمبوون» تەنها ئامانجە كە شایەنی نەخشە بۆ دانان بێت!
كاتێك كە پرسیارم لێ دەكرێ لەبارەی سوربون و پێداگری بەردەوامم لەسەر «یەكەم» بوون، وێرای قورسیی بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە لە هەموو بوارەكاندا، وەڵامەكەم ئەوەیە كە، هیچ كەس براوەی دووەمی لە یاد نامێنێت، كێ لە یادی دێت دووەم كەس كێبوو كە بەسەر شاخی ئێڤرست دا سەركەوت؟ یان دووەم كەس كە رۆیشتە سەر مانگ؟ لە راستیدا، كێ بیری كەسێكی دەمێنێ كە بە پلەی دووەم هاتبێ؟ وەڵامەكە بریتیە لەوەی: هیچ كەس.
ئێمە لە ژمارە یەك كەمتر نین. هەر كەسێ خۆی قایل بكات بەوەی كەشایەنی پلەی یەكەم نییە، ئەوە هەر لە سەرەتاوە چارەنووسی خۆی دیاریكردووە بە شكست. من و خەڵكەكەم خولیای ئەوەین كە «ژمارە یەك» بین.
ئەمە تایبەتمەندی و سیفاتێكی نوێ نییە، بەڵكو لە باوكی دامەزرێنەرمانەوە بۆمان ماوەتەوە. شێخ زایید و شێخ راشید كە هەردووكیان حەزیان لەوەبوو كە «یەكەم» بن و، ئەیانویست خەكەڵكەكەشیان بەهەمان شێوە یەكەم بن. هەر لەسەرەتاوە خوازیاری ئەوەبوون كە ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی لە لوتكەدا ببینن. جێگرەوە و جێنشینەكەشیان، سەرۆكمان خوا بیپارێزێ، ئێستا بە شوێن پێی ئەواندا دەڕوات.
من تاقانە و تەنها نیم لەوەی كەئارەزووی «ژمارە یەك» بكەم . بۆ نمونە، ئەبوزەبی ئاواتی ئەوەی هەبوو كە ببێت بە پێشەنگی جیهان لە وزەی ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوەدا. وەبەرهێنان و نوێگەری كرد ، دواتر ئەوەبوو هەڵبژێرا بۆ ئەوەی كە میوانداری «ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی جێگرەوە» بكات و سەرچاوەی دروستكرد و، ئێستا شارێكە كە تەركیز دەكاتە سەر بەردەوامی پێدان. لە ئەنجامی ئەوەشدا ئەبوزەبی بوو بە موگناتیس و خاڵی راكێشانی كۆمپانیاكان و ناوەندەكانی لێكۆلێنەوە و، منارە و رێپیشاندەری نوێگەری لە بواری وزەی جێگرەوەدا.
هەرەوەها ئەبوزەبی ئارەزووی ئەوەی دەكرد كەببێت بە پایتەخی رۆشنبیری و كلتوریی لە جیهاندا، هەر لەبەرئەوە ژمارەیەك مۆزەخانەی دروستكرد، میوانداری كاروچالاكی و بۆنە كلتوری و رۆشنبیرییەكانی كرد، باوەشیكردەوە بۆ جوانترین كارە هونەریەكان لە جیهاندا. ئەمەش مۆدێل و شێوازی كاردنی ئەوانەیە كە ناخوازن لە «ژمارە یەك» كەمتر بن.
ئێمە بەدیلمان نییە بۆ پلەی یەكەم. وشەی «مەحاڵ» لە هیچ شوێنێك لە قاموسی ئیماراتی یەگرتووی عەرەبیدا بوونی نییە.
ئەمرۆ ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی هەژمار دەكرێت بە «پلەی یەكەم» لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا لە رووی ژێرخان، پەرەپێدانی مرۆیی، پەرەپێدانی تەكنەلۆژیا، ئابووریناسی، رەزامەندی و خۆشحاڵی هاوڵاتی، وزەی جێگرەوە، سەلامەتی، ئاسایش، بازرگانی، گەشتیاری و لە زۆر بواری تردا. ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵ و كۆشش بۆ بەدەستهێنانی باشترین و نایابترین لە جیهان لە هەموو بوارەكاندا. جا لەبەر ئەوە ئێمە نەتەوەیەكین هیچ شتێك قبوڵ ناكەین كەمتر بێت لە «پلەی یەكەم».
رێگەم بدەن بۆتان روونبكەمەوە بۆچی گرنگە هەمیشە ئامانجمان «ژمارە یەك» بێت. ئەگەر بتەوێت كیلۆمەترێك رابكەیت، بە دڵنیاییەوە له‌ کۆتاییدا هەست بە ماندووێتی دەكەیت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر لە مێشكی خۆتدا بریارت دابێت كە 10 كیلۆمەتر رابكەیت، ئەوا لە یەكەم كیلۆمەتر و دووەم و تەنانەت لە سێهەمیشدا هەست بە ماندوویەتی ناكەیت. بڕیار و وزەت هاوئاهەنگ وتەبا دەبێت لەگەڵ ئامانجەكەت. جا لەبەر ئەوە ئامانجی گەورە دیاری بكەن بۆخۆتان و، هیچ شتێك قبوڵ مەكەن كە كەمتر بێت لە «زۆر باشترین». باشترین رێك ئەوەیە كە بەدەستی دەهێنی ئەگەركەمترت قبوڵ نەكرد.
هەرگیز گومانت لە تواناكانت نەبێت و تواناكانت بەكەم مەگرە. مێشكت لامەبە لەسەر ئامانجەكەت. هەمیشە كاربكە بەرەو پلەی یەكەمی و بڕوات بە خودا هەبێت، لەبەر ئەوەی، ئەوە خودایە كە سەركەوتن دەبەخشێت.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved